قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە سۆومێن باکچی، باڵیۆزی نوێی هیندستان لە عیراق و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هیندستان و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆکرا.

لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا کە رۆژی سێشەمە (28/1/2025) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی هیندستان کرد و هیوای خواست لە ماوەی کارکردنیدا لە عیراق، ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هیندستان بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی هیندستانیشی کرد بۆ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی تەندروستی و راهێنانی پیشەیی و گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان و هیوای خواست لە ماوەکانی داهاتوودا هاوکارییەکان بەردەوام بێت.

لە تەوەرێکی کۆبونەوەکەدا باس لە پرۆژەی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازی کرا.

لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەیدا بە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کارسازی و داهێنان و روونیکردەوە کە ئامانجیانە شاری سلێمانی ببێتە ناوەندێکی گرنگی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا لە عیراق و ناوچەکەدا.

وتیشی، لە کوردستان ژمارەیەکی زۆر گەنجی بە توانا و داهێنەر هەن کە لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەوڵ دەدرێت پەرە بە تواناکانیان بدرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەشداربن لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستاندا.

قوباد تاڵەبانی داواشیکرد وڵاتی هیندستان کە خاوەنی ئەزمونێکی سەرکەوتووە لە بواری پەرەپێدانی تەکنەلۆژیادا، لەم ڕووەوە زیاتر هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.