دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە سێ ئۆپراسیۆنی سەرکەوتوودا لە دەوروبەری سلێمانی توانیان پێنج تیرۆریستی داعش دەستگیربکەن.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژانی ١٩و٢٣و٢٦ـی ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق لە چەند ئۆپراسیۆنێکدا، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تیرۆریستان توانیویانە پێنج تیرۆریستی داعش لە دەوروبەری سلێمانی دەستگیربکەن، کە سەرجەمیان داواکراوی دادگاکانی عیراق بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تیرۆریستانە بەمەبەستی خۆحەشاردان روویان لە دەوروبەری سلێمانی کردبوو کە لەماوەی رابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازیان بینیوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاند، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی ٤ـی تیرۆر راگیراون و رووبەڕووی یاساکراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.