راگەیاندنی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەمیانی سەردانەکەی بۆ عێراق ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کۆبووەتەوە و لە دیدارەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی سێ دۆسییەوە کردووە، کە دۆسییەکانی ئاو، راگیرانی ھەناردەی نەوتی کوردستان و چەکدارانی پەکەکە لە ھەرێم بوون.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ھاکان فیدان لەسەر دۆسییەی راگیرانی نەوتی کوردستان جەختیلەوەکردووەتەوە، کە وڵاتەکەی بە ھیچ شێوەیەک ئامادەنییە ئەو قەرەبووە بداتە عێراق کە دادگای پاریس بەسەر تورکیادا سەپاندوویەتی.
ئاماژەی بەوەشداوە، راگیرانی ھەناردەی نەوتی کوردستان ھۆکارەکەی بۆ حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە نەک تورکیا.
ئێوارەی رۆژی سێشەممەی رابردوو ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی رەسمی لەگەڵ وەفدی یاوەری گەیشتنە عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق لەسەر دۆسییەی ئاو و چەند دۆسییەکی دیکە، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە.
لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردووەتەوە ھەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا دەڕوانێت، کە بەرژەوەندیی ھاوبەشی ئابوری و بازرگانی و ئەمنی پێکەوە دەیانبەستێتەوە و ئامادەیە لە ھەموو بوارەکاندا برەو بە پەیوەندییەکانی ھەولێر و ئەنقەرە بدات، ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد، ھەرێمی کوردستان ھەرگیز پشتگیری و ھاوکارییەکانی تورکیا لەبیر ناکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیاش جەختیکردەوە لەوەی، تورکیا گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەدات و بەغداد و ھەرێم گرنگییەکی تایبەتیان بۆ تورکیا ھەیە. ھەروەھا ستایشی ئارامی و سەقامگیریی ھەولێر و ھەرێمی کوردستانی کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە ھەموو بوارەکاندا دەربڕی.
سەرۆکایەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەبایەخەوە باس لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە کرا و بیروڕایان لەو بارەیەوە گۆڕیوەتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئاڵپەرسڵان بایرەکتار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، گەیشتە ھەولێر و چاوی بە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت دەکەوێت و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا تاوتوێ دەکەن، کە نزیکەی پێنج مانگە راگیراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئاڵپەرسڵان بایرەکتار بەشداریی کۆبوونەوەکانی ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، لە ھەولێر لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان دەکات.
رۆژی سێشەممە، ئاڵپەرسڵان بایرەکتار وەزیری وزەی تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی تورکیا کۆبووەوە و لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا جەختیان لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کردەوە.
عەقید ئیبراھیم فەریق بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو کچی گەنجی دانیشتووی گوندی خەلیلکان لە سنووری قەزای ئاکرێ، کە تەمنیان لەنێوان ٢٠-٢٣ ساڵدابووە و ھاوڕێ و ھاوسێی یەکبوون لە رووباری خازر خنکاون.
ئەوەشی خستەڕوو، دوای رووداوەکە تەرمی یەکێک لە کچەکان سەرئاوکەوتووە و تواندراوە دەربھێندرێتەوە، دواتریش بە ھەوڵی تیمە مەلەوانەکانی بەرگری شارستانی ئاکرێ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە تواندراوە تەرمی کچی دووەمیش بدۆزرێتەوە و لە ئاوەکە دەربھێندرێتەوە.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ راشیگەیاند، لەئێستادا تەرمی دوو کچەکە رەوانەی پزیشکی دادی ھەولێر کراون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کردووە، کە بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون، بەڕێوەبەری ناوەندیی وەرگرتن و بەڕێوەبەرانی تۆماری سەرجەم زانکۆکانی حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان تێیدا ئامادەیبوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبونەوەکەدا پلان و ئامادەکارییەکانی تایبەت بە وەرگرتنی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣ – ٢٠٢٤) تاووتوێ کراوە.
لە کۆبونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا ئەوەی خستوەتەڕوو، وەک ساڵانی پێشوو زۆرترین دەرفەتی خوێندنی گشتی بۆ زۆرینەی خوێندکاران دەڕەخسێنین.
عەمید زیاد قەیسی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی عێراق بە ئاژانسی رەسمی ھەواڵەکانی عێراقی راگەیاندووە، بە رێنمایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران و سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ، بە چاودێری بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆی عێراق لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ بەسەرپەرشتی فەریق تارق روبەیعی بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆی عێراق، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی ھەرێم و ئەندامێتی ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی عێراق و ھەرێم و دەستەی گشتی گومرگی ھەرێم پێکھێنراوە.
وتیشی، ئەرکی ئەو لیژنەیە گفتوگۆکردنە لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بە مەبەستی یەکخستنی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ عێراق و ھەرێم کوردستان، چونکە ھەردوولا دەیانەوێت لەسەرتاسەری عێراقدا بە یەک شێواز ئۆتۆمبێل ھاوردە بکرێت.
زێدان محەمەد ئەمین برای گوھدار زێباری رۆژنامەنووسی زیندانیکراوی بادینان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پارێزەری گوھدار داوایکردووە بە کەفالەت ئازادبکرێت، بەڵام ئەو داوایە رەتکراوەتەوە و بڕیاردراوە بدرێتە داداگا، گومانیشدەکەن کەیسێکی دیکەی بۆ بکرێتەوە و بەو ھۆیەوە جارێکی دیکە سزابدرێتەوە.
بڕیاربوو رۆژی ١٦ی ئەم مانگە لە دوای نزیکەی سێ ساڵ و تەواوکردنی ماوەی زیندانیەکەی گوھدار زێباری ئازادبکرێت، بەڵام لە چاکسازی ھەولێرەوە گواسترایەوە ئاسایشی ھەولێر و تائێستا بەھۆی دروستکردنی کەیسێکی دیکەوە ئازادنەکراوە، لە دوای ئەوەشەوە گوھدار زێباری مانگرتنی راگەیاندووە و رەوشی تەندروستی خراپ بووە، بەھۆی نەشکاندنی مانگرتنەکەشی براوەتە ژووری تاکەکەسی.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ و سبەی پلەکانی گەرما لە شارەکانی ھەرێم بەراورد بە رۆژانی رابردوو دوو بۆ سێ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە، بەشێوەیەک نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە ٣٢ پلەی سیلیزی دەبێت، لە گەرمیانیش بەرزترین پلەی گەرما تۆماردەکرێت کە ٤٧ پلەی سیلیزییە.
ھەروەھا پلەکانی گەرماش لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک لەنێوان ٤١ بۆ ٤٣ پلەی سیلیزی دەبێت، کەرکوکیش پلەکانی گەرما بۆ ٤٥ پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق و ئاڵپ ئەرسەلان بەیرەقدار وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، وەزارەتی وزەی تورکیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ھەردوو وەزیر تاوتوێی کێشە ھەرێمییەکان و بەتایبەت ھێڵی گواستنەوەی نەوتی نێوان ھەردوو وڵاتیان کردووە و جەختیانکردوەتەوە لەسەر گرنگی ھێڵەکە بۆ ھەردوو وڵات.
ھەروەھا ھەردوو وەزیر جەختیانکردووەتەوە لە گرنگی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بە زووترین کات دوای تەواوکردنی رێوشوێنەکانی پشکنین و چاودێری و نۆژەنکردنەوەی کە لەدوای بومەلەرزەکەی شەشی شوباتی رابردووە دەستیپێکردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی وزەی تورکیا، ھەردوو وەزیر دید و بۆچوونیان ئاڵوگۆڕکردوە لەبارەی چۆنیەتی بەھێزکردنی ھەماھەنگییەکانی ھەردوو وڵات لە بوارەکانی نەوت و غاز و بەستنەوەی ھێڵی کارەبا و وزەی نوێ، بڕیاریشدرا لە داھاتوویەکی نزیکدا ١٩مین کۆبوونەوەی لیژنەی ھاوبەشی ئابوری تورکیا و عێراق لە بەغداد بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ لە گەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان، بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و بەھای ١٠٠ دۆلار بە ١٥٢ ھەزار و ٥٠٠ دینار مامەڵەی پێوەکرا، لەکاتێکدا دوێنی و لەکاتی داخستنی بازاڕدا بەھای ١٠٠ دۆلار بە ١٥٣ ھەزار و ٢٠٠ دینار مامەڵەی پێوەکرا.
بە وتەی مامەڵەکارانی ئاڵوگۆڕی دراو، ھۆکاری بەرزبوونەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دوێنی بانکی ناوەندی عێراق بۆ یەکەمجار ٧١ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش فرۆشت.
عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای پێوەری زیرەک لە وەزارەتی کارەبا بڵاویکردەوە، بەھۆی سیستمی پریپەیدەوە ٣٢٠ مۆلیدە کوژراونەتەوە، ھەروەھا کارەبای ٥٥ ھەزار بەشداربوو کراوەتە پریپەید، کە ٤٠ ھەزار ھاوبەشی سیتییەکان و ١٠ ھەزار ھاوبەشی بازرگانی دەگرێتەوە.
راشیگەیاند، سیستمی پریپەید لە ١٩ستی ھەولێر، بەکارھێنانی کارەبای لە ٣٤ مێگاواتەوە بۆ ٢٧ مێگاوات دابەزاندووە، لە کۆی ٢٥ ھەزار بەشداربو، ٧ ھەزار سەرپێچی کارەبا بنەبڕکراون.
ئاماژەی بەوەشدا، بەھۆی سیستمی پریپەیدەوە، نرخی کارەبا لەنێوان ٣٠% بۆ ٤٠% لەسەر ھاووڵاتیان ھەرزانتر دەکەوێت.
سەبارەت بە گەڕەکەکانیش وتی، بەرزەنرخ تایبەتە بە چەند پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان و کارەباکەیان بە نرخی تایبەتی خۆیان بەردەوام دەبێت، بەڵام لە گەڕەکە ئاساییەکان ھەر بە نرخی ئێستا دەبێت و تەنیا شێوازی پارەدانەکەی پێشوەختە دەبێت.
سەرکونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت سیاسەتی ئاوی وڵاتەکەی بەرامبەر عێراق و ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، کێشەی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان کێشەیەکی گشتییە و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەیان پێیەوە دەناڵێنن، وڵاتەکەشی ئاو وەک کارتێکی فشار سەیری ناکات.
وتیشی، ھەمیشە بۆ خەڵکی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەیان سەلماندووە کە نیگەرانی دۆخی ئاوی ئەو دوو پارێزگایەن و بەردانەوەی ئاو لە ماوەکانی پێشوودا سەلمێنەری ئەم بانگەشانەیە. رونیشیکردەوە، بەپێی داتاکانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەئەنجامی بەردانەوەی ئاو لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، قەبارەی عەمبارکردنی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان گەیشتووەتە یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن مەتر سێجا.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە بەردەوامی فشارەکان و دەستبەسەرکردنی خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، لە ماوەی ھەفتەیەکدا ٣٥ کەس دەستگیرکراون.
ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتیان بە تایبەت ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو دەستبەسەرکرابوون، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگکراون و ھەڕەشەیان لێکراوە، کە چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێز و کەسوکاری داواکراوەکان دەگرێتەوە.
ئەو ھەڵمەتی دەستبەسەرکردنە لەکاتێکدایە کە کەمتر لە مانگێکی ماوە بۆ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر خۆپیشاندان و چالاکییەکانی خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران لە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، کە خۆپیشاندانەکان بە دروشمی "ژن،ژیان،ئازادی" بەڕێوەدەچوون.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، سەرەتا "ھاکان فیدان" وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ "د.لەتیف رەشید" سەرۆک کۆماری عێراق کۆدەبێتەوە.
وتیشی، دواتر بە جیا لەگەڵ "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق و "محەمەد حەلبوسی" سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە. ھەروەھا چاوی بە نوێنەری تورکمانەکان دەکەوێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە دوای کۆبوونەوەکانی لە بەغداد، وەزیری دەرەوەی تورکیا بێتە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت و دۆخی ئەمنی و پەیوەندییەکان ھەردوولا.
ئیوارەی رۆژی سێشەممە "ھاکان فیدان" گەیشتە بەغداد و لەگەڵ "فوئاد حسێن" وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە و پرسی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمیان تاوتوێکرد.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا راپۆرتی ھەردوو لیژنەی پیشەسازی و وزە و لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر تایبەت بە رێژەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە شاری ھەولێر بەراورد بە شارەکانی دیکە و نرخی کارەبای پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە سیستمی پریپەید تاوتوێ دەکرێن.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا میوانداری "قارەمان مەولود حەمەد" سەرۆکی بەدواداچوونی مۆلیدە ئەھلییەکان لە سنوری ھەولێر دەکرێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکە، رێگە بە ئەندامانی ئەنجومەنەکە دەدرێت پرسیار و تێبینییەکانیان لەسەر کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەھلییەکان لە شاری ھەولێر بخەنەڕوو.