ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج دەستپێدەكات و كەسوكار و شایەتحاڵانی ئەنفالیش چاوەڕوانن سزایەكی توندی بەسەردا بسەپێنرێت.

دوای كۆكردنەوەی سەدان بەڵگە و وەرگرتنی سكاڵا لە شایەتحاڵانی ئەنفال، ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی ناسراو بە جەلادەكەی نوگرەسەلمان لە دادگای باڵای تاوانەكان لە بەغداد دەستیپێکرد.

پەیامنێری كوردستان نیوز رایگەیاند، زیاتر لە 250 سكاڵا لەلایەن كەسوكاری ئەنفالەوە لەسەر عەجاج تۆماركراوە و 17 شایەتحاڵ و ژمارەیەك لە كەسوكاری ئەنفال لە دانیشتنەكەدا ئامادە دەبن و وتەیان لێ وەردەگیرێت.

وتیشی، چاوەڕوان دەكرێت هەر ئەمڕۆ دادگاییكردنەكە كۆتایی پێ بهێنرێت و دادگا بڕیاری سزادانی عەجاج دەربكات.

دیلمان لەتیف پارێزەری سكاڵاكارانی دۆسیەی عەجاج بە كوردسات نیوزی راگەیاند، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵێكی گرنگ و بەرچاوی بینیوە لە ئامادەكردنی دۆسییەكان و چاوەڕێش دەكەن دادگا بڕیاری لە سێدارەدان بۆ عەجاج دەربكات.