قوباد تاڵەبانی: دەبێت حکومەتی داهاتوو لە ئاست چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمدا بێت
٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە دانیێل روبنستین، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا کرا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەمە 29-1-2025 بەڕێوەچوو، باس لە دوا هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەتیش لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و روونیکردەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی کارا و یەکگرتوو و بەهێزبێت و لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بەڕێوەبچێت تا بتوانێت لە ئاست بەدیهێنانی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمدا بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دواگۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە و جەختکرایەوە لەسەر بەهێزترکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر.



