ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی پێنج مەرجی سەرەکی ئاشکرا کرد کە رایگەیاندووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وەڵامەکەیدا بۆ پێشنیازی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دایناون، ئەم هەنگاوەش قەبارەی ئەو ئاڵۆزییانە نیشان دەدات کە هێشتا رێگرن لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی کۆتایی نێوان هەردوولا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکە، واشنتۆن مەرجی داناوە کە هیچ قەرەبوویەک بە ئێران نەدرێت، هاوکات لەگەڵ رادەستکردنی نزیکەی 400 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

هەروەها مەرجەکانی ئەمریکا، بەپێی زانیارییەکانی "فارس"، هێشتنەوەی کارکردنی تەنها یەک کۆمەڵە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، و نەدانی تەنانەت 25٪ ی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لەخۆدەگرێت.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، واشنتۆن مەرجی ئەوەشی داناوە کە راگرتنی شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا ببەسترێتەوە بە رەوتی دانوستانە بەردەوامەکانەوە، ئەمەش وەک یەکێک لە هەستیارترین بەندەکانی ناو پێشنیازەکەی ئەمریکا تەماشا دەکرێت.

ئەم دزەپێکردنی زانیارییانە لە کاتێکدایە کە چەقبەستوویی بەردەوام بەسەر دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێراندا زاڵە، دوای ئەوەی خولەکانی ئەم دواییانە نەیانتوانی هیچ پێشکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەدەستبهێنن، ئەمەش لە نێوەندی ئاڵوگۆڕکردنی گوشاری سیاسی و سەربازی لە نێوان هەردوولادا.