رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریـکا بریکاری وەزیری نەوتی عیراقی سزا دا
بڵند
٧ی ئایاری ٢٠٢٦
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردوەتەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بریکاری وەزیری نەوتی عیراق تۆمەتبار دەکات بەوەی، کە یارمەتی تاران دەدات بۆ پێشێلکردنی گەمارۆی نێودەوڵەتی و هاوکاری کردوە لە فرۆشتنی نەوتدا.
بە گوێرەی رۆژنامەکە، گەنجینەی ئەمریکا سزای دارایی عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عیراق داوە و ناوی خستوەتە لیستی سزادراوەکانەوە ، بەهۆی تێوەگلانی لە پڕۆسەی هاوکاریکردنی ئێران بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، بەپێی تۆمەتەکانی ئەمریکا، ئەم لێپرسراوە باڵایەی عیراق رێگەی داوە رۆژانە بە بڕی چەندین ملیۆن دۆلار نەوتی عیراق بە بارهەڵگر بگوازرێتەوە بۆ قاچاخچییەک و لەگەڵ نەوتی خاوی ئێراندا تێکەڵ کراوە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، کە مەعارج هاوکاری کردووە لە ساختەکردنی بەڵگەنامە رەسمییەکاندا بۆ ئەوەی نەوتە تێکەڵاوەکە وەک بەرهەمێکی سەد لە سەد عیراقی نیشان بدرێت و بەو شێوەیە لە بازاڕە جیهانییەکاندا ساغ بکرێتەوە.



