هەواڵەکانهەواڵەکان

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێستا بە کۆمەڵێک بیرۆکەی کردەییەوە لە جنێڤە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە، بەڵام جەختی کردەوە کە تەسلیمبون لەبەردەم هەڕەشەکاندا لە کارنامەی وڵاتەکەیدا نییە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ تیمی پسپۆڕانی ئەتۆمی، چاوی بە رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەکەوێت بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی تەکنیکی ورد. عراقچی وتیشی: "بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە ئامادەین، بەڵام ژێربارکەوتن بۆ هەڕەشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ نییە."

هاوکات، عراقچی بڕیارە پێش دەستپێکردنی دانوستانە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بڕیارە سبەی سێشەممە بەڕێوەبچێت، لەگەڵ بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشدارییەکی نوێی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی بڵاوکردەوە کە دەیانەوێت سەردانی تورکیا بکەن و داوای لێکردن بەهۆکاری ئەمنی، سەردانی هەر چوار پارێزگای (شەرناخ، ماردین، هەکاری و ئورفا) نەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی نزیکییان لە سنورەکانی عیراق، سوریا و ئێران، ئەو چوار پارێزگایە مەترسییان لەسەرە و باشترە گەشتیارانی ئەڵمانی سەردانیان نەکەن. هاوکات هۆشداریشی داوە لەوەی کە بەهۆی یاساکانی تورکیا بۆ "بەرەنگاربونەوەی زانیاری چەواشەکار"، ئەگەری دەستگیرکردن و رێگریکردن لە گەشتکردن هەیە بەهۆی دەربڕینی بیروڕا یان بڵاوکراوەکانی ناو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە رەنگە هەندێک دەربڕین لە ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕیندا بن، بەڵام لە تورکیا وەک تاوان هەژمار بکرێن، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی کراوە لە بڵاوکراوەکانی فەیسبووک و پلاتفۆرمەکانی دیکەدا وریابن.

بەشێکی تری هۆشدارییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پەیوەستە بە فێڵکردن لە ئاڵوگۆڕی دراودا، بەتایبەت بڵاوبونەوەی دراوی ساختەی 50 و 100 دۆلاری، داواش لە گەشتیاران کراوە بە وردی چاودێری دۆخی ئەمنی بکەن و رێنماییە رەسمییەکان جێبەجێ بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەنمەشامی یەکێکە لە باوترین ئەو سوکەژەمەی لە جیهاندا دەخورێت، زۆر جار وەک جۆرێک لە چەرەسات بۆ بەرێکردنی کات و زۆرجاری دیش وەک ژەمێکی، بەڵام بۆ تووشبوانی نەخۆشی شەکرە یان ئەوانەی چاودێری ئاستی شەکرەی خوێنیان دەکەن، پرسیاری ئەوە دروست دەبێت کە ئایا ئەم خواردنە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستییان هەیە؟

گەنمەشامی لە گروپی کاربۆهیدراتە ئاڵۆزەکانە، کە لە کاتی هەرسکردندا دەگۆڕێت بۆ گلوکۆز و دەچێتە ناو خوێن، بەڵام بەهۆی بونی رێژەیەکی باش لە ریشاڵە خۆراکییەکان، پرۆسەی هەرسکردن و مژینی شەکر خاو دەکاتەوە، ئەمەش رێگری دەکات لە بەرزبونەوەی خێرا و لەناکاوی ئاستی گلوکۆز بە بەراورد بەو خۆراکانەی شەکری دەستکردیان تێدایە.

کاریگەری گەنمەشامی لەسەر شەکرە تەنیا پەیوەست نییە بە جۆرەکەیەوە، بەڵکو پەیوەندی بە بڕی خواردنەکەیەوە هەیە. کوپێک پەتەپەتە کە بە هەوای گەرم ئامادە کرابێت، بڕێکی دیاریکراو کاربۆهیدراتی تێدایە، بەڵام خواردنی بڕێکی زۆر وەک ئەوەی لە سینەماکاندا پێشکەش دەکرێت، بڕێکی زۆر کاربۆهیدرات دەدات بە جەستە و دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی شەکرەی خوێن، بۆیە شارەزایانی خۆراک رێنمایی دەدەن کە بە بڕی مامناوەند بخورێت.

هەموو جۆرەکانی گەنمەشامی وەک یەک نین؛ ئەو جۆرەی بە هەوای گەرم و بێ کەرە و شەکر ئامادە دەکرێت، کەمترین کاریگەری لەسەر شەکرەی خوێن هەیە. لە بەرانبەردا، زیادکردنی کەرە، زەیتە دەستکردەکان، شەکر و کارامێل، نەک هەر کالۆری زیاد دەکەن، بەڵکو کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی گلوکۆز دەبێت و جۆرە شیرینکراوەکان بە مەترسیدارترین جۆر دادەنرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە، کوژرانی ئەندامێکی حیزبوڵای لە ناوچەی حانین لە باشوری لوبنان راگەیاند، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەوەی ناوی ناوە "پێشێلکردنی رێککەوتنی راگرتنی شەڕ".

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکی کورتدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە دوای ئەوە هات کە حیزبوڵا چەند جارێک لێکگەیشتنەکانی راگرتنی شەڕی پێشێل کردووە، بۆیە فڕۆکە جەنگییەکانیان ئەو ئەندامەی حیزبوڵایان لە باشوری لوبنان پێکاوە.

ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە بۆ چەندین جارە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حزبوڵا دوبارە دەکاتەوە و میدیاکانی لوبنانیش ئەمە بە پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنە لێکدەدەنەوە کە لە مانگی نۆڤەمبەری 2024ەوە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

میدیاکانی ئەو وڵاتە ئاشکرای دەکەن؛ کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە سەدان کەس کوژرا و بریندار بوون. هاوکات تەل ئەبیب بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنی پێنج گردی ستراتیژی لە ناو خاکی لوبنان کە لە کاتی جەنگی دواییدا دەستی بەسەردا گرتون.

جێی ئاماژەیە، ئیسرائیل لە سەرەتای هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان لە ئۆکتۆبەری 2023، زیاتر لە 4 هەزار کەسی کوشتووە و نزیکەی 17 هەزار کەسی دیکەش بریندار بون، ئەو جەنگە گشتگیرەی لە سێپتەمبەری 2024 دەستی پێکرد، تەنیا دوای واژۆکردنی رێککەوتنی راگرتنی شەڕ کۆتایی هات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی بۆ بەدواداچوون لە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ سەردانی قەزاکەی کرد و رایگەیاند، ئەو پارەیەی کە لە قەرەبووکردنەوەدا ماوەتەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکە خەرج دەکرێت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، وەک بەڵێنمان دابوو کە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش و خەڵکی ئازیزی ئەو دەڤەرە بە تەنها جێناهێڵین و تا کۆتایی و قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانلێکەوتووان لەگەڵیاندا دەمێنینەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم سەردانی چەمچەماڵی ئازیزم کرد و لە نزیکەوە بە دواداچوونم بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە کرد و لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ و بۆردی چاودێری کۆبوومەوە.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، بە دەرفەتی دەزانم جارێکی دیکە سوپاسی خەڵکی کوردستان و وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و ئەو دەزگا میدیاییانە بکەم کە بە هەستێکی بەرزی نیشتمانی و ئینسانییەوە بەشداربوون لە هاوکاریکردن و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان. هەروەها سوپاسی ئەندامانی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوە دەکەم کە توانییان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکە ئازیزەکەماندا بوون. سوپاسێکی تایبەتیش بۆ ئەندامانی بۆردی چاودێری و هەموو ئەو کەسایەتییە متمانەپێکراوانەی چەمچەماڵ کە بە وردی چاودێریی چۆنییەتی راپەڕاندنی پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەکەیان کردووە و گەرەنتی شەفافییەتی پرۆسەکەیان کرد.

ئاشکراشیکرد، هەرچەندە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە تەواو بووە، بەڵام بەوپێیەی کۆمیسیۆنەکە نموونەیەکی سەرکەوتووی لە خزمەتکردنی خەڵکی چەمچەماڵی پێشكەش کردووە، بڕیارماندا ئەندامانی ئەم لیژنەیە لە ژێر ناوێکی دیکەدا بەردەوام بن لە خزمەتکردنی خەڵکی ئازیزی دەڤەرەکە و ببنە رایەڵەی پەیوەندیی لە نێوان خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە خزمەتگوزارییەکان.

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەشڵێت؛ بڕیارماندا ئەو پارەیەی کە ماوەتەوە، بە سەرپەرشتیی ئەندامانی ئەو لیژنەیە و هەروەها لەژێر چاودێریی ئەندامانی بۆردی چاودێری و کەسایەتییە متمانەپێکراوەکانی چەمچەماڵ، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکە خەرج بکرێت و دواتریش بۆ دڵنیابوونەوەی هەموو لایەک، ئەنجامەکەی بەوپەڕی شەفافییەتەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت.

"خەڵکی ئازیزی چەمچەماڵ دڵنیا دەکەمەوە، لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی بەندە تەواوکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپەیە، بۆ ئەمەش لە هەوڵی تەواوداین کە لە نزیکترین دەرفەتدا تەواو بکرێت و کێشەی ئاوی چەمچەماڵ بە یەکجاری چارەسەر بکرێت،" قوباد تاڵەبانی وا دەڵێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبا رێژەی %20ی پارەی کارەبا بۆ هاوبەشانی ماڵان کەمدەکاتەوە و وردەکاریی نوێی لەسەر پڕۆژەی روناکی و نرخی پسووڵەکان بڵاودەکاتەوە.

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی هاووڵاتییان لە وەرزی زستاندا، بڕیاردراوە هەر هاوبەشێکی ماڵان تا رۆژی ١٢ی ئازار (١٢/٣) لە رێگەی سەکۆی "ئی-پسووڵە"وە پارەی کارەبا یان قەرزە کۆنەکانی بدات، رێژەی %20ی ئەو بڕە پارەیە لە پسوولەی مانگەکانی داهاتووی کەم دەکرێتەوە.

ئامارەکانی پڕۆژەی روناکی و تێچووی ماڵان:

وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەوە دەکات کە نرخەکان وەک خۆیانن و نەگۆڕاون، ئامارەکانیش بەم شێوەیەن:

ناوچە

تێچووی 50٪ی هاوبەشان (کەمتر لە)

تێچووی 80٪ی هاوبەشان (کەمتر لە)

هەموو کوردستان

73,000 دینار

160,000 دینار

هەولێر

83,000 دینار

177,000 دینار

سلێمانی

54,000 دینار

118,000 دینار

دهۆک

102,000 دینار

224,000 دینار

هەڵەبجە

42,000 دینار

81,000 دینار

بۆچی پارەی پسووڵەکان زیادی کردووە؟

وەزارەتی کارەبا هۆکارەکەی بۆ دوو خاڵ دەگەڕێنێتەوە:

١- درێژبوونەوەی خولی پسوولە: ئەمجارە پسوولە بۆ ٤٥ ڕۆژ هاتووەتەوە نەک ٣٠ ڕۆژ، ئەمەش وایکردووە بڕی پارەکە زیاتر دەربکەوێت.

٢- سەرما و کارەبای ٢٤ سەعاتی: بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و هەبوونی کارەبای بەردەوام، هاووڵاتییان زیاتر گەرمکەرەوەی کارەباییان بەکارهێناوە.

حکومەتی هەرێم دووپاتی دەکاتەوە: نرخەکان جێگیرن و هەر گۆڕانکارییەک لە نرخدا پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران هەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران بە مەبەستی بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ لێپرسراوانی نێودەوڵەتی، بەرەو سویسرا بەڕێکەوت.

ئاژانسی میهر بڵاویکردەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمشەو بە سەرۆکایەتی وەفدێکی پسپۆڕ بەرەو جنێڤ بەڕێکەوتووە، بۆ بەڕێوەبردنی گەڕی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان و ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەکی تر.

ئاماژەی بەوەکرد، دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ واشنتۆن رۆژی سێشەممە بە نێوەندگیری عوممان بەڕێوەدەچێت و عراقچی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئەتۆم و چەند لێپرسراوێکی تر کۆدەبێتەوە.

ئەم سەردانە هەنگاوێکی نوێیە لە رەوتی دیپلۆماسی تاران بۆ کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان و گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لەسەر رەوشی دۆسیە ئەتۆمییەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا دەڵێت، واشنتۆن لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاران پەنا بۆ دیپلۆماسی دەبات و لە ئێستاشدا ئامادەکاریى بۆ زنجیرەیەک کۆبوونەوەى گرنگ دەکرێت.

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەى ئێراندا بژاردەى "دیپلۆماسی" بەلاوە باشترە و نایەوێت پەنا بۆ گرژیى سەربازى ببات.

ئاماژەی بەوەشکرد، جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، لە ئامادەکاریی دان بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چارەنووسساز سەبارەت بە دۆسیەی ئێران و چاوەڕوانی ئەنجامەکانی ئەو دیدارانە دەکرێت.

رۆبیۆ جەختی لەوەکردەوە، بوونی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەکە کە بکرێتە سەر سەربازەکانیان.

وەزیری دەرەوە، ئامادە نەبوو باس لە هیچ ئەگەرێکی وەشاندنی گورزی سەربازی بکات و ئەوەشی خستەڕوو، دۆناڵد ترەمپ راشکاو بووە لەوەی کە دیپلۆماسی و گفتوگۆی پێ باشترە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری بەرگری ئیتاڵیا دەڵێت، هێرشكردنە سەر كورد هێڵی سورە، چونكە تێكدانی ئاسایشی كورد بە واتای زیندووكردنەوەی تیرۆریستانی داعش و تێكدانی ئەوروپا دێت.

گویدۆ كرۆزێتۆ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رایگەیاند، هیچ هێز و لایەنێك نابێت خۆی بەوە تاقی بكاتەوە كە هێرشبكاتە سەر كورد و ئەوە هێڵی سورە.

وتیشی، داعش هێشتا هەڕەشەیەكی گەورەیە و هەر هێرشێك بۆسەر كورد و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی پێگەیان، واتای رێگەخۆشكردنە بۆ تیرۆریستانی بەداعش تا خۆیان رێكبخەنەوە، ئەوەش هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە لەسەر وڵاتانی ئەوروپا.

وتەكانی وەزیری بەرگری ئیتاڵیا لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ سێیەم رۆژی كۆنفرانسی ئاسایش لە میونشن بەڕێوەدەچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دەرکرد و رایگەیاند, کە پڕۆسەی پێدانی موچە بە نەختینە (کاش) نەماوە و لە 20ی 1ـی2026وە بە دیجیتاڵی دەبێت.

وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە، سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی تا ئێستا خۆیان لە پرۆژەی "هەژماری من" تۆمار نەکردووە، یاخود ئەو فەرمانبەرانەی، کە خۆیان تۆمار کردووە و ئاگادارکراون،  کارتەکانیان وەربگرنەوە، بەڵام تا ئێستا کارتەکانیان وەرنەگرتوەتەوە.

بەپێی نووسراوێک،  کە ئیمزای ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی لەسەرە، ئاگاداری سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەکرێتەوە کە لە دوای رۆژی 20-1-2026وە  دابەشکردنی موچە تەنها لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"  دەبێت.

دارایی هەرێم دەشڵێت؛ کە لیستێکی 5750 کەسی لەو فەرمانبەرانە هەیە، کە هێشتا مامەڵەکانیان تەواو نەکردووە، ئەگەر تا کاتی دیاریکراو پەیوەندی بە بانکەکانەوە نەکەن، موچەکانیان رادەگیرێت.

دارای هەرێم رایگەیاندوە؛ ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمدایە بۆ بەبانکیکردنی تەواوەتی مووچەی فەرمانبەران و گۆڕینی سیستەمی دارایی بۆ شێوازێکی مۆدێرن و سەردەمیانە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەبۆنەی کۆچی دوای پێشمەرگەی دێرین  مام عەلی سۆفی ئەحمەد، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە  وتێیدا هاتووە؛ مام عەلی تێکۆشەرێکی سەرڕاست و دڵسۆزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردایەتی بوو، کە دانەبڕا لە شۆڕش و کۆڕی تێکۆشان.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، مام عەلی کەسایەتییەکی خۆشەویست و کۆمەڵایەتی دیاری قەڵادزێ و پشدەر و بتوێنیش بوو کە لە دەستدانی هەڤاڵێکی وەهامان بۆ هەمووان مایەی کۆستە.

دەقی پەیامەکە

لەدڵەوە غەمبارو نیگەران بووین، بە کۆچی دوایی هەڤاڵی تێکۆشەرمان و پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ و یەکێتی (مام عەلی سۆفی ئەحمەد).

مام عەلی تێکۆشەرێکی سەرڕاست و دڵسۆزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردایەتی بوو، کە دانەبڕا لە شۆڕش و کۆڕی تێکۆشان و کەسایەتییەکی خۆشەویست و کۆمەڵایەتی دیاری قەڵادزێ و پشدەر و بتوێنیش بوو کە لە دەستدانی هەڤاڵێکی وەهامان بۆ هەمووان مایەی کۆستە.

لەخوای گەورە داواکارین رۆحی کۆچکردوو بەبەهەشتی بەرین شادبکات، سەبووری و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرپرسی دۆسیەی ئاڵوگۆڕی روفاتەکانی عیراق،  نەشات ئەلمەنسووری، بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی روفاتی قوربانیانی شەڕی کەنداوی عیراق  وئێرانی راگەیاند، لە رێورەسمەکەدا عیراق 79 روفاتی رادەستی ئێران کردوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، نەشات ئەلمەنسووری بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندوە، رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی روفاتی ژمارەیەک لەو  کەسانەی لە کاتی شەڕی یەکەمی کەنداو لە نێوان کۆماری عیراق و کۆماری ئیسلامی ئێراندا بێسەروشوێن بوون، بەڕێوەچوو.

ئاماژەی بەوەکردوە، وەک عیراق روفاتی  79 کەسیان رادەستی ئێران کردوە، کە 41 یان نەناسێندراون، لە بەرانبەردا روفاتی  شەش کەسیان وەرگرتوەتەوە، کە سیانیان نە ناسێندراون.

 بەرپرسی دۆسیەی ئاڵوگۆڕی روفاتەکانی عیراق وتوشیەتی؛ کارەکانی هەڵکۆڵین و گەڕان بەدوای تەرمی ونبووەکانی شەڕی کەنداو بە درێژایی سنوری نێوان هەردوو وڵات و  گۆڕەپانەکانی پێشووی جەنگ هێشتا بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردوەتەوە لە سنوری  گوندی (قەمچوغەی کۆن )لە قەزای دوکان، دەستیان گرتوە بەسەر  70 بنەداری بەڕوو، کە تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 20 ساڵدایە .

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت؛ دوای ئاگادارکردنەوەیان لە برینەوەی دار، دەست بەجێ مەفرەزەیەک لەکارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دوکان بەفەرمانی بەڕێوەبەری بەش دەرچوون بۆ شوێنی روداوەکە .

 ئاماژەیان بەوەشکردوە، دوای بەدواداچوون توانیویانە تۆمەتباری سەرەکی بدۆزنەوەو دەستگیری بکەن و بەفەرمانی دادوەر بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی دارە بڕاوەکان دەرچوو ە

هەروەها دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە سەر روداوەکە  کراوەتەوە  بەمەبەستی رێکاری یاسای دژی تاوانبارەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرەڕای رێکەوتنی ئەمنی نێوان ئیدارەی خۆسەر و دیمەشق ئەمڕۆ گەمارۆکانی سەر شاری کۆبانێ دەبێتە 27 رۆژ، تەندروستی شارەکەش  هۆشداری توند دەدات لە تێکچوونی باری مرۆیی و تەندروستی شارەکە بەهۆی ئەو گەمارۆیەی کە نزیکەی مانگێکە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە بەسەریدا سەپێنراوە. 

روانەی سوری بڵاویکردوەتەوە، منداڵێکی تر بەهۆی گەمارۆکانی سەر کۆبانێ گیانی لەدەستداوە و بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی ، شارەکە رووبەڕووی کەمییەکی توندی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بووەتەوە، بەتایبەت دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە، پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ، لەگەڵ نەمانسی دەرمانی چارەسەری "لیشمانیا و هەوکردنی جگەر".

هاوکات بەهۆی بەکارهێنانی ئاوی چاڵەکان بەبێ پاڵاوتن، پەتای کۆئەندامی هەرس بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار  حاڵەتی سکچوون و رشانەوە تۆمارکراون.

لەلایەکی تریشەوە، رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کۆچی دوایی منداڵێکی 12 ساڵانی بەناوی |(دڵدار رێزان حەسۆ) راگەیاند، کە بەهۆی نەخۆشی "کەمیی بەرگری" و رێگری لێکردنی لە گەیشتن بە نەخۆشخانەکانی حەلەب بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، گیانی لەدەستدا.

 خێزانەکەی ئاماژەیان بەوە کردووە کە چەندین جار هەوڵیان داوە بیبەنە دەرەوەی شارەکە، بەڵام داخستنی رێگاکان و گەمارۆکە رێگر بووە لە رزگارکردنی ژیانی، ئەمەش وەک نموونەیەکی تراژیدی بۆ ئاسەوارە کوشندەکانی گەمارۆکە لەسەر خەڵکی مەدەنی و هەزاران ئاوارەی ناو شارەکە دەبینرێت و لە رابردوشاد ژمارەیەکی تری منداڵ بەهەمان هۆکار گیانیان لەدەستداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، حکومەتی ئوستراڵیا رایگەیاندوە، بۆ دروستکردنی ژێردەریایی ئەتۆمی وەک هەنگاوی یەکەم بڕیاریداوە بە تەرخانکردنی  نزیکەی 2.8  ملیار دۆلاری ئەمریکی .

ریچارد مارڵز، وەزیری بەرگری ئوستراڵیا رایگەیاندوە، ئەم هەنگاوەی حکومەت  وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئەمنی "ئۆکۆس" دێت کە لە ساڵی 2021 لە نێوان ئوسترالیا، ئەمریکا و بەریتانیا واژۆ کراوە.

وەزیری بەرگری ئوستراڵیا ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو گۆڕانکارییەی لە ناوچەکە رودەدەن  نیشانەی ئەوەیە وڵاتەکەی لەسەر رێچکەی راستە بۆ دابینکردنی توانای سەروەریی خۆی بۆ دروستکردنی ژێردەریایی بە وزەی ئەتۆمی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو.

لەسەر هەمان پرس، ئەنتۆنی ئەلبانیزی سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیاش رایگەیاندوە، وەبەرهێنان لە دروستکردنی ژێردەریایی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی ببێتە خاوەنی ژێردەریایی ئەتۆمی،

جەختیشیکردوەتەوە ئەوان کاردەکەن بۆ خێراکردنی دەرفەتەکانی رێککەوتنی 'ئۆکۆس' بۆ دابینکردنی تواناکانی بەرگریی لە  داهاتودا و بەرەوپێشچونی وڵاتەکەیان لەرێگەی  رەخساندن و بووژانەوەی بەردەوام و دەرفەتی کار بۆ وڵاتەکە.

ئامانجی سەرەکی رێککەوتنی "ئۆکۆس"، کە لە نێوان ئوستراڵیا، ئەمریکا  و بەریتانیادایە  بریتییە لە پڕچەککردنی ئوسترالیا بە ژێردەریایی پێشکەوتووی ئەمریکی، هاوکات دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی هەماهەنگی لە پەرەپێدانی کۆمەڵێک تەکنەلۆژیای جەنگی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو، هیزەکانی ئۆکراین هێرشیکی چریان لە رێگەی درۆنەوە کردوەتە سەر باشوری روسیا و توانیویانە؛ 68 درۆنیان  لە پارێزگاکانی باشوری رۆژئاوای ئەو وڵاتە بخەنەخوارەوە.

وەزارەتی بەرگری روسیا، ئاماژەی بەوەکردوە، هێزەکانی کیێڤ رۆژانە بەردەوامن لە کردنە ئامانجی باشوری رۆژئاوای روسیا بە درۆن و موشەک.

لای خۆشیەوە ڤلادیمێر پوتنیش جەختی لە پێویستی فراوانکردنی بازنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە کردوەتەوە پاککردنەوەی خاکی روسیا لە هێزەکانی ئۆکراین بە تایبەتی ئەو شوێنانەی  دەتوانن بە موشەک و چەکی رۆژئاوایی پێگەکانی  روسیا بکەنە ئامانج.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...2425262728...981