مانگرتن و خێمە هەڵدانی مامۆستایان دژی نەدانی موچەکانیان لەبەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە و بەهۆی نەخواردنی هیچ خواردنێکەوە، تەندروستی بەشێکیشیان تێکچووە، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت: مانگرتنی مامۆستایان ئەنجامی ساردی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند: مانگرتنی مامۆستایان ئەنجامی ساردی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدایەو چارەسەرەکە ئەوەیە نوێنەرەکانمان لە ئەنجومەنی نوێنەران، هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق، بەغدا بکەنە شوێنی کۆبونەوەی یەکلاکەرەوەی ئەم بابەتە. 

 وتیشی: بە بانکیکردنی موچەی فەرمانبەران گرنگە، بەڵام پێویستە موچەی موچە خۆران خەرجبکرێت و پاشتر رێکارەکانی تر بگیرێتە بەر. 
 پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، دەست بۆ هەناسەی هاووڵاتیان براوە و سوڕی ژیانی خەڵک بەهۆی  نەدانی موچە تێکچووە 
مانگرتنی مامۆستایان هاوکاتە لەگەڵ دواهەمین راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی عیراق کە تیایدا هاتبوو، دواکەوتنی موچە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.