زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی عیراق لە سێ پسپۆڕیدا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا
٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی عیراق و جیهان چەند پلەیەکی زانستی لە سێ پسپۆڕی تایبەتدا بەدەست هێناو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکەش بۆ کاروباری زانستی بە سەرکەوتنێکی گەورە ناوی دەبات.
ئەمڕۆ چوارشەممە د. زانا مەحمود، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری زانستی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، زانکۆی سلێمانی لە چەند پسپۆڕییەکی تایبەتدا دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە، کە ئەوانیش بریتین لە (ئەندازیاری، فیزیکی، و پزیشکی)، وتیشی: ئەم دەستکەوتانە شایەتییەکی گەورەیە لەسەر ئەوەی کە زانکۆی سلێمانی لەسەر رێڕەوە راستەکەیە و توانیومانە سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان لەسەر ئەو رێڕەوە ڕاستە بەردەوامبین.
ئاماژەی بەوەشکرد، زانکۆکەمان لە هەمان ئەو پسۆڕییانەدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پلەی نێوان 600 بۆ 800ـی جیهانی تۆمارکردووە.
وتیشی: “خۆشبەختانە زانكۆی سلێمانی لە ماوەكانی ڕابردوودا كاروچالاكی زۆری ئەنجامداوە و بەوهۆیەشەوە، توانیمان لە ڕیزبەندی زانكۆكانی جیهان بەپێی تایمز هایەر ئیجوكەیشن لەسەر ئاستی جیهان پێگەیەكی زۆر بەهێز تۆمار بكەین، لەسەر ئاستی عێراقیش لە پلەی یەكەمدا بین”.