سەرۆكی پەرلەمانی ئێران هێرشی دووبارەی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەكەی بەدوور نازانێت و دەڵێت: سەركەوتنی ئێران لەم جەنگەدا پێگەی نێودەوڵەتییان جێگیر دەكات.

محەمەد باقر قاڵیباف لە پەیامێكدا دەڵێت، سەركەوتنی ئێران لەم جەنگەدا دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی پێگەی نێودەوڵەتی ئێران جێگیر ببێت و ئێران رۆڵی سەرەكی و چالاكی دەبێت لە سیستمی نێودەوڵەتیدا.

قاڵیباف ئاماژەی بەوەش كردووە، ئێران لە قۆناغێكی نوێی جەنگدایە و لەم قۆناغەدا ئەمریكا هەوڵدەدات لەرێگای فشاری ئابوری و گەمارۆی دەریاییەوە ئێران ناچار بكات خۆی رادەست بكات.

دەشڵێت: دووبارە هێرشی سەربازی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەدوور نازانێت و رەچاوی ئەو بارودۆخەیان كردووە، بەڵام سەركەوتن لەم جەنگەدا دەبێتە سەرەتایەك بۆ پێشكەوتنی ماددی و مەعنەوی ئێران.