سبەینێ لە سنوری ئیدارەی راپەڕین دەست دەکرێت بە دابەشکردنی گوژمەی حەوتەمی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2025.
سایلۆی راپەڕین، لە راگەیەندراوێکدا، جوتیاران ئاگادار دەکاتەوە، رۆژی یەکشەممە، 5ـی9ـی2026 سەعات 10ـی بەیانی لە هۆبەی ژمێریاری دەستدەکرێت بە دابەشکردنی پارەی جوتیاران.
ئاماژەی بەوەشکراوە، ئەو جوتیارانەی پارەکانیان هاتووە کارتەکانیان لە ژمارە 554 بۆ 600 دەستپیدەکات.
سایلۆکە داواش دەکات، بۆ وەرگرتنی پارەکە، پێویستە کارتی نیشتمانی رەسەن لەگەڵ ئەو بەڵگانامانەی پێیاندراوە بهێنن، ئەگەر گەنمەکەش بەناوی خۆیانەوە نەبێت، دەبێت وەکالەت و کۆپی ناسنامەی خاوەن گەنمەکەیان پێبێت.
لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان راگەیەندراوێکی لەسەر روداوی گیان لە دەستدانی نەخۆشەکەی هەولێر لە ژوری نەشتەرگەریدا بڵاوکردەوە، داواش دەکات میدیاکان روداوەکان وەک خۆی و پرۆفیشناڵانە بگوازنەوە.
لە راگەیەنداوەکەدا هاتووە؛ ئەو پزیشکەی بەرپرسبوە لە نەخۆشخەکە، هەڵگری بەرزترین بڕوانامەی بواری پسپۆڕی بووەو ڕێپێدان و مامەڵەی دروستی هەبووە لە سەندیکای پزیشکان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت لەوەی کە هۆڵەکانی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی رەسولی تایبەت داخراو بوون و بەشی چاودێری چڕ (ICU) لە ژێر نۆژەنکردنەوە بووە، چۆن نەشتەرگەری تێدا کراوە.
داواشدەکات، ئاشکرا بکرێت، بە چ مۆڵەت و بنەمایەکی یاسایی و پزیشکی و لەژێر چ مەرج و پێوەرێکدا، رێگە بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری دراوە
دەقی راگەیەندراوەکەی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان
سەرەتا هاوخەمی و دڵنەوایی خۆمان ڕادەگەینین بۆ خانەوادەی کۆچکردوو، هاوکات بەگوێرەی یاساو ڕێنماییە بەرکارەکان بەرپرسین لە پاڵپشتی و پشتگیری بەرگریکردن لە گشت پزیشکانی ئەندام لە سەندیکامان دوای پابەندبوونیان بە ڕێکار و ڕێنماییەکان.
١/ بە گوێرەی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٠ سەندیکای پزیشکان لایەنی فەرمی و پیشەییە بۆ ڕێکخستنی کاروباری کارکردنی پزیشک و پێدانی مۆڵەتی کارکردن وەکو پزیشکی پسپۆڕ لە کەرتی تایبەت. ئەو پزیشکە بەڕێزەی بەرپرسیار بووە لە نەخۆشەکە هەڵگری بەرزترین بڕوانامەی بواری پسپۆڕی بووەو ڕێپێدان و مامەڵەی دروستی هەبووە لە سەندیکای پزیشکان.
٢/ لەماوەی ڕابردوو ڕێنماییەک لە لایەن حکومەتەوە دەرچووە کە پێویستە هەر پزیشکێک تەنها لە یەک نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت کار بکات، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخستنی کاری پزیشکان لە کەرتی تایبەت کاری سەندیکای پزیشکانە، بە ڕوونی ڕای دەگەیەنین ئەو جۆرە ڕێنماییە خزمەت بە نەخۆش و کەرتی تەندروستی ناکات، چونکە هەندی جار نەخۆش جۆرێک لە ئامێر یان خزمەتگوزاری دەوێ لە نەخۆشخانەیەکی تر بەردەستە، بۆیە داوادەکەین دووبارە کار لەسەر ئەم خالە بکرێ چارەسەری گونجاوی بۆ بکرێ.
٣/ سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە ڕێگەی لێژنەی پشکنین و بەدواداچوون لە ڕێگەی چەندین تیمی تایبەتمەندەوە ڕۆژانە بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ بەرجەستەکردنی کاری پزیشکی بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان.
٤/هەروەها پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت لەوەی کە لە کاتی ڕووداوەکەدا، هۆڵەکانی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی ڕەسولی تایبەت داخراو بوون و بەشی چاودێری چڕ (ICU) لە ژێر نۆژەنکردنەوە بووە. لەبەر ئەمە پێویستە دیاری بکرێت بە چ مۆڵەت و بنەمایەکی یاسایی و پزیشکی، و لەژێر چ مەرج و پێوەرێکدا، ڕێگە بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری دراوە و ئایا لەو کاتەدا هەموو پێداویستییەکانی سەلامەتی نەخۆش، هۆڵی نەشتەرگەری و چاودێری دوای نەشتەرگەری بەردەست و دابینکراو بوون یان نا؟چونکە سەلامەتی نەخۆش لە پێشینەی کارەکانی سەندیکای پزیشکانە.
٥/لە ڕووی زانستی پزیشکی نەشتەرگەری زۆر جار لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەجۆری هەناوبینی، بەهۆی باری نەخۆش ناچار دەبی جۆری نەشتەرگەری بگۆڕی بۆ کراوە.
٦/پێویستە لە ڕێگەی لێژنەو تیمی پسپۆڕی گشتگیرەوە بە بەشداری دادگاو پزیشکی دادی لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ڕوداوەکە بکرێ، لە کۆتایی دا بڕیاری پێویست بدرێ.
۷/بەڕوونی ڕایدەگەیەنین بەشێک لە میدیاکان بەشێوەیەکی زۆر نا پڕۆفیشناڵ بوون بە جێگرەوی لێژنەی زانستی و دادگاو پزیشکی دادی، وەکو سەندیکای پزیشکان ڕایدەگەینین ئەوەی بەشێک لە میدیاکان و فەرمانبەرەکانیان کردیان تێپەڕاندنی سنور و ئاکاری میدیایی بووە، مەترسی گەورەن بۆ سەر کەرتی تەندروستی کە بەشێکە لە ئەمنی قەومی.
۸/داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین هەوڵدەن بەرچاوڕوونی تەواو وەرگرن پێش ئەنجامدانی هەر نەشتەرگەریەک، چونکە بەپێی ڕێکار و پێوەرە زانستیە نێودەوڵەتیەکان هەموو نەشتەرگەرییەک ئەگەری ماک و لێککەوتەی سادەو ئاڵۆزی هەیە دەکەوێتە سەر جۆری نەخۆشیەکە.
لە کۆتایی دا، داوا دەکەین لە پزیشکی دادی و دادگای تایبەتمەند چ ڕێکاو هەنگاوێکی زانستی و یاسایی هەیە بەگوێرەی یاسا بیگرنەبەر بۆ لێکۆڵینەوە لەم ڕوداوە.
لەگەڵ ڕێزدا
سەندیکای پزیشکانی کوردستان
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەراورد بە دوێنێ ئەمڕۆ و سبەینێش پلەکانی گەرما جێگیر دەبن و گەرمیان بە 43 پلە گەرمترین و حاجی ئۆمەرانیش بە 28 پلەی سیلیزی ساردترین ناوچەی هەرێم دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینی 48 سەعاتی داهاتوی بڵاوکردەوە بە گوێرەی پێشبینییەکان، بە شێوەیەکی گشتی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت.
لە بارەی کەشی سبەینێشەوە، ئاماژەی بەوەکردوە، پلەکانی گەرما نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ و ئەگەری بارینی نمەباران لە ناوچەشاخاوییەکانی سنوری دهۆک هەیە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر: 41 پلەی سیلیزی
پیرمام: 37 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 39 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 41 پلەی سیلیزی
دهۆک: 39 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 40 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 41 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 27 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 44 پلەی سیلیزی
گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا فشاری زیاتری خستوەتە سەر ئێران و لێپرسراوانی ئەو وڵاتەش دەڵێن؛ تا پێنج مانگ توانای بەرگەگرتنی گەمارۆکانیان هەیە.
رۆژنامەی ۆوڵ ستریت جۆرناڵ راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ داخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە ئامانجی نەپێکاوە و زیانی گەورەی بە خۆی گەیاندوە، چونکە گەمارۆی توندی دەریایی ئەمریکا لە مانگی حەوتی رابردووەوە رێگری لە تاران کردووە نەوتەکەی هەناردە بکات.
بەپێی راپۆرتەکە، روبەڕوبونەوەی نێوان واشنتۆن و تاران بووەتە ململانێیەکی درێژخایەن و داخستنی گەروی هورمز نەبووەتە هۆی ئەوەی ترەمپ بە مەرجەکانی ئێران رازی بێت و ئەمەش کێشەی قوڵی ئابوری بۆ تاران دروست کردوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، هەرچەندە بەردەوامیی جەنگەکە لە قازانجی هیچ لایەکیاندا نییە و ئاڵوگۆڕی لێدانە سەربازییەکانیش تا ئێستا بە سنورداری ماونەتەوە، لە روی ناوخۆیی و ئابورییەوە، سەرکردەکانی ئێران پێشبینی دەکەن نزیکەی پێنج مانگی تر بەرگە بگرن.
بەو پێیەی ئازاری ئابوریی خەڵک کاریگەرییان لەسەر دانانێت و دەسەڵاتی راستەقینەش کەوتووەتە دەست سوپای پاسداران، بەتایبەت لە سایەی نادیاری و نەبونی رابەری باڵادا.
فەرماندەکانی پاسداران بەرەو دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی سەربازی هەنگاو دەنێن، لە کاتێکدا ئابوریی وڵاتەکە بەرەو لاوازیی زیاتر دەچێت، بەڵام لێپرسراوان توانیویانە ناڕەزایەتیەکانی ناوخۆ کۆنتڕۆڵ بکەن.
وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، كێشەی قەیرانی بەنزین لە چارەسەركردندایە و كاروانی تری بەنزین لە ماوەیەكی كەمدا دەگات بۆ دابینكردن و پڕكردنەوەی پێداویستی هاووڵاتیان.
دوای ئەوەی قەیرانی بەنزین بەغداد و پارێزگاکانی عیراقی هاوشێوەی هەرێم گرتەوە، باسم محەممەد خزێر وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، بەرهەمە نەوتییەكانیان هەیە و وەزارەت بەردەوامە لە كاركردن بۆ دابینكردنی پێداویستی هاووڵاتییان.
وتیشی، كورتهێنانی كاتی بەنزین لە چارەسەكردندایە و كاروانی تری بەنزین بە زوویی دەگات بە بۆ سەقامگیریی دابینكردن و پڕكردنەوەی پێداویستییەكان.
دەشڵێت، تێكڕای بەكارهێنانی بەنزین رۆژانە دەگاتە نزیكەی 33 ملیۆن لیتر، بەڵام لە كاتی دروستبوونی قەیران و دڵەراوكێ بەرزدەبێتەوە بۆ نزیكەی 38 ملیۆن لیتر.
راشیگەیاند، لە ماوەی 100 رۆژی یەكەمی حكومەتدا، هەناردەی نەوتی خاو رۆژانە لە 250 هەزار بەرمیلەوە بۆ نزیكەی سێ ملیۆن لیتر بەرزبووەتەوە.
بە گومانی دزەپێکردنی زانیاری نهێنی لەسەر کەمبونەوەی چەکی ئەمریکا بۆ رۆژنامەنوسان، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، 50 لێپرسراو و سەربازی خستوەتە ژێر تاقیکردنەوەی راستگۆییەوە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، لێکۆڵەرانی حکومەتی ئەمریکا نزیکەی 50 ئەندامی ئەرکانی هاوبەشی هێزەکانی سوپای وڵاتەکەیان خستوەتە ژێر تاقیکردنەوەی ئامێری راستگۆییەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم رێکارە بەهۆی لێکۆڵینەوە بووە لە دزەپێکردنی زانیاریی نهێنی بۆ رۆژنامەنوسان، کە بەشێکیان پەیوەندیدار بوون بە کەمبوونەوەی کۆگاکانی تەقەمەنیی ستراتیژی ئەمریکا لە میانی جەنگی ئێراندا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە تاقیکردنەوەی راستگۆییەکەدا، پەرسیار لە ئەفسەرانی سەربازی و کارمەندانی مەدەنی کراوە کە ئایا زانیاریی نهێنییان، بەتایبەتی لەبارەی دابەزینی ئاستی موشەکی دورمەودا و موشەکەکانی سیستمی پاتریۆت، دراوە بە دەزگاکانی راگەیاندن یان نا.
ئەم پشکنینە بەرفراوانانە لە مانگی ئابدا و دوای بڵاوبوونەوەی زنجیرەیەک راپۆرت لەسەر کەمبونەوەی چەکی ستراتیژیی ئەمریکا ئەنجامدراون.
بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، ئەنجامدانی پرۆسەیەکی تاقیکردنەوەی ئامێری راستگۆیی لەم ئاستەدا و لەنێوان لێپرسراوانی باڵای سەربازییدا روداوێکی بێپێشینە بووە لە مێژووی پێنتاگۆندا.
سەرۆکی ئەمریکا جەنگی ئێرانی بە ململانێی سەربازی ناوبرد و رایگەیاند بۆ ئەوان هێندە گەورە نییە تا پێی بڵێن جەنگ، ئاماژەی بەوەشکرد رەنگە هێرش بکەنە سەر چیای قوڵنگیان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئێستادا شەڕ ناکەن و گەروی هورمز کۆنترۆڵ کراوە، چونکە هیچ مینێکی تێدا نییە.
سەرۆکی ئەمریکاوتی زۆر کەس ئەو رەوشەی ئێستا بە جەنگ ناو دەبەن، بەڵام لە راستیدا تەنها ململانێی سەربازییە و بۆ ئەمریکا هێندە گەورە نیە تا ناوی بنێن جەنگ.
دۆناڵد ترەمپ دەشڵێت؛ ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکەیدا لە ڤەنزوێلا هیچ سەربازێکی لەدەست نەدا، بەڵام لە ململانێ لەگەڵ ئێران 18 سەربازیان کوژراون.
لە بارەی رەوشی هورزیشەوە، ترەمپ جەختدەکاتەوە گەروەکە کۆنتڕۆڵکراوە و لە ئێستادا بڕێکی زۆر نەوت لە بە گەروەکەدا تێدەپەرێت.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی پێشووی هەسەدە پارێزگای حەسەكە و بنكەی هاوپەیمانان بەجێدەهێڵێت و دەچێتە دیمەشق و وەك راوێژكاری سەرۆكایەتی سوریا دەستبەكار دەبێت.
بەپێی سەرچاوەكان، لە چەند هەفتەی داهاتوودا و بە رەسمی دەچێتە دیمەشق و لە پۆستە نوێكەیدا وەك راوێژكاری سەرۆكایەتی سوریا بۆ كاروباری كورد دەستبەكاربێت.
سەرەڕای ئەوەی لە نوسراوەكەی سەرۆكایەتی سوریادا دەسەڵاتەكانی مەزڵوم عەبدی وەك راوێژكار بە وردی دەستنیشان نەكراون، بەڵام ئەركی سەرەكیی عەبدی بریتی دەبێت لە بەڕێوەبردنی دۆسێی كورد لە ناوخۆ و دەرەوەی سوریادا، لەوانەش چاودێریكردنی كارەكانی ئەو لێژنە دەستووری و یاساییانەی لە داهاتوودا بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی كورد لەو وڵاتە پێكدەهێنرێن.
لە چوار ساڵی رابردوودا لەسەر ئەركی كۆمپانیای ئانزۆ 300 خوێندنگە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە نۆژەنكراونەتەوە و بەڕێوەبەری كۆمپانیاكەش دەڵێت، هەڵمەتی نۆژەنكردنەوەی خوێندنگەكان بەردەوام دەبێت.
هاوڕێ دارۆ شێخ نوری بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئانزۆ رایگەیاندووە، بە ئەركی سەر شانی خۆیانیان زانیووە ئەو خوێندگایانەی پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەبووە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە نۆژەنیان بكەنەوە.
دەشڵێت، تەنها بە نۆژەنكردنەوەی ئەو 300 خوێندنگەیەوە ناوەستن و خوێندنگەی زیاتر نۆژەن دەكەنەوە.
بەرێوەبەری ئانزۆ هەروەها سوپاسی ئەو لایەنانە دەكات كە لە هەڵمەتی نۆژەنكردنەوەی خوێندنگەكانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە هاوكاریان بوون.
ئەو فەرماندەیەی ئێران، وەک ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بانگەشەی بۆدەکات مەترسیدارە و توانایەکی زۆری لەجەنگی ئەلیکترۆنیدا هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت؛ فەرماندەکە ناوی ئەمیر یاریاب و گروپە ئەلیکترۆنییە مەترسیدارەکان ئاڕاستە دەکات کەئەمریکا دەکەنە ئامانج.
ئەمریکا لەرێگەی بەرنامەی "پاداشت بۆ دادپەروەری"یەوە، پاداشتێکی دارایی 10 ملیۆن دۆلاری راگەیاندوە بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستگیرکردن یان ئاشکراکردنی شوێنی ئەو فەرماندەیە.
بەپێی هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگری و ئاسایشییەکانی ئەمریکا، ئەمیر یاریاب بەڕێوەبەری راستەوخۆی تۆڕێکی ئاڵۆز لە یەکە هێرشبەرەکان و گروپە هاكکەرە مەترسیدارەکانی دەکات.
کە هێرشەکانیان لە سیخوڕیی ئاساییەوە گۆڕاوە بۆ تێکدانی کرداریی ژێرخانە هەستیارەکانی وەک کۆمپانیاکانی وزە، سیستەمی دارایی، فڕۆکەخانەکان، وێستگەکانی ئاو و کارەبا لە ئەمریکا، ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم فەرماندەیە تۆڕەکەی بە شێوازێکی سەربەخۆ و گرنگ رێکخستووە، ئەمەش وایکردوە ئەمریکا هەراسان بکات؛ بەجۆرێک دەتوانێت هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بە بەردەوامی ئەنجام بدات، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە ئینتەرنێتی ناوخۆیی ئێران بە تەواوەتی پچڕاوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، لە شاری دوبەی رێڕەوێکی نوێیان بەڕووی داهێنان، کارسازی و پەرەپێدانی توانای گەنجانی کوردستاندا کردووەتەوە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژی بەوەکردوە، ئەم هەنگاوە لە رێگەی ئیمزاكردنی رێککەوتنێکی هاوبەش لە نێوان ناوەندی داهێنانی (DIFC) لە دوبەی و دامەزراوەی "فاوندەیشن" ئەنجامدراوە، کە ئامانج لێی بەستنەوەی کۆمپانیا نوێیەکان (ستارتئەپەکان)ی کوردستانە بە بازاڕی دوبەیەوە.
جەختیشیکردوەتەوە، لە رێگەی ئەم رێککەوتنەوە، وەبەرهێنەرانی ئیماراتی و هاوبەشانی ناوەندی DIFC هاوکاری و پشتیوانی پێشکەشی ئەو کۆمپانیانە دەکەن، کە پشتیان بە بیرۆکەی داهێنەرانە بەستووە و دەرفەتی گەشەکردنیان زیاترە.
کە ئەمەش دەرگایەکی نوێ بۆ کارسازان و گەنجانی هەرێم دەکاتەوە تا بزنسەکانیان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بپەڕێننەوە و هاوکات شاری سلێمانیش وەک ناوەندێکی گرنگی داهێنان لە ناوچەکەدا بناسێنرێت.
دامەزراوەی فاوندەیشن، کە وەک پلاتفۆرمێک بۆ خزمەتکردنی کوردستان و هەموو عیراق کار دەکات، لە رێگەی ئەم هاوبەشییەی لەگەڵ DIFC دەیەوێت یارمەتی ستارتئەپەکان و کارسازانی داهێنەر و دەستپێشخەر بدات تا بتوانن داهێنان و بزنسەکانیان بە جۆرێک پەرەپێبدەن کە توانای رکەبەرییان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا هەبێت.
توێژەرانی پەیمانگەی سەنفۆرد بێرنهام پرێبیس لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری" "Science Advancesدا بڵاوکراوەتەوە، رێگەیەکی نوێیان ئاشکرا کردووە، کە تێیدا خانە شێرپەنجەییەکان خۆیان لە کۆئەندامی بەرگریی دەشارنەوە و هۆکارەکەی شەکرە.
توێژەرانی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەو کەسانەی رێژەی شەکریان بەرزە، خانە شێرپەنجەییەکان بە سود وەرگرتن لە بەرزی رێژەی شەکر، کەڤەرێک بۆخۆیان دروست دەکەن، تا بەئاسانیی خانەکانی بەرگریی نەیانناسنەوە.
ئەم بەرگە شەکرییە پارێزەرە وردە وردە ئەستورتر دەبێت و وەک پەردەیەک رێگە لە خانەکانی بەرگریی دەگرێت لەوەی خانە شێرپەنجەیییەکان بناسنەوە.
توێژەرەکان گەشتونەتە ئەو ئەنجامەی، لە هەموو ئەم پرۆسەیەدا پرۆتینێک بە ناوی "HSF1" رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و بەرپرسە لە دروستکردنی ئەو بەرگە پارێزەرە.
توێژەران پێیان وایە بەراگرتنی ئەم پرۆسەیە، بەرگە پارێزەرەکە لادەچێت و کۆئەندامی بەرگریی دەتوانێت بە ئاسانی خانە شێرپەنجەیییەکان بدۆزێتەوە و لەناویان ببات.
پزیشکانی ئەمەریکا رایانگەیاند، دوای دانانی گورچیلەی بەراز بۆ نەخۆشێک دوای 271 رۆژ پرۆسەکە شکستیهێنا، سەرەڕای ئەوەی ماوەکە ریکۆردێکی نوێ بوو لە گواستنەوەی ئەندامەکانی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ.
تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی بریگهام لە ویلایەتی ماساچۆسێتسی ئەمریکا رایانگیاند، گورچیلەیەکی بەرازیان بۆ نەخۆشێک بەناوی تیم ئەندرۆز چاندوە و توانینیتی بۆ ماوەی 271 رۆژ بەردەوام کار بکات، ئەمەش وەک ڕیکۆردێکی نوێ لە بواری گواستنەوەی ئەندامەکانی جەستەی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ تۆمار کرا.
تیم ئەندرۆز، کە پێش چاندنی گورچیلەکە، بەردەوام دەبوایە گورچیلەی بشۆردایە دەڵێت؛ ئەم ئەزمونە هیوایەکی گەورەی پێبەخشیوە و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ئازاری پاڵاوتنی بەردەوامی خوێن شۆردنەوەی گورچیلە رزگاری کردوە.
پزیشکان رونیان کردەوە کە بەهۆی لێکچوونی قەبارەی ئەندامەکانی لەگەڵ جەستەی مرۆڤدا، رەنگە ئەندامەکانی جەستەی بەراز لە داهاتوودا وەک جێگرەوەیەک بەکاربهێنرێن بۆ راگرتنی ژیانی نەخۆش تا ئەو کاتەی بەخشەرێکی مرۆیی دەدۆزرێتەوە.
لە ئەمریکا نزیکەی 100 هەزار کەس چاوەڕێی چاندنی گورچیلە دەکەن، لەکاتێکدا ساڵانە تەنها 25 هەزار چاندن ئەنجام دەدرێت.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە رێککەوتنی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لەگەڵ بەغداد نزیکن و دواکەوتنی جێبەجێکردنەکە زیانی زۆر بە هەرێم گەیاندوە.
ئامانج رەحیم رایگەیاندوە، دوای بەشدارییکردنی لە کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لە بەغداد، لە رێککەوتنی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە نزیکبونەتەوە، تەنها یەک خاڵی سەرەکی ماوە، یەکلای بکرێتەوە، کە چۆنێتی دابەشکردنی داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێمە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کۆبونەوەکەدا یاداشتێکی دەستوری، یاسایی و دارایی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی دیجیتاڵیی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنورییەکانی هەرێم پێشکەش کرا، کە تێیدا رونکرایەوە حکومەتی هەرێم بڕیاری جێبەجێکردنی ئەم سیستەمەی داوە.
جێبەجێکردنی سیستمەکە رێگە دەدات هەردوولا دان بە بەڵگەنامە رەسمییەکانی یەکتردا بنێن، لە کاتێکدا تایبەتمەندییە دەستوری و کارگێڕییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێن.
جەختیشیکردوەتەوە، دواکەوتنی سیستەمەکە زیانی گەورەی بە داهاتی هەرێم گەیاندووە؛ بە جۆرێک داهاتی دەروازەکانی هەرێم 78٪ دابەزیوە، لە کاتێکدا داهاتی گومرگی فیدڕاڵی بەهۆی سیستمەکەوە 114٪ زیادی کردووە، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی هەرێم نەتوانێت مانگانە 120 ملایر لە داهاتی ناوخۆ کۆبکاتەوە.
جەمیل بایك رایگەیاند یەك لایەن بەتەنها ناتوانێت یاسای چوارچێوە جێبەجێ بكات، جەختیش دەكاتەوە لەوەی پرۆسەی ئاشتی تەنها چەكدانان نییە.
جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەرێوەبەری كەجەكە لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات رایگەیاند، یاسای چوارچێوە تەنها بەیەك لایەن جێبەجێ ناكرێت، بەڵكو دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان دەوڵەت، ئیمراڵی و كەجەكەوە بچێتە بواری پراكتیكەوە.
وتیشی: ئێمە چەكدانان و بەشداریكردن لە ژیانی سیاسیی دیموكراتیدا قبوڵ دەكەین ، بەڵام شێوازی پێكهاتن و جێبەجێكردنی یاساكەش زۆر گرنگە.
رونیشیكردەوە، پرۆسەی ئاشتی تەنیا چەكدانان نییە، بەڵكو هەڵگرتنی هەنگاوی دیموكراتییە بۆ ئەوەی ئەم دانانی چەكە بەدی بهێنێت.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەمیل بایك رایگەیاند، بە دەرچوونی یاسای چوارچێوە دەسەڵاتداری سیاسی توركیا كەوتە بەردەم بەرپرسیارێتی چارەسەركردنی پرسی كورد و دیموكراتیزەبوون ، تەنیا دیموكراتیزەبوونیش دەتوانێت پرسی كورد چارەسەر بكات، بەپێی یاسای چوارچێوەش دەسەڵاتداری توركیا بەشێوازێكی ناڕاستەوخۆ ئەمەی قبوڵ كردووە.
جەختیشیكردەوە لەوەی، دەبێت لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەشداری بكەن لە دیموكراتیبوونی توركیا و چارەسەركردنی پرسی كورد.
قەیرانی سوتەمەنی، بەتایبەت بەنزین بەغداد و پارێزگاکانی تری گرتوەتەوە و وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراقیش بە کوردسات نیوز راگەیاند لە هەوڵەکانیان بەردەوامن و لە رۆژانی داهاتوودا کێشەکە چارەسەر دەکەن.
سەلیم رکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەرهەمە نەوتییەکان، بەتایبەت بەنزین و جۆرەکانی دیکەی لە پاڵاوگەکانی عیراق، کەمترە لە خواستی بەکارهێنان و پێداویستی رۆژانەی شۆفێران.
وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کرد، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەمییە، وەزارەت بڕیاریدابوو لە رێگەی گرێبەستێکەوە بەنزینی جۆری موحەسەن لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە بکات، بەڵام بەهۆی گرژی و جەنگی ئێران و ئەمریکاوە، ئاستەنگ و گرفت بۆ هاوردەکردن دروست بوە.
رکابی ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەوڵەکانی وەزارەتی نەوت بەردەوامن بۆ پەیداکردنی رێگەچارەی گونجاو و تێپەڕاندنی ئەم رەوشە و هیوای خواست لە رۆژانی داهاتودا بە تەواوی کۆتایی بەو قەیرانە بهێنرێت و رەوشەکە ئاساییبێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستانیش بە هەمانشێوە کێشەی کەمی سوتەمەنی و بەرزی نرخەکەی هەیە و بەهۆی بەرزی نرخی هەرسێ جۆرەکەی بەنزین کاریگەری کردوەتە سەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان بە گشتی و شۆفێرانیش بە تایبەتی.