قوباد تاڵەبانی: هیوادارین دانانی یەکەمین پارێزگار لە پێکهاتەی تورکمان پێکەوەژیان لە کەرکوک قووڵتر بکاتەوە
٧ی ئایاری ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی سەردانی کەرکوکی کرد و لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە و جەختی لە خزمەتکردنی هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی کردەوە.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، دانانی یەکەمین پارێزگار لە پێکهاتەی تورکمان لە مێژووی سەد ساڵی رابردووی کەرکوکدا، روداوێکی گرنگی مێژووییە و هیوادارین ئەم روداوە گیانی پێکەوەژیان و برایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی ئەم شارەدا قووڵتر بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردانمدا بۆ کەرکوک لەگەڵ محەمەد سەمعان، پارێزگاری نوێ و رێبوار تەها، جێگری پارێزگار کۆبوومەوە، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونم لێ کردن و پشتگیریکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشم بۆ دووپات کردنەوە.
قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە، یەکێتی شانازی بەوەوە دەکات هەر لە سەرەتاوە ئاڵاهەڵگری پێکەوەژیان بووە لە کەرکوک و هەمیشە دژی پەراوێزخستنی هەر پێکهاتەیەک بووین و ئێستاش پێمانوایە پارێزگار یان هەر پۆستێکی تر لای هەر پێکهاتەیەک بێت، دەبێت بێ جیاوازی خزمەتی هەمووان بکات، چونکە هەر سیاسەتێک جگە لەمە شکست دەهێنێت و خزمەتی کەرکوک ناکات.



