بزشکیان بۆ ماکرۆن: ئێران هەمیشە بە راستگۆیی مامەڵەی لەگەڵ ئەوروپا کردووە
سەوسەن سەید
٧ی ئایاری ٢٠٢٦
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، هاوتا فەڕەنسییەکەی، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، رەوتی دانوستانەکان و هەندێک پرسی ستراتیژی لەوانە دۆخی تەنگەی هورمزی تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئێران، بزشکیان لەم پەیوەندییەدا جەختی لەسەر چارەسەری دیپلۆماسی کردووەتەوە و وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ بەدواداچوونەکانی فەڕەنسا، رایگەیاندووە: خۆشحاڵین کە رێبازی فەڕەنسا پشتبەستووە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەمیشە پێشوازی لەم رێبازە دەکات.
پزیشکیان ئاماژەی بە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە و هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی بۆ سەر لوبنان کرد و رونی کردەوە: ئەم قەوارەیە بە هیچ شێوەیەک پابەندی بەڵێنەکانی ئاگربەست نەبووە، هەروەک چۆن لە غەززە هەرگیز پابەند نەبوو، ئێستاش لە لوبنان چەندین جار رێککەوتنەکان پێشێل دەکات، بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتا بینەری تاوانەکان و شەڕی جینۆساید و دەستدرێژییەکانی ئەم قەوارەیەیە، سروشتییە لە ژێر ئەم بارودۆخەدا بەرگری ئیسلامی لە لوبنان بۆ بەرگریکردن لە وڵات و گەلەکەی بجوڵێتەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بە ئەزموونی دانوستانەکانی رابردوو و بەربەستە بەردەوامەکانی ئەمریکا کرد و وتی: لە کاتی دانوستانە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و فەڕەنسا لە نیویۆرک، سەرەڕای گەیشتن بە تێگەیشتن، ئەوە ئەمریکا بوو کە بە دروستکردنی بەربەست رێگری لە پێشچوونی پرۆسەکە کرد.
بزشکیان هۆکارەکانی بێ متمانەیی بەرامبەر لایەنی ئەمریکی روون کردەوە و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران دوو جار چووە ناو گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا، لە هەر دوو جارەکەدا و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەکان، هێرشی سەربازی کرایە سەر ئێران، ئەمەش رەفتارێکە کە بە خەنجەر لێدان لە پشتەوە ئەژمار دەکرێت.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە لە بارودۆخی ئێستاشدا، چاوچنۆکی و لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی ئەمریکا و پابەندنەبوونی بە چوارچێوە پێویستەکان، رەوتی دیپلۆماسیی تووشی ئاڵۆزیی دوو هێندە کردووە.



