وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازێکی ئەمریکایە و تا ئەم ئێستا نەگەیشتوونەتە هەڵوێستی کۆتایی و هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتراستی کردوە پێشنیازیان لەلایەن ئەمریکاوە پێگەیشتوە و وڵاتەکەی سەرقاڵی تاوتوێکردنیەتی.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد لەسەر پێشنیازەکە، کە لە رێگەی نێوەندگیری پاکیستانییەوە پێیان گەیشتووە، تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هەڵوێستی کۆتایی و هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.

بەقایی، جەختیکردوەتەوە بڕیاردان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو بەندە بە ئەنجامی ئەم نامەگۆڕینەوانەوە و هەر کاتێک بگەنە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە، لایەنی نێوەندگیر لە بڕیارەکەیان ئاگادار دەکەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ ئیران نزیکن لە رێککەوتن و لەسەر داوای پاکستان ئۆپراسیۆنی ئازادی لە گەروی هورمز رادەگرن و هۆشداریشیدابوو، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن ئەوا خرپتر لە جاری پێشوو بۆردومانی ئێران دەکەن.