وتەبێژی كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئەو هەواڵانە رەتدەکەنەوە کە باس لە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دەکەن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكان چەندین تەكنەلۆژیای زیرەكی دەستكرد لەخۆدەگرێت، دوورە لە راستییەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ میدیاکانی عیراق هەواڵێکیان بڵاوکردەوە لەبارەی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ خێرا بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان و ئەوەش هاتبوو، کە ئامێرەکان بە جۆرێک دەبن جیاوازی دەكەن لە نێوان كاغەزە نادروست و مۆرنەكراو و دەرهێنراوەكاندا و ئەنجامەكان راستەوخۆ لەسەر ئامێرەكە دەردەهێنرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا راستگۆ بێت لەوەی نەیەوێت ئێران بۆمبی ئەتۆمی هەبێت، ئەوا زۆر پرس چارەسەر دەبن.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەبارەی دوایین قۆناغەکانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا باسی لەوەکرد، چاوەڕێی عومان دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان.
وتیشی، داوا لە فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا دەکەن کە رۆڵی بنیاتنەر لە پڕۆسەی دانوستانەکاندا بگێڕن.
دەشڵێت: هەڵوێستە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر ئیرادە و پرەنسیپە جێگرەکانی ئێمە نابێت.
ئەوەشی خستە روو، "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستووەتە روو و لەو رووەوە جێگیرین. ئەگەر خواستی لایەنە ئەمریکییەکان ئەوە بێت کە ئێران بۆمبی ئەتۆمی نەبێت، پێموایە ئەگەر راستگۆ بن زۆر پرس چارەسەر دەبێت".
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای ساڵی 2018 و کشانەوەی سەربەخۆیانەی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیان لەگەڵ ئێران، بۆ یەکەمجار لەمساڵدا ئەو دوو وڵاتە دەستیان بە دانوستان کرد لەسەر پڕۆگرامییە ئەتۆمییەکەی ئێران و تاوەکو ئێستاش دوو گەڕی دانوستانەکان بەڕێوەچوون.
کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلی بارانبارین و هەورەتریشقە و خۆڵبارین بەردەوام دەبێت و خێرایی با زیاد دەکات، پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان لەنێوان هەوری تەواو و نیمچەهەوردا دەبێت، لەگەل تاوەباران و بروسکە لە ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەتیش لە ناوچە سنورییەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی هەرێم. هەروەها لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەری شەپۆلەکە بۆماوەیەکی کەم درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و سەنتەری شارەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی، پاشان کاریگەری دابارین لاواز دەبێت بەرەو ناوچە سنورییەکان.
کەشناسیی دەشڵێت، ئەمڕۆ خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتردا دەبێت لە سەعاتێکدا، پێشبینی چالاکبوونی خێرایییەکەی دەکرێت لە کاتەکانی نیوەڕۆوە تاوەکو ئێوارە بۆ نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا لە زوربەی ناوچەکان، لەگەڵ بایەکەشدا خۆڵبارین زیاد دەکات.
کەشناسیی هەرێم راشیگەیاندووە، لە ناوچەکانی قەزای بەردەرەش و ئاکری و سەنتەری دهۆک و دەوروبەری پێشبینی ژمارەیەکی زۆر لە هەورەتریشقە دەکرێت.
ئەوەشی خستووەتە روو، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ بارینی کەمیک تاوەباران و هەبوونی هەورەتریشقە، بەتایبەتی لە ناوچە سنورییەکانی باکور.
کەشناسی لەبارەی پلەکانی گەرماوە ئەوەی روونکردووەتەوە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە، بەڵام سبەینێ 3 بۆ 5 پلەی دیکە دادەبەزن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ بەم جۆرە دەبن:
هەولێر : 28 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 23 پلەی سیلیزی
دهۆک : 23 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 29 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 24 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 24 پلەی سیلیزی
سۆران : 19 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 13 پلەی سیلیزی
گەرمیان :32 پلەی سیلیزی
لە بۆردومانێكی ئیسرائیلدا بۆ سەر باكوری كەرتی غەززە، 19 فەلەستینی كوژران.
بەرگری شارستانی كەرتی غەززە بڵاویكردەوە، بەیانی زووی ئەمڕۆ ئیسرائیل بۆردوومانی باكوری كەرتی غەززەی كردووە و گەڕەكی كەرامە و خانوویەكی لە گوندی عەتاترە كردووەتە ئامانج.
بەرگری شارستانی كەرتی غەززە ئەو بۆردوومانەی ئیسرائیلی بە دوو كۆمەڵكوژی نوێی ئیسرائیل ناوبردووە و رایگەیاند، لانی كەم 19 كەس كوژراون و تەرمەكانیان گواستراوەتەوە.
میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە، بەهۆی نوقوومبوونی دوو بەلەمی گەشتیارییەوە لە چین، نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و 75 كەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاژانسی شینخوای چینی رایگەیاند، دوو بەلەمی گەشتیاریی کە 84 گەشتیار و تیمی بەلەمەکەی لەسەر بووە، لە رووبارێکی ناوچەی تشینشی سەر بە گویتشو نوقومبوون و بەهۆیەوە نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستداوە و 75ی دیکەش بریندار بوون.
ئەوەش هاتووە، 70 گەشتیاریان گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، کە بەشێکیان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسەکە، هێشتا یەکێک لە گەشتیارەکان بێسەروشوێنە و تیمەکان سەرقاڵی گەڕانن بە دوایدا.
لەبارەی رووداوەکەشەوە شی جینبینگ سەرۆکی چین رایگەیاندووە، ئەوەی پێویست بکات دەیکەن بۆ ئەوەی بە زووترین گەشتیارە بێسەروشوێنەکە بدۆزرێتەوە و باشترین چارەسەریش پێشکەشی بریندارەکان بکرێت، هەروەها جەختیشی کردووەتەوە لە دووبارە پێداچوونەوە بە رێکارە ئەمنییەکانی بەلەمی گەشتیاران و سەرجەم گۆمەڵگە گەشتیارییەکان.
بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی "تۆڕی نێودەوڵەتی تەلەفزیۆنی چین" لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەوەیان دەرخستووە ئەو دوو بەلەمە گەشتیارییە زیاتر لە توانای خۆیان گەشتیاریان سەرخستووە، بەوهۆیەشەوە روداوەکە رویداوە.
ئەم رووداوە نزیكەی دوو مانگ، لە دوای رووداوێكی هاوشێوە دێت لە ناوەندی پارێزگای هونان كە بەهۆیەوە 11 كەس گیانیان لەدەستدا.
Death toll rises to 9 after boat capsizing in SW #China ??
— Bridging News (@BridgingNews_) May 5, 2025
Sudden strong winds overturned 4 boats in Liuguang River, Bijie, #Guizhou. 84 people fell into the water—83 have been found, 9 confirmed dead, 70 hospitalized with no life-threatening injuries. pic.twitter.com/NXzssEZL58
نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵدا دابەزی و نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە خوار 60 دۆلار.
ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی جیهاندا، نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 3.5% دابەزی و گەیشتە 59 دۆلار و 17 سەنت، نرخی نەوتی تەكساسیش 3.8% دابەزی و گەیشتە 56 دۆلار و 8 سەنت.
ئەوە یەكەمین جارە لەماوەی چوار ساڵ و نیودا نرخی نەوت بگاتە خوار 60 دۆلار، دابەزینی نرخەكەش دوای ئەوە بوو كە رێكخراوی ئۆپیك پڵەس رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنان لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا خێرا دەكەن.
بەپێی ئەو بڕیارە، سعودیە و روسیا و شەش وڵاتی دیكەی ئەندامی ئۆپیك پڵەس لەنێویاندا عیراق، لە مانگی حوزەیرانەوە رۆژانە 411 هەزار بەرمیل نەوتی دیكە بەرهەمدەهێنن، لەكاتێكدا بڕیار بوو زیادكردنەكە 137 هەزار بەرمیلی رۆژانە بێت.
دوای 22 ساڵ تەمەن، ئەمڕۆ تۆڕی پەیوەندییەکانی skype بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە بەکارهێنەرانی دەکات و لەبری ئەوە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاندووە، microfost teams شوێنی دەگرێتەوە.
Skype ئەو تۆڕەی کەم کەس هەیە یادگاریی لەگەڵیدا نەبێت و لەو رێگایەوە قسەی لەگەڵ ئازیزێکیدا نەکردبێت، یان چاوپێکەوتنێکی کاری پێ ئەنجام نەدابێت، ئێستاش دوای 22 ساڵ ئەمڕۆ 5ی ئایار، بە تەواوی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت تۆڕەکە دادەخات.
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاندووە، لەبری سکایپ، دەتوانن هەژماری تایبەتی لە MICROSOFT TEAMS بکەنەوە و سەرجەم زانیاریی و پێویستییەکانتان راستەوخۆ لە سکایپەوە بگوازنەوە سەری.
Skype لە 29ی ئابی ساڵی 2003، لەلایەن سکاندیناڤیاس نیکلاس زێنسترۆم و جانوس فریس ئیستۆنیاوە دامەزراوە، کە بۆ ئەو قۆناغە وەک شۆڕشێک لە سیستمی پەیوەندیدا دادەنرا، کە بە تێچوویەکی کەم لەرێگای کۆمپیوتەرەکانەوە پەیوەندی ئەنجام دەدرا، تاوەکو لەگەڵ پێشکەوتنی ئینتەرنێت و زیادبوونی خێراییەکەیدا، سکایپیش زیاتر پێشکەوت و خزمەتگوزارییەکانی فراوانکرد بۆ پەیوەندی ڤیدیۆیی، ئەوە جگە لە نامە و ناردنی فایل و پەیوەندیکردن بە گروپ.
پۆلیسی بەرازیل ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کە توانیویەتی پیلانی ئەنجامدانی هێرشێکی تیرۆریستی لە کۆنسێرتی گۆرانیبێژی جیهانی لەیدی گاگا پوچەڵ بکاتەوە، کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی لە کەناری "کۆپا کابانا" لە ویلایەتی ڕیۆ دی جانیرۆ لە ڕۆژی شەممەدا کۆکردبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی ریۆ دی جانیرۆ، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە کاری کردووە، ئەم پیلانە لەلایەن گروپێکەوە داڕێژرابوو کە هانی ڕق و کینە دەدات و هەوڵی تووندڕەوکردنی گەنجان و هەرزەکاران دەدات. ئەم گروپە رێگەی جۆراوجۆری وەک خۆئازاردان و پەیامی توندوتیژی بەکارهێناوە وەک شێوازێک بۆ دروستکردنی هەستی پەیوەندی لای ئەندامەکانی.
پۆلیس لە راگەیەندراوێکەیدا ئاماژەی بەوەداوە: "گومانلێکراوەکان خەریکی راکێشانی بەشداربوان بوون، لەنێویاندا کەسانی ژێر تەمەنی یاسایی، بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەناو کۆنسێرتەکەدا".
وەزارەتی داد رونی کردەوە کە ئەوانەی بەرپرسی ئەو تیمە بوون بە "وەحشە بچووکەکان" ناسراون و خۆیان بە هەواداری لەیدی گاگا نیشانداوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی NBC رایگەیاند کە ئامانجی سەرەکی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران "هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی تارانە".
لە چاوپێکەوتنەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوە کرد کە ئامادەیە گوێ لە پێشنیازەکانی ئێران بگرێت سەبارەت بە دەستکەوتنی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دا و گوتی: "لە زۆربەی باردا وزەی ئەتۆمی مەدەنی دەبێتە هۆی جەنگی سەربازی".
سەبارەت بە قەیرانی ئۆکراین و روسیا، ترەمپ رایگەیاند: "پێم وایە لەگەڵ لایەنێک نزیکترین بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن"، بەڵام ئامادە نەبوو ناوی لایەنەکە ئاشکرا بکات.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، دەربارەی خۆ کاندید کردنەوەی، وتی: "بە دوای خولی سێهەمی سەرۆکایەتی نیم، تەنیا دەمەوێت چوار ساڵی مەزن هەبێت و پۆستەکە بۆ کەسێکی دیکە جێبهێڵم".
ترەمپ سەبارەت بە شوێنگرەوەی داهاتووی رایگەیاند، پێی باشە کەسێکی دیموکراتی بێت و هاوکات جەختی کردەوە کە جەی دی ڤانس "کەسێکی لێوەشاوە دەبێت بۆ ئەو پۆستە".
شایانی باسە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کە سەبارەت بە بوون بە سەرۆکی ئەمەریکا بۆ خولی سێهەم "گاڵتە ناکات"، بەڵام بە پێی لێدوانە نوێیەکەی، بەڵێنی داوە تەنها بۆ یەک خولی دیکە لە پۆستی سەرۆکایەتیدا بمێنێتەوە.
د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەندیکای وردبین و ژمێریارانی عێراقی بەسەرۆکایەتی جەواد غانم ئەلشهێلی سەرۆکی سەندیکا.
لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە د.ئەلشهێلی کرد بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی سەندیکا بۆ خولێکی نوێ و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا.
هەروەها باس لە کار و ئامرازەکانی سەندیکا بۆ ڕێکخستن و پەرەپێدانی پیشەی وردبین و ژمێریاران کرا، سەرۆک کۆمار جەختی لەڕۆڵی گرنگی سەندیکا کردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکان و پەرەپێدانی ڕۆڵی چاودێری لەهەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، ئاماژەی بە پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای وردبین و ژمێریاران و پاراستنی مافەکانیان کرد.
سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر گرنگی کاری وردبین و ژمێریاران لە پاراستن و پێشخستنی ئابوری نیشتمانیدا، هاوکات جەختیشی لەپێویستی گرتنەبەری شێوازی ژمێریاری ورد و زانستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕۆتین کردەوە.
لەلای خۆیەوە ئەلشهێلی و وەفدی یاوەری سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ڕێنماییەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی بەئامانجی بەرزکردنەوەی کاری دامودەزگاکانی دەوڵەت و ئاماژەشیان بەوەدا کە سەندیکا هەنگاوی بەرچاوی ناوە لەبواری ژمێریاری و وردبینی بۆ سنووردارکردنی گەندەڵی .
سەرۆک کۆماری تورکیا راگەیەنراوێکی لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و سوریاوە بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات، "جیهان لە ئیسرائیل گەورەترە، پێویستە جیهان ئەو تۆپە ئاگرینە بکوژێنێتەوە کە خەریکە دەیسوتێنێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، ئیسرائیل گەورەترین هەڕەشەیە بۆسەر یاسا نێودەوڵەتییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "رێگە نادەین سوریا بچێتە نێو ململانێیەکی نوێیەوە".
ئەردۆغان دەشڵێت: جیهان لە ئیسرائیل گەورەترە، پێویستە جیهان قەبارە راستەقینەکەی خۆی بسەلمێنێت و ئەو تۆپە ئاگرینە بکوژێنێتەوە کە خەریکە دەیسوتێنێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەدوای 7ی 10ی 2023ـەوە و دوای دەستپێکی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، رۆژ لەدوای رۆژ لەبری کپبوونەوە، ململانێکان قوڵتر بوونەتەوە و پەلیان بۆ وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هاویشتووە، دوایین روداوەکانیش هێرشی ئیسرائیل بۆسەر سوریا و یەمەن بۆسەر ئیسرائیلە.
وابڕیارە ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ کابینەی ئەمنی ئیسرائیل، بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەم بەیانیەی موشەکە بالیستیەکەی حوسییەکان، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات.
بەپێی ڕاپۆرتی "میدڵ ئیست نیوز"، لە دوای هێرشە موشەکیەکەی ئەمڕۆی ئەنسارولڵای یەمەن بۆ سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن، کابینەی ئەمنی ئیسرائیل بڕیاری داوە ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ کۆبوونەوەیەک سازبکات بۆ دیاریکردنی شێوازی وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانە.
رۆژنامەی "مەعاریف" بە پشت بەستن بە راپۆرتی جەزیرە بڵاویکردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە میانەی راوێژە ئەمنییەکانی ئەمڕۆدا، سیاسەتە نوێیەکانی پەیوەست بە وەڵامدانەوەی هاویشتنی موشەک لە یەمەنەوە تاوتوێ دەکات.
هاوکات دەزگای رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئیسرائیل، بە نپشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند: تەل ئەبیب بە توندی وەڵامی بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن دەداتەوە.
ئەم سەرچاوەیە بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل نووسیوێتی: "دوای بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن، چیتر هیچ سنورێک لەبەردەم خۆماندا نابینین".
لە لایەکی ترەوە، کەناڵی 12ـی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل رایگەیاند کە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی هیندستان چەند خولەکێک دوای نیشتنەوەی لەسەر فڕگەی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن، بەهۆی هێرشەکەوە راستەوخۆ گەڕاوەتەوە.
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن یەحیا سەریع، راگەیاند ناوبراو زیادی کرد: ئەنسارولڵای یەمەن لە درێژەی پشتیوانیکردن لە خەڵکی ستەملێکراوی غەززە و بەرخۆدانی ئەوان، فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە یافای داگیرکراو کردە ئامانجی هێرشی موشەکی.
هاوكات كەجەكە رایگەیاند ئۆندەری شەهیدی ئاشتییە و بە مردنی كورد پشتیوانێكی گەورەی لەدەستداوە، ئەحمەد توركیش دەڵێت ئەو كەلێنەی لە نەبونی ئۆۆندەر دروست بووە بە ئاسانی پڕ نابێتەوە.
كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە بۆ كۆچی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی وەفدی ئیمڕاڵی و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە كە گەلی كورد كەسێكی گرنگی لە مێژوی تێكۆشان و ئاشتیخوازیی خۆیدا لەدەستدا بۆیە پێویستە ئامانجەكەی بهێنرێتە دی.
كەجەكە لە راگەیەنراوەكەیدا ئاماژەی بەوە كردوە كە ئۆندەر هاوكات لەگەڵ تێكۆشان بۆ یەكسانی و دادپەرەوەریی لە توركیا دۆست و پشتیوانێكی گرنگی كورد بوو تاوەكو دوا ساتی ژیانی سەرقاڵی بە ئامانج گەیاندنی پڕۆسەری چارەسەریی كورد بوە و دواجاریش بوە شەهیدی ئاشتی.
هاوكات ئەحمەد تورك سیاسەتمەداری باكوری كوردستان و ئەندامی وەفدی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان هەدەپە لە پەیامێكیدا بۆ ئۆندەر رایگەیاند ئەو ژیانی خۆی بۆ ئاشتی و دۆستایەتی گەلی كورد و تێكۆشان بۆ جوانییەكان تەرخان كردبوو بۆیە كەلێنی ئەو بە ئاسانی پڕ نابێتەوە.
موشەکێک لە فڕۆکەخانەی تەل ئەبیب کەوتە خوارەوە و سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، موشەکەکە لە یەمەنەوە هەڵدراوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، موشەکێک لە ناوەڕاستی ئیسرائیل و لە فڕۆکەخانەی بون گۆریۆنی تەل ئەبیب کەوتە خوارەوە، کە موشەکەکە لە یەمەنەوە هەڵدراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵی رێگریکردن لە کەوتنە خوارەوەی موشەکەکەیان داوە، بەڵام لە کۆتاییدا لە فڕۆکەخانە کەوتووەتە خوارەوە.
لەئێستادا بەهۆی موشەکەکەوە گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە بۆماوەیەکی کاتی راگیراوە و زەنگی ئاگادارکردنەوەش لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئیسرائیلدا لێدەدرێت.
بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، کەوتنەخوارەوەی موشەکەکە زیانی گیانی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، بەڵام زیانی بەو شوێنە گەیاندووە کە لێی کەوتووەتە خوارەوە و دوکەڵێکی رەش ئاسمانی فڕۆکەخانەکەی داپۆشیەوە.
Footage from Ben Gurion airport in Tel Aviv shows black smoke rising from an unidentified site following a ballistic missile launch from Yemen. pic.twitter.com/DEEpEgYAKE
— Joe Truzman (@JoeTruzman) May 4, 2025
میدیای سوریا بڵاویانكردەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ژێرخانێكی ئابورییان لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور كردۆتە ئامانج.
تەلەفیزیۆنی سوریا بڵاویكردەوە، فڕۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ژێرخانێكی ئابوورییان لە دەوروبەری بنكەی كێڵگەی نەوتی عومەر لە رۆژهەڵاتی دێرەزۆر كردووەتە ئامانج.
ئاماژە بەوەشكراوە، ژێرخانەكە پێشتر لە لایەن هێزەكانی ئەمریكا بەكارهێنراوە پێش ئەوەی ئەو بنكەیە چۆڵ بكەن.
پێشتر لێپرسراوانی ئەمریكا رایانگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی رابردوەوە سوپای ئەمریكا دەستیكرد بەكشانەوەی سەدان سەرباز له باكوری رۆژهەڵاتی سوریا و كار بۆ داخستنی سێ بنكه سەربازی خۆی لە كۆی ئەو هەشت بنكەیە دەكات كە لەو وڵاتە هەیەتی.
پێش گەشتەكەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەزیری بەرگری ئەمریكا بەنیازە سەردانی ئیسرائیل بكات.
ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكی لە زاری دوو لێپرسراوی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، كە پیت هێگسێت وەزیری بەرگری ئەمریكا، لە 12ی ئایار دەگاتە ئیسرائیل و لەوێ لەگەڵ یسرائیل كاتز هاوتا ئیسرائیلییەكەی و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كۆدەبێتەوە.
دوای ئیسرائیل، هێگسێت گەشتی سعودیە دەكات كە ئەوەش پەیوەندی بە گەشتەكەی ترەمپەوە هەیە بۆ ئەو وڵاتە.
پێشتریش، كارۆلین لیڤیت، وتەبێژی كۆشكی سپی، رایگەیاندبوو كە بڕیارە ترەمپ گەشتێك بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێبكات لە 13 تا 16ی ئایار و وڵاتانی سعودیە و قەتەر و ئیمارات لەخۆ دەگرێت.
ئەمە دووەم گەشتی نێودەوڵەتیی ترەمپ دەبێت لە دوای دەستبەكاربوونی لە 20ی كانوونی دووەم، ئەمەش دوای سەردانەكەی بۆ ڤاتیكان بۆ بەشداریكردن لە پرسەی پاپا فرانسیس.