هەواڵەکانهەواڵەکان

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەمڕۆ كارنامەی حكومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت.

هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەمڕۆ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عیراق كارنامەی حكومەتەكەی پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات.

ئەوەشی خستەڕو، كارنامەی حكومەتەكەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دابەش دەكرێت بۆ هەڵسەنگاندن و تاوتوێكردنی.

فشارەكانی ئەمریكا ئەركی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عیراق لە هەموو سەرۆك وەزیرانی پێشووتر سەختركردووە، ئەویش بەوەی كە ئەمریكا هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان و دوورخستنەوەیان لە دامەزراوەكانی دەوڵەت كردووەتە مەرجی سەرەكی بۆ دەستپێكردنەوەی هاوكارییە دارایی و ئەمنییەكانی بۆ عیراق.

ئەو مەرجانەی ئەمریكا بەربەست و ئاستەنگی گەورەن لەبەردەم حكومەتەكەی عەلی زەیدی و دەبێت سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لە كابینەكە تیشك بخاتەسەر جێبەجێكردنی مەرجەكان، بەشێك لە میدیا عیراقییەكانیش ئاشكرایانكردووە، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەییان نیشانداوە بۆ هاوكاریكردنی عەلی زەیدی لەو هەنگاوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' ئاشکرایکرد، هێزەکانیان لە دەریای عومان رێگرییان لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی کردووە کە ویستوویەتی گەمارۆ دەریاییەکان بشکێنێت.

سێنتکۆم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سەعات 9ـی بەیانی، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی بە ناوی  ' M/T Hasnaحەسنا'، کە هەوڵیداوە بەرەو یەکێک لە بەندەرەکانی ئێران بڕوات، بەڵام لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە چاودێری کراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ دوای ئەوەی چەندین جار ئاگاداری درایە کەشتییەکە کە سەرپێچی گەمارۆکانی ئەمریکا دەکات و تیمی کەشتییەکەش پابەند نەبوون، فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری (F/A-18 Super Hornet) کە لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Abraham Lincoln)ـەوە فڕیبوو، بە تۆپی 20 ملم هێرشی کردە سەر سوکانی کەشتییەکە و لەکاریکست."

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە، کەشتییەکە ئێستا پەککەوتووە و ناتوانێت بەرەو ئێران بڕوات، هەروەها دوپاتی کردەوە کە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر هەموو ئەو کەشتییانەی دەیانەوێت بچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی بچنە دەرەوە، بە توندی بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە چوارچێوەی هەوڵە نوێیەکانی واشنتۆن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ تاران، سەرۆکی ئەمریکا ئومێدی زۆری هەیە رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزا بکرێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانکدا بۆ کەناڵی 'پی بی ئێسPBS'، گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران نیشاندا و رایگەیاند، هەست دەکات واشنتۆن لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە نزیک بووەتەوە.

ترەمپ لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: هەست دەکات زۆر نزیکن لە رێککەوتن، بەڵام پێشتریش هەمان هەستی هەبووە، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەن بزانن چی رودەدات.

لە لایەکی ترەوە و سەبارەت بە تیمی دانوستانکار، سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، رەنگە ئەمجارە پەنا بۆ نێردە تایبەتەکانی وەک 'ستێڤ ویتکۆف' و 'جارید کۆشنەر'ـی زاوای نەبات و ئاشکرایکرد، لە ئێستادا تاوتوێ ئەوەی نەکردووە، کە ئەوان بنێرێت بۆ دانوستانەکان لەگەڵ ئێران.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بگەنە رێککەوتن لەگەڵ ئێران سزاکان لەسەر ئەو وڵاتە کەمدەکەنەوە و بەشێکی هەڵدەگرن.

"ئەگەر رێککەوتن بکرێت لە ئێران نادەین، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکرێت زۆر بەهێزتر لە پێشتر بۆردومانی ئێران دەستپێدەکەینەوە" سەرۆکی ئەمریکا وا دەڵێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەشتەكانی هەردوو فڕۆكەخانەكەی هەرێم ئاسایی بووەتەوە، وەزیری گواستنەوەش دەڵێت، لە داهاتوویەكی نزیكدا ژمارەی كۆمپانیاكان و گەشتە ئاسمانییەكان زیاتر دەبن.

ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ كوردسات نیوز رایگەیاند: سەرباری ئاساییبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەكان، تائێستا ژمارەیەك لە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی دەستیان بە گەشتەكانیان نەكردووەتەوە، بەڵام بەهۆی گرتنەبەری رێكاری ئەمنی، چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا ژمارەی كۆمپانیاكان و گەشتە ئاسمانییەكان زیاتر بن بە بەراورد بە ئێستا.

وتیشی: لە ئێستادا رۆژانە بەپێی خشتەی كۆمپانیاكان گەشتی ئاسمانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكا ئەنجام دەدرێت.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویکردەوە، کارمەندێکی خزمەتگوزاری کڕیاران لە بانکێکی ئەمریکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بە رووی پاپا لیۆی چواردەیەمدا داخستووە، کە ویستبووی زانیارییەکانی پەیوەندیکردنی نوێ بکاتەوە.

رۆژنامەکە لە زاری قەشە تۆم ماککارثی، کە هاوڕێیەکی نزیکی پاپایە، گواستوویەتییەوە: پاپا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا خۆی ناساندووە و وتوویەتی کە دەیەوێت ژمارە تەلەفۆن و ناونیشانەکەی لە تۆمارەکانی بانکەکەدا بگۆڕێت.
 پاپا وەڵامی هەموو پرسیارە ئەمنییەکانی داوەتەوە، بەڵام کارمەندەکە پێی وتووە ئەوە بەس نییە و پێویستە خۆی بە شەخسی سەردانی بانکەکە بکات. پاپاش پێی راگەیاندووە کە ناتوانێت ئامادە بێت.

ماککارثی دەشڵێت پاپا بە کارمەندەکەی وتووە: ئایا هیچ دەگۆڕێت ئەگەر پێت بڵێم من پاپا لیۆم؟

بەگوێرەی گێڕانەوەی رۆژنامەکە، دوای ئەم پرسیارە، کارمەندی بانکەکە "هێڵەکەی داخستووەتەوە."

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە قەشە تۆم ماککارثی ئەم چیرۆکەی هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کاتۆلیکەکانی شاری (ناپەرڤێڵ) لە ویلایەتی ئیلینۆی گێڕاوەتەوە، هەروەها لە رێگەی ئیمەیڵێکەوە بۆ "نیویۆرک تایمز" راستی رووداوەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.

لە کۆتاییدا هاتووە کە کێشەی بانکەکە لە رێگەی دەستێوەردانی قەشەیەکی بێناو چارەسەر کراوە کە پەیوەندیی بە سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی بانکەکەوە هەبووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ عەبدولڕەحمان عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو و بەڕێوەبەرانی بەنداوەکان و ستافی بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆبووەوە و داوایکرد پلانێکی زانستی ئامادە بکەن بۆ ئامادەکاری کردن بۆ ساڵانی وشکەساڵی و کەمبارانی.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە (6/5/2026) لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کرد و دڵخۆشیی خۆی دەربڕی کە لەم کابینەیەدا توانراوە ژمارەیەک بەنداوی گەورە و بچووک بۆ گلدانەوەی ئاو دروست بکرێت.

جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد پلانێکی زانستی ئامادە بکەن بۆ ئامادەکاری کردن بۆ ساڵانی وشکەساڵی و کەمبارانی، هەروەها داواشیکرد پلانێکی دیکە ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی لە بەنداوەکان وەک شوێنێکی گەشتیاری کەڵک وەربگیرێت و لەمبارەیەشەوە ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربڕی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ستافی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت کۆبووەوە و پێکەوە گفتوگۆیان کرد لەبارەی چۆنییەتی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و چارەسەرکردنی کێشەی گەنمی جوتیارانی هەرێم.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو، وەزیری کشتوکاڵ راپۆرتێکی لەبارەی کار و دەستکەوتەکانی وەزارەت لە کابینەی نۆیەمدا پێشکەش کرد کە بەراورد بە کابینەکانی پێشوو زۆر زیاتر خزمەتی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵیان کردووە.

جێگری سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە وەزیر و هەموو ستافی وەزارەت کرد بەهۆی خزمەتەکانیان و رایگەیاند بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەوانەوە هەرێمی کوردستان لە هەرێمێکی هاوردەکارەوە بووە بە هەرێمێکی بەرهەمهێنەر و ئێستا بەروبوومە کشتوکاڵییەکان هەناردەی بازاڕەکانی عێراق دەکرێت.

 داواشیکرد ئامادەکاری بکەن بۆ سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ و زیرەکیی دەستکرد بۆ زیاتر گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی گەنمی جوتیارانی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، چارەسەرکردن کێشەی جوتیاران دەخرێتە ئەولەوییەتی کارەکانیانەوە بۆ ئەوەی مافەکانیان نەفەوتێت و لەکاتی خۆیدا حەقی رەنج و ماندووبوونی خۆیان وەربگرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تۆڕی وەرزشیی "فۆکس سپۆرتس" بە هاوکاری سەکۆی جیهانیی "ئیندید"، هەلێکی کارکردنی دەگمەن و سەرنجڕاکێشیان بۆ خولیایانی تۆپی پێ راگەیاند، کە تێیدا کەسێک دەستنیشان دەکرێت بۆ بینینی سەرجەم یارییەکانی مۆندیالی 2026 و لە بەرانبەردا بڕی 50هەزار دۆلاری پێ دەدرێت.

ئەم هەڵمەتە کە بە ناونیشانی "دامەزراندنێکی مێژوویی بۆ رووداوێکی مێژوویی" ناسێنراوە، ئامانجی دۆزینەوەی کەسێکی شایستەیە کە بتوانێت 104 یاریی مۆندیالەکە لە گۆڕەپانی "تایمز سکوێر" لە شاری نیویۆرکەوە فۆکەسی بخاتە سەر و رووماڵیان بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە مۆندیالی داهاتوو بۆ یەکەمجار بە بەشداری 48 هەڵبژاردە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.

رۆبێرت گۆتلیب، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی فۆکس سپۆرتس،رایگەیاند کە ئەوان بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن "خولیایەکی شێتانەی بۆ تۆپی پێ هەبێت" و بتوانێت هەست و سۆزی راستەقینەی یارییەکان بۆ بینەران بگوازێتەوە، وگرنگترین مەرجەکان بریتین لە: توانای هەڵسەنگاندن و وەسفکردنی رووداوەکانی ناو یاریگا، وبەرهەمهێنانی ڤیدیۆ و بابەتی سەرنجڕاکێش بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.


داواکارانی ئەم کارە، کە بە "وەزیفەی تەمەن" وەسف کراوە، دەبێت لێهاتوویی خۆیان لە بواری رۆژنامەوانی و دروستکردنی ناوەڕۆکدا بسەلمێنن، پێویستە ڤیدیۆیەکی کورتی خۆیان بنێرن کە تێیدا ئاستی شەیدابوونیان بۆ ئەم وەرزشە نیشان بدات و بیسەلمێنن کە دەتوانن بەرگەی ئەم "ماراسۆنە کورییە" بگرن.

شایانی باسە مۆندیالی 2026 لە 11ی حوزەیران دەستپێدەکات و تا 19ی تەمموز بەردەوام دەبێت، کەسە سەرکەوتووەکەش دەبێتە دەنگ و رەنگی یەکێک لە گەورەترین رووداوە وەرزشییەکانی جیهان لە یەکێک لە ناودارترین شوێنەکانی ئەمریکا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خالید بەتال نەجم، وەزیری پلاندانانی عیراق بەوەکالەت، لە میانی یەکەمین کۆنفرانسی زانستی بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی بێکاری و هەژاری لە عیراق، کۆمەڵێک ئاماری هەستیار و وردی دەربارەی دۆخی فەرمانبەران، گەشەی دانیشتووان و ئاستەنگە ئابوورییەکانی وڵات خستە روو.

بەتال ئاماژەی بەوەکرد: ژمارەی فەرمانبەران لە عیراق نزیکەی 4 ملیۆن کەسە، کە 62٪یان لە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانن.

 وەزیر ئاماژەی بەوە کرد کە بەشەکەی دیکەی فەرمانبەران زیاتر و پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە.

وەزیری پلاندانان بەوەکالەت هۆشداریدا کە بەپێی خەمڵاندنەکان، ژمارەی دانیشتووانی عیراق تا ساڵی 2050 دەگاتە 73 ملیۆن کەس، ئەمەش فشارێکی گەورە دەخاتە سەر دەوڵەت چونکە کەرتی گشتی توانای دامەزراندنی ئەو سوپایە لە هێزی کارەی نییە.

خالید بەتال جەختی کردەوە: حکومەت داتای وردی لەسەر هەژاری و بێکاری لەبەردەستە و ئێستا کار لەگەڵ وەزارەتەکانی (کار) و (خوێندنی باڵا) دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری زانستی و دادپەروەرانە بۆ ئەم قەیرانانە.

وەزیری پلاندانان لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە توێژەران کرد سوود لەو زانیارییانە وەربگرن کە لە سەرژمێرییەکانەوە بەدەست هاتوون بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەک کە کەرتی تایبەت چالاک بکات و بارگرانی سەر کەرتی حکومی کەم بکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران جەختی کردەوە، کە بە نەمانی هەڕەشەی دەستدرێژیکاران و لەژێر رۆشنایی رێکارە نوێیەکاندا، هاتوچۆی ئارام و جێگیر لە گەروی هورمزەوە دەبێتە کارێکی گونجاو و دەستەبەر دەبێت.

هێزی دەریایی ئاماژەی بەوەش کردووە: لەگەڵ رەوێندنەوەی هەڕەشەی دەستدرێژیکاران و بە پشتبەستن بە رێوشوێنە نوێیەکان، پەڕینەوەی سەلامەت و بەردەوام لە هورمزەوە دەبێتە راستی.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: سوپاسی خاوەنی ئەو کەشتیانە دەکەین کە لە کەنداو لەنگەریان گرتووە، لەبەرانبەر هاوکارییان بۆ پەڕینەوە لە گەرووی هورمز بەگوێرەی رێسا و یاساکانی ئێران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 ئەکسیۆس بڵاویکردوەتەوە، واشنتن و تاران لە رێککەوتنێکی مێژویی نزیک بونەتەوە، کە لە چوارچێوەی یاداشتێکی یەک لاپەڕەییدا کۆتاییهێنان بە جەنگ رادەگەیەنێت.

 پێگەی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە دەڵێت؛ یاداشتەکە لە 14 خاڵ پێکهاتووە و لەلایەن تیمەکە دۆناڵد ترەمپ بە تایبەت ویتکۆف و کۆشنەر لەگەڵ لایەنی ئێرانی گەڵاڵە کراوە و 30 رۆژ دانراوە بۆ  دانوستانێکی چڕی، کە بڕیارە لە ئیسلام ئاباد یان جنێف بەڕێوەبچێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان،  تەوەری سەرەکی رێککەوتنەکە بریتییە لەوەی ئێران پابەند بێت بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات، پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە بۆ دەرەوەی وڵات بگوازێتەوە، لە بەرانبەردا واشنتن بەشێوەیەکی پلەبەندی گەمارۆکان لادەبات و پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکات.

هەروەها  هەردوولا رێککەوتوون لەسەر لادانی سنوردارکردنی هاتوچۆ لە گەروی هورمز و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەشێوەیەکی پلەبەندی لە ماوەی ئەو 30 ڕۆژەدا.

بەشێکی دیکەی رێکەوتنەکە، ئەوەیە تاران رێگە بە سیستمێکی چاودێری توندی نێودەوڵەتی و پشکنینی لەناکاو بدات و باس لە داخستنی دامەزراوە ئەتۆمییە ژێر زەوییەکانیش دەکرێت.

 بەرپرسانی ئەمریکی بە ئەکسیۆسیان راگەیاندوە،  کە چاوەڕێی وەڵامی تارانن لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا و هۆشداریشیان داوە، ئەگەر دانوستانەکان هەرەس بهێنن، هێزەکانی ئەمریکا دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی و کارە سەربازییەکان دەستپێدەکەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵی سەر بەبەشی نەهێشنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییان ئۆتومبێلێکی کۆمپانیای بەکرێدانی ئۆتۆمبلێیان دەست بەسەرداگرت، کە کەسێک بەکرێی گرتبوو دواتر فرۆشتویەتییەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی، دوای ئەوەی هاووڵاتیەک لەبنکەی پۆلیسی بەختیاری لەسلێمانی سکاڵای تۆمارکرد کە ئۆتومبێلێکی داوە بە کەسێک بەکرێ دوای کۆتای هاتنی وادەکەی دواتر فرۆشتویەتی و بۆی نەگەڕاندۆتەوە.

دواتر هێزەکانیان بە بڕیاری دادوەر و دوای  لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان و  کۆکردنەوەی زانیاری پێویست، لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە توانرا دەست بەسەر ئۆتومبێلەکەدا بگیرێت.

ئاماژەبەوەشکروە، لە ئێستادا ئۆتۆمبێلەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ ئەو بنکەیەی سکاڵەکەی لێ تۆمارکراوە و  بەپێی ماددەی (453)لەیاسای سزادانی عێراقی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم، بڵاویکردوەتەوە بە گشتی کەشی ئاسمان لە نێوان هەور و نیمچە هەور دەبێت و  پلەکانی گەرما دوو بۆ سێ پلە نزمدەبنەوە و خۆڵبارینیش لە ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینی 48 سەعاتی داهاتوی بڵاوکردەوە بە گوێرەی پێشبینییەکان، باران بارین کۆتایی هاتوە و پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ دوو بۆ سێ پلە نزمدەبنەوە.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی روی لە هەرێم کردوە ئەمڕۆش کاریگەرییەکەی دەمێنێت.

لەبارەی کەشی سبەینێشەوە، کەشناسی ئەوەیخستوەتەڕوو، پلەکانی گەرام بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ کەمێک بەرزدەبنەوە و ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی هەندێک پەڵە هەوری جیاجیا.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ بەمشێوەیەیە؛

هەولێر: 25 پلەی سیلیزی

پیرمام: 21 پلەی سیلیزی

سۆران: 22 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 14 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 25 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 26 پلەی سیلیزی

دهۆک: 24 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 24 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 26 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 29 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی تێکچونی باری ئەمنی و زیادبونی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەی کەنداو، پرۆسەی گواستنەوەی نەوت لە گەروی هورمز روبەڕووی ئاستەنگێکی گەورە بووەتەوە و عیراق 43 ملیۆن بەرمیل نەوتی  گیری خواردوە.

بەگوێرەی داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی نزیکەی 43 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عیراق لە گەروی هورمز گیری خواردووە و نەتوانراوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت.

ئەم قەیرانە تەنیا عیراقی نەگرتوەتەوە، بەڵکو بە تێکڕا 163 ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتانی ناوچەکە لەو رێڕەوەدا پەکیکەوتوە و هۆکاری سەرەکی ئەم وەستانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێرشانەی لە چەند رۆژی رابردوودا کراونەتە سەر کەشتییەکان و بە ئامانجگرتنی ناوەندی نەوتی "فوجەیرە" لە ئیمارات.

ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی هێرشەکانەوە کۆمپانیاکانی گواستنەوە لە ترسی سەلامەتی بارەکانیان گەشتەکانیان کەمکردوەتەوە یان دوایان خستوە.

گیرخواردنی ئەم بڕە زۆرەی نەوت فشارێکی دارایی و تەکنیکی قورس دەخاتە سەر حکومەتی عیراق، لەبەر ئەوەی عیراق توانایەکی سنورداری هەیە بۆ کۆگاکردنی نەوت و خاوەنی رێڕەوی جێگرەوەی فراوان نییە بۆ هەناردەکردن، هەروەها  بەردەوامیی ئەم رەوشە مەترسی لەسەر داهاتی وڵات دروست دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەندروستی سلێمانی ئاماری مانگی رابردووی نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشید  بڵاوکردەوە و بە گوێرەی ئامارەکان 12 هەزار  و195 منداڵ لە نەخۆشخانەکە بینراون و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.

تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردوە، لە مانگی رابردودا، هەزار و 410 منداڵ لە نەخۆشخانەکە خەوێندراون، کە 374 حاڵەتی سكچون و راشانەوە و وشكبوونەوە بووە،  464 حاڵەتی هەناسەتوندی تۆماركراون.

هەروەها،  584 منداڵ لە بەشی تیشك و دەمار و 165 منداڵ لە بەشی بەدخۆراكی و 133 منداڵ لە بەشی راهێنانەوەی چارەسەری خۆراك و 513 منداڵ لە بەشی گەشەكردن بینراون و 177 منداڵ لە بەشی نەبەكام داخڵ كراون.

هەر لەو ماوەیەدا لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری  زیاتر لە حەوت هەزار  پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 103 ئیكۆ و 386 سۆنەر ئەنجام دراوە و 765 تیشك گیراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە قەیرانی سوتەمەنی و بەرزی نرخەکەی گەشتوەتە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە ئەمریکا و یەکەم کۆمپانیا مایەپوچبونی خۆی راگەیاند و دوای 34 ساڵ کارەکانی راگرت.

کۆمپانیای فڕۆکەوانی سپیریت، کە بە گەشتە هەرزانەکانی و فڕۆکە زەردە ناودارەکانی دەناسرایەوە دوای 34 ساڵ بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنییەوە بە تەواوی کارەکانی راگرت و هەموو گەشتەکانی هەڵوەشاندەوە.

کۆمپانیاکە دەڵێت؛ ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین لە 34 ساڵی رابردودا، بە هەرزانترین نرخ گەشتەکانمان ئەنجامداوە و  هیوامان خواستبوو بۆ چەندین ساڵی داهاتوو خزمەت بە گەشتیارەکان بکەین، بەڵام بەرزونەوەی نرخی سوتەمەنی بێ هیوای کردین.

ئەم بڕیارە لەناکاوەی کۆمپانیاکە  بووەتە هۆی بێکاربونی نزیکەی 17 هەزار کارمەند و سەرگەردانبوونی هەزاران گەشتیار لە فڕۆکەخانەکاندا.

لەبەرانبەردا، وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە سندوقێکی قەرەبوو بۆ ئەو گەشتیارانە دابینکراوە کە راستەوخۆ تکتیان بڕیوە، هاوکات چەند کۆمپانیایەکی تری فڕۆکەوانی وەک یونایتد و دێڵتا ئۆفەری تایبەتیان بۆ گواستنەوەی گەشتیارە جێماوەکانی سپیریت راگەیاندوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە دوو مانگە گەروی هورمز داخراوە و بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی لەسەرتاسەری جیهان و ئەمریکاش یەکێکە لەو وڵاتانەی جەنگەکە کاریگەری تەواوی لەسەر دروست کردوە و سەرەڕای هەوڵەکان تا ئێستاش هیچ ئاسۆیەک بۆ گەیشتن بەرێککەوتن نابینرێت .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...2728293031...1053