بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە مەڵبەندی ٦ی سۆرانی یەکێتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەرکەوتوان و بریندارانی چەکی کیمیایی شایستەی خزمەتی زیاترن، بۆیە پشتیوانی پشتگیری لە ماف و داخوازییە رەواکانیان دەکەین.
مەڵبەندی ٦ی سۆران دەشڵێت، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە باشترین شێوە خزمەت بە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و کیمیاران و قوربانیانی ئەنفال بکات، بوونی نادادپەروەری لە بڕیاری چاکسازی حکومەت و جیاوازی کردن لە نێوان شارو شارۆچکەکانی کوردستان جێگای تێڕامان و هەڵوەستەکردن و دڵگرانی ئێمەشە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی مەڵبەندی ٦ی سۆراندا هاتووە، "بەڵێنی وەفاداری و دڵسۆزیمان بۆ خەڵکی خۆڕاگرو تێکۆشەرو سەربەرزی دۆڵی بالیسان و خۆشناوەتی و هەروتیایەتی دووپات دەکەینەوە، لە ئاست گەورەیی و شکۆی نەعشی شەهیدانمان سەری رێز دادەنوێنین."
دەقی راگەیەندراوەکەی مەڵبەندی ٦ی سۆرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان:
کـەسـوکـاری سـەربـەرزی شــەهـیـدان
خەڵکی شۆڕشگێڕ و خۆڕاگری خۆشناوەتی
خانەوادەو قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران
رۆژی ١٦ی نیسانی ١٩٨٧ یەکێکە لە رۆژە کارەساتبارو مەینەتیەکانی مێژووی گەلەکەمان، کە رژێمی دیکتاتۆری رەفتار فاشستی بەعسی لەناوچوو، بۆ یەکەمجار چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی دژ بە خەڵکی شۆڕشگێڕو تێکۆشەری دۆڵی بالیسان و گوندو ئاواییەکانی شێخ وەسانان و خۆشناوەتی و دۆڵی مەلەکان بەکارهێنا، کە دەیان منداڵ و ژن و پیاوو گەنج بوونە قوربانی،کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکەشدا ( 263 ) هاووڵاتی بێ تاوان شەهیدبوون و ( 620 ) کەسیش بریندار بوون.
لە کاتێکدا ئێمە لە سەروبەندی یادکردنەوەو بەرز راگرتنی ساڵیادی ئەو کارەساتەداین، بەڵام بە بڕیارێکی بەناو چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان (منحە)ی بەشێکی زۆری برینداران و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی خەڵکی سنورەکە بڕدراوە، ئەو بڕیارەش نیگەرانی و گلەیی زۆری کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی کیمیابارانکردنی دۆڵی بالیسان و شێخ وەسانانی لێکەوتۆتەوە، کە سەڕەڕای بوونی نادادی لە پێدانی ئەو شایستە داراییە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاری شەهیدانی ئەنفال و بریندارانی چەکی کیمایی سوودمەند دەبوون و حکومەتی هەرێم بە بڕیاری چاکسازیکردن ئەو منحەیەیی بڕیوە، کە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە باشترین شێوە خزمەت بە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و کیمیاران و قوربانیانی ئەنفال بکات، بوونی نادادپەروەری لە بڕیاری چاکسازی حکومەت و جیاوازی کردن لە نێوان شارو شارۆچکەکانی کوردستان جێگای تێڕامان و هەڵوەستەکردن و دڵگرانی ئێمەشە وەکو مەڵبەندی ٦ی سۆران( ی.ن .ک) بۆیە لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارەتی نیشتمانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەهاو ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان و خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدو کیمیاباران، لەهەر شوێنێکی ئەو نیشتمانەدابێت بە ئەرک و کاری لەپێشینەی خۆمان دەزانین و هەر لەو روانگەیەشەوە، بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە ماف و داخوازی و داواکارییە رەواکانی خەڵکی تێکۆشەرو قوربانیدەری دۆڵی بالیسان و خۆشناوەتی و دۆڵی مەلەکان دەکەین، داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شەهیدان بەو بڕیارەیەندا بچنەوەو (منحە)ی مانگانە کە مافێکی سەرەتایی و شایستەی بەرکەوتوان و بریندارانی چەکی کیمیاییە بۆیان بگەڕێندرێتەوەو کە وەک خۆیان باسی لێوەدەکەن لە ئەگەری بە دەنگەوە نەهاتن و چارەسەرنەکردنی ئەو گرفتە، بڕیارنداوە کە رێگری بکەن لە مەراسیمی ساڵیادەکە، لەو نێوەندەشدا رەنگبێ وەڵامی توندو پەرچەکرداری نەخوازراو بەدوای خۆیدا بێنێت، کە هیچمان ئاواتە خوازی هاتنەپێشەوەو ئەنجامدانی هیچ کارێکی لەو جۆرە نین و بێگومان جێگای دڵگرانی و نیگەرانی ئێمەو ئێوەو هەموو لایەکیشمان دەبێت.
لێرەوەو لە بیرەوەری ( 36 ) ساڵەی مەرگەساتی تاوانی کیمیاباران و جینۆساید و ئەنفالدا، ئێمە لە مەڵبەندی ٦ی سۆرانی ( ی ن ک ) بە شکۆمەندی و سەربەرزییەوە بەڵێنی وەفاداری و دڵسۆزیمان بۆ خەڵکی خۆڕاگرو تێکۆشەرو سەربەرزی دۆڵی بالیسان و خۆشناوەتی و هەروتیایەتی دووپات دەکەینەوە، لە ئاست گەورەیی و شکۆی نەعشی شەهیدانمان سەری رێز دادەنوێنین، هیوادارین خەڵکی تێکۆشەری دۆڵی بالیسان و دۆڵی مەلەکان وەک هەمیشەو بەو پەڕی بەرپرسیارەتیەوە مامەڵە لە گەڵ هەر ئەگەرو رووداوو پێشهاتێکدا بکەن و پەرۆشی و نیگەرانەکانیان دەزانین و دووپاتی دەکەینەوە کە پشتگیری داواکانیانین، هەروەک داواکارین لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان گرنگی زیاتر بە سنووری ئیداری و کارگێڕی ناحیەی بالیسان بدەن و خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و قوربانیان و بریندارانی چەکی کیمیایی لە ئەولەویەتی کارەکانیاندا بێت.
شکۆمەندی و سەربەرزی بۆ کەسوکاری شەهیدانی رێگای نیشتمان ، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی قوربانیانی ئەنفال و کیمیابارانی گەلەکەمان.
مــەڵـبــەنــدی (٦)ی ســــۆران
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ٥٠ ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال تەرخاندەکرێت، کە ئەوەش ھەنگاوی یەکەمە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شەنگال.
ئیڤان فایەق وتیشی، نزیکەی ٤٠ ھەزار ئاوارە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین، بەڵام وەزارەتی کۆچ پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی کەمپەکانی ھەرێمەوە نییە و تەنھا ھاوکارییان دەکات و بڕیاری گەڕانەوەی ئاوارەکانیش پەیوەندی بە حکومەتی ھەرێم و ئاوەدانکردنەوەی شەنگالەوە ھەیە.
دەقی پەیامەکە...
پەیامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ ساڵیادی کارەساتی ئەنفال
لەیادی ئەوکارەساتەدا، درود بۆ رۆحی پاکی ئەو شەھیدانەی تەنھا لەبەر ناسنامەی کوردبونیان بە ناھەق گولـلەباران کران، سڵاو بۆئەوانە دەنێرین کە ئازار و مەینەتیەکانی ئەو رۆژانەیان چەشت.
بۆ سارێژبوونی ئازارەکان و ڕەوینەوەی خەمەکانی کارەساتی ئەنفال کە ٣٥ ساڵ لەمەوبەر رژێمی لە ناوچوی بەعس دژ بەگەلی کورد و پێکھاتەکانی تری کوردستان ئەنجامی دا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەرلە دوای راپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە ھەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو گوند و دێھات و ناوچانەی کە بەر ڕوخان و سوتاندنی پەلامارەکە کەوتن چ لە سەر بودجەی خۆیی وچ لە ڕێگەی حکومەتی ھەرێم و رێکخراوە مرۆڤ دۆستە ناحکومیە جیھانیەکانەوە.
لە دوای رٍوخانی رژێمی بەعس و لەگەڵ دامەزراندنی دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراقیشدا ئەوە ھەر یەکێتی بوو ھەوڵەکانی بەگەڕ خست بۆ بە جینۆساید ناساندنی کارەساتی تاوانی ئەنفال و بە پێی ماددەی (١٣٢) دەستوری ھەمیشەیی عێراق قەرەبووکردنەوەی زەرەرمەندانی تاوانەکانی ڕژێمی زامن کرد، کاتێتی لە ئاستی نێودەوڵەتیش ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسرێت و دانی پێدا بنرێت.
ئەم ناساندنە ناوخۆیی و جیھانیەش رێگا بۆ ھەموو قەرەبووە شایستەکانی تر دەکاتەوە ئەگەرچی ھیچیان نابنە ھاوشانی ئازارەکان.
ئەنفال ژانی نیشتمان و خەمی ئەبەدی نەتەوەیە
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پەیامنێری کوردسات نیوز لە قەزای خەباتی سنوری پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، بەگوێرەی ئاماری سەرەتایی بەرگری شارستانی لە خەبات بەھۆی لافاوەکەی شەوی رابردوو، لانیکەم ٣٠ دوکان لە ناوچەی پیشەسازی و ١٥ ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
لای خۆیەوە بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگری شارستانی دھۆک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە پارێزگای دھۆکیش لافاو زیانی بە ماڵ و دوکانی ھاووڵاتیان گەیاندووە، بەجۆرێک لە قەزای شێخان ١٥ ماڵ، لە ئامێدیش ١٦ ماڵ و چوار ئۆتۆمبێل بەھۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە سنوری قەزای ئاکرێش دەیان ماڵ لە ھەردوو گەڕەکی شۆڕش و ئاڵا زیانیان بەرکەوتووە، ھەروەھا لافاو و بارانبارینی زۆر زیانی بە ھاوینەھەواری سیپا و تەکیەی شێخ عەبدولعەزیزی گەیلانی گەیاندووە.
لەسنوری پارێزگای سلێمانیش بەھۆی شەپۆلی بارانبارینەوە ژمارەیەک ماڵ و دوکان و ئۆتۆمبێلی ھاوڵاتیان زیانیان بەرکەوت و لە چەند شوێنێکیشدا ئاستەنگی ھاتووچۆ دروستبوو.
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بارانی بەخوڕ و تەرزە دەبارێت و ئەگەری رەشەبای بەھێز لەئارادایە، بۆ سبەینێ ھەینیش، ئاسمان ھەوردەبێت و بارانی بەخوڕ نابارێت، بەڵام لە ھەندێک ناوچە ئەگەری بارینی تەرزە ھەیە.
ھەروەھا کەشناسی ھەرێم بڕی بارانبارینی ٢٤ سەعاتی رابردووی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، زۆرترین بڕی بارانبارین لە بارزان باریوە کە ١٢٨.٢ ملم بووە و کەمترینیش لە باتوفە بووە کە ٥ ملم بارانباریوە.
ھاوکات لە سلێمانی ٩٠.٣ ملم، لە ھەڵەبجەش ٤٩.٧ ملم و لە ھەولێر ٢٧.١ ملم، لە دھۆک ٣٠.٤ ملم، لە کەرکوک ١١.٨ ملم بارانباریوە.
لێپرسراوێکی عێراقی کە ناوەکەی ئاشکرانەکردووە بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھێشتا راوەستاوە و دەستیپێنەکردووەتەوە، دانوستانەکانی نێوان بەغداد و حکومەتی تورکیاش بۆ کردنەوەی ھێڵە نەوتییەکانی ھەردوو وڵات بەردەوامی ھەیە.
ئەو لێپرسراوە ئاماژەی بەوەشدا، بەغداد لەپاڵ دانوستانەکانی لەگەڵ ئەنقەرە، دانوستان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەکات، تورکیاش سەرقاڵی چاککردنەوەی ھێڵی بۆری نەوتەکەیە لە ھەردوو دیوی سنور، لەگەڵ ھەندێک لە عەمبارەکانی گلدانەوەی نەوت.
دەشڵێت، لێپرسراوانی تورکیا بەنیازی گفتوگۆن لەبارەی ئەو قەرەبووەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سەپاندوویەتی بەسەر ئەنقەرەدا، کە بڕەکەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، دەیەوێت پێش دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت ئەو پرسە چارەسەر بکات، بەڵام تائێستا حکومەتی تورکیا باسی ئەوەینەکردووە کە ھەوڵی کەمکردنەوەی قەرەبووەکە دەدات یاخود میکانیزمێک بۆ دانەوەی قەرەبووەکەی دیاریبکات.
بلومبێرگ ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە سەرباری رێککەوتنی بەغداد و ھەرێم لەبارەی ھەناردەکردنی نەوت، بەڵام ھەندێک وردەکاری لەسەر چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت چارەسەرنەکراوە.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، داوا لە شۆفێران دەکەن ئاگاداری شۆفێریکردنیان بن لە شەقامی سەرەکی سلێمانی _ تاسڵووجە، بەھۆی کۆبوونەوەی باراناو بەشێکی شەقامەکە ئاستەنگی ھاتووچۆی بۆ درووستبووە و باشترە شەقامەکە بەکارنەھێنرێت تا نزمبوونەوەی ئاستی ئاوەکە، لەحاڵەتی پێویستیدا بە ووریاییەوە شۆفێری بکرێت و خێرایی کەم بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی ئاوەکە لەو شەقامە بەرزە، بەتایبەت لە ئاستی ھێزەکانی ۷٠ بەرەو تاسڵووجە ئاستەنگەکان زیاترن.
نەرمین مەعروف، بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە و ڕەنگە رۆژانی شەممە یاخود یەکشەممەی ھەفتەی داھاتوو ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکات. پاشان لەناو کۆبوونەوەکە تێبینی پەرلەمانتاران وەردەگیرێت و کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەکان و وەزارەتەکان لەبارەیەوە دەکرێت.
نەرمین مەعروف، ئەوەشی خستەڕوو، کە پێیوایە تا ٢٠ رۆژی تر ئەو رێکارانە کۆتاییان بێت و دواتر خوێندنەوەی سێیەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت.
رۆژی پێنجی ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ کرد.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بەغداد پەلەی نییە لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم، ھۆکارەکەشی ئەوەیە بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمەوە، نرخی نەوت لە جیھاندا نزیکەی ١٠ دۆلار بەرزبووەتەوە و بەھۆیەش عێراق لەو نەوتەی دەیفرۆشێت رۆژانە ٣٤ ملیۆن دۆلار قازانج دەکات.
باسی لەوەشکرد، ئەوەی زیانمەندە لەمکاتەدا ھەرێمی کوردستانە، بۆیە دەبێت حکومەت پەلەبکات لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای پاریس، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران گەرەنتی بکرێت، چونکە ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، تا پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەغداد پارە بۆ ھەرێم نانێرێت، بۆیە پێدەچێت گرفت بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران دروستببێت.
لەبارەی گواستنەوەی نەوتی ھەرێمیش، عەلی حەمەساڵح ئەوەی خستەڕوو، ٦٠%ـی پشکی بۆری نەوتی ھەرێم لەلایەن کۆمپانیای روسنەفت و ٤٠%ـی دیکەشی لەلایەن کۆمپانیای کارەوە خاوەنداریەتی دەکرێت، بەوھۆیەش ئەو دوو کۆمپانیایە تەنھا لە ساڵی ٢٠٢١دا ٨٣٠ ملیۆن دۆلاریان لەبەرامبەر کرێی گواستنەوەی نەوت وەرگرتووە و تورکیاش ٤٣٠ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، واتە ١٥%ـی کۆی داھات بۆ گواستنەوەی نەوت بووە، بۆیەش بەغداد نایەوێت بچێتەژێرباری ئەو خەرجییە زۆرەوە.
سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی ھەواڵەکانی کوردسات نیوز رایگەیاند، بەپێی پیشبینییەکانی کەشناسی، بارانی بەلێزمە دەبارێت و لە ھەندێک شوێن زیاتر لە ١٠٠ مام باران دەبارێت، لە ئێستاشدا بەنداوی دەربەندیخان زیاتر لە ٥٠٪ بەتاڵە و توانای ھەڵگرتنی ئاوی زۆر ھەیە.
وتیشی قائیمقامیەتی دەربەندیخانیان ئاگادار کردوەتەوە، ئەو کەسانەی خوارووی بەنداوەکە کە کەپر و کارگە و ئیشوکاریان ھەیە، بۆ ماوەی دوو رۆژ دوور بکەونەوە لە قەرەغی ئاوەکە، بۆ دورکەوتنەوە لە مەترسی لەئەگەری بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکە.
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان باسی لەوەشکرد، ئامادەکاری خۆیان دەکەن بۆ ھەر رووداوێک، بەنداوەکەش توانای گلدانەوەی نزیکەی ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە.
بەپێی پێگەی (ئارگەس میدیا) کە بارەگای سەرەکی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، تورکیا رێگە بە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان نادات تا ئەو کاتەی وەڵامێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستدەکەوێت کە تایبەت بێت بە بریارەکەی دادگای پاریس.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەرچەندە لە چواری نیساندا رێککەوتنی نێوان ھەرێم و عێراق بۆ ھەناردەی نەوتی خاوی ھەرێم کراوە، بەڵام تورکیا رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی رێگە بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم بدات دەبێت کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ عێراقدا بکەن و چەند خاڵێک گرەنتی بکەن.
ھەناردەی نەوتی ھەرێم بەھۆی بردنەوەی دۆسیەکەی پاریسەوە لە ٢٥ی ئازارەوە راگیراوە، بەشێک لە کۆمپانیاکانی نەوتیش لە ھەرێم بەھۆی نەبوونی توانای ئەمبارکردنی نەوتەوە کارەکانیان راگرتووە.
سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دەسەڵات دراوە بە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگار و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان، پاڵپش بە راپۆرتی کەشناسی، ھەرکاتێک پێویستی کرد پشووی ناوەندەکانی خوێندن رابگەیەنن.
ھەروەھا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە ھەردوو کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، دەسەڵات دەدرێت بە سەرۆکی زانکۆکان بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا پشوی رەسمی ڕابگەیەنن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم، ھۆشداری داوە لەبارەی شەپۆڵێکی بارانبارینی بەلێزمە و ھەورە بروسکە و ئەگەری دروستبووی لافاو.
وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێم، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە بەبڕیاری وەزیری دارایی و بەھاوکاری بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی، بانکی مەڵکەندی پێنج نوسینگەی لەناو شاری سلێمانی بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە بەچەند قۆناغێک کارتی ئەلکترۆنی مووچە بۆ سەرجەم خانەنشینانی شارستانی و سەربازی دروستبکرێت.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، لە ئێستادا حەوت ھەزار خانەنشینی شارستانی لە سنوری پارێزگای سلێمانی مووچەکانیان لە ڕێی کارتی ئەلکترۆنیەوە وەردەگرن.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەک ئاماژەی بەوەکردووە، ھەرێمی کوردستان چەندین ساڵە میوانداریی سەدان ھەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی وڵاتانی دەوروبەر دەکات و حکومەتی ھەرێم بە سینگفراوانییەوە، ھەوڵی یارمەتیدان و بەھاناوەچوونی ئاوارەکانی داوە و ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە میوانداریی ئاوارەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە خستووەتەڕوو، ھەمیشەش لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغداد، باشترین نەخشەڕێگەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ژیانی ئاوارەکان و خەڵکی ناوچەکە.
راشیگەیاندووە، جێگەی داخە وەزیری کۆچ و کۆچبەران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەبری ئاماژەدان بە ھۆکارە سەرەکییەکانی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم ڕێککەوتنی شنگال، کەوتووەتە موزایەدەکردن و بڵاوکردنەوەی قسەی بێ بنەما لەبابەتی ئاوارەکان و بەکارھێنانیان بۆ مەرامی سیاسی.
وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوەشکردووەتەوە، ھۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بە پلەی یەکەم، بوونی کۆمەڵێک ھێزی نایاساییە لە شنگال و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنامەی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵە لەمەڕ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال.
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی چوار پلە بەپێوەری ریختەر و بە قوڵی ٧.١٨ کیلۆمەتر لە ژێر زەوی، شارۆچکەی دولکادیرئۆڵوی سەر بە پارێزگای مەڕەشی ھەژاندووە.
سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخە لەناکاوەکانی تورکیاش رایگەیاندووە، بومەلەرزەکە زیانی گیانی و ماددی نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بومەلەرزەیەکی دیکە بەگوڕی ٤.٢ پلە بە پێوەری ریختەر سنورە ئاوییەکانی باشوری رۆژھەڵاتی دوورگەی کیریتی لە دەریای ناوەڕاست ھەژاندووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بومەلەرزەکە لە قوڵایی ٧.٢٣ کیلۆمەتر لەژێر ئاستی دەریا روویداوە و چەقی بومەلەرزەکەش ٢٤٠ کیلۆمەتر لە شارۆچکەی داتچای سەربە پارێزگای موغلا دووربووە.
بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێم، حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەک پاڵپشتییەک بۆ ھاووڵاتیان تا بتوانن قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بدەنەوە، لە دوو ساڵی رابردوودا و تەنیا لە حەوت مانگی کارکردن بە بڕیارەکانی لێخۆشبوون، نزیکەی ٣١٩ ھەزار ھاوبەش سودمەندبوون لە بڕیاری لێخۆشبوونی ١٥%ی کرێی ئاو، کە پێنججار ئەو بڕیارە دەرکراوە، کۆی ئەو پارەیەش کە حکومەت لەو ھاوبەشانە خۆشبووە، نزیکەی حەوت ملیار دینار بووە.
رۆژی دووشەممەش وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر رەزامەندی حکومەتی ھەرێم، ماوەی مانگێکی دیکەی بۆ بڕیاری لێخۆشبوونی رێژەی ١٥%ی کرێی ئاو راگەیاند، کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەوە پێنجەمینجارە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ ھاوبەشانی ئاو درێژ دەکرێتەوە و لە ئێستاشەوە تا رۆژی ١٠ی٥ی ئەمساڵ کار بە بڕیارەکە دەکرێت.