قائیمقامییەتی چەمچەماڵ سوپاسی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەکات بۆ گەیاندنی عەجاج بە دادگا
٧ی ئایاری ٢٠٢٦
دوای ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانی، رێکارە یاساییەکان دژی یەکێک لە گەورە تۆمەتبارانی کەیسی ئەنفال بە ناوی عەجاج دەستیپێکرد و پیرۆزبایی لە کەسوکاری قوربانییان دەکرێت.
قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ رایگەیاند، گەورە تۆمەتباری کەیسی ئەنفال بە ناوی عەجاج رووبەڕووی دادگا کراوەتەوە و پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان دەکەن کە توانراوە ئەم هەنگاوە گرنگە بنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاڕاستەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەکەن، کە لە ماوەی رابردوودا رۆڵی گرنگ و کاریگەری هەبووە لە هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی ئەم کەیسە، تا گەیاندنی تۆمەتبارەکە بە بەردەم دادگا و جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان.
هەروەها سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە کراوە کە ماندوونەناسانە هاوکاربوون لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەدا.
قائیمقامیەتی چەمچەماڵ، جەخت لە مافە رەواکانی کەسوکاری قوربانییان کراوەتەوە و داواکراوە کە جگە لە سزادانی تاوانباران، کاربکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان، وەک کەمترین وەفاداری بۆ ئازارەکانیان.



