ئەمڕۆ لە دادگای باڵای تاوانەكان دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج بەڕێوەدەچێت
٧ی ئایاری ٢٠٢٦
ئەمڕۆ لە بەغداد یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج بەڕێوەدەچێت و كەسوكار و شایەتحاڵانی ئەنفالیش چاوەڕوانن سزایەكی توند بەسەر عەجاجدا بسەپێنرێت.
دوای كۆكردنەوەی سەدان بەڵگە و وەرگرتنی سكاڵا لە شایەتحاڵانی ئەنفال، ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی ناسراو بە جەلادەكەی نوگرەسەلمان لە دادگای باڵای تاوانەكان لە بەغداد بەڕێوەدەچێت، دیلمان لەتیف پارێزەری سكاڵاكارانی دۆسێی عەجاج بە كوردسات نیوزی راگەیاند، نزیكەی 200 دۆسێ ئامادەكراوە و لە یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنیشدا ژمارەیەك لە سكاڵاكارانی كەسوكاری ئەنفالكراوان ئامادە دەبن و وتەیان لێوەردەگیرێت.
وتیشی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵێكی گرنگ و بەرچاوی بینیووە لە ئامادەكردنی دۆسیەكان و چاوەڕێش دەكەن دادگا بڕیاری لە سێدارەدان بۆ عەجاج دەربكات.
كەسوكاری ئەنفالكراوانیش دوای تۆماركردنی سكاڵاكان چاوەڕوانن سزایەكی توند بەسەر عەجاجدا بسەپێنرێت و تۆڵەی كەسوكاری سەرجەم ئەنفالكراوانی لێبكرێتەوە.



