وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەگۆڕێت
هەساو ئەمیر
٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاندووە، هاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەگۆڕیت و دەبێتە بەڵگەنامەیەکی نوێ.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە دوێنێ چوارشەممەوە، لە پارێزگای دهۆکەوە مامەڵەی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل بە سیستمی نوێ دەستپێکرا و بە ستاندارتی جیهانیی بە هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیایەکی ئەڵمانی پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت. بڕیاریشە لەماوەی داهاتوودا، لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان سیستمەکە بخرێتە کار.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمەودوا ساڵیانەی نوێی ئۆتۆمبێل کە خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلە و گواستنەوەی خاوەندارێتی و هەموو کەیسەکانی دیکە بە سیستمی نوێ جێبەجێ دەکرێن و مامەڵەی نوێی ساڵیانە هاوشێوەی مۆڵەتی نوێی شوفێری دەردەهێندرێت.
ئەوەش هاتووە، لە ساڵیانە نوێیەکەدا بایۆمێتری خاوەنەکەی دەخرێتە سەر کارتەکە بۆ ئەوەی لە هەموو جۆرە ساختەکارییەک بپارێزرێت.
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، ئەو سیستمە نوێیە ماڵپەڕێکی نوێی بۆ دروست کراوە و تیایدا هاووڵاتیان دەتوانن هەژمارێکی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن تاوەکو بەشێکی مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل لە ماڵەوە ئەنجام بدەن و فۆڕم پڕ بکەنەوە، بۆئەوەی لەکاتی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆدا کاتێکی کەمتریان پێویست بێت.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، ئەو ماڵپەڕە دەتوانرێت بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی شوفێریش بەکار بهێنرێت.
ئەوەش خراوەتە روو، شۆفێران لە ئێستاوە دەتوانن سەردانی ماڵپەڕەکە بکەن و هەژماری تایبەت بە خۆیان دروست بکەن.