رێکخراوی تەندروستی جیهانی: ڤایرۆسی هانتا جێی نیگەرانی نییە
بڵند
١٨ی ئایاری ٢٠٢٦
رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) رایگەیاند، دوای هەڵسەنگداندنەکانیان، بۆ ڤایرۆسی هانتا، بۆیان دەرکەوتوە ڤایرۆسەکە مەترسی گەورەی نییە و چاوەڕوان دەکرێت دوای دابەزینی سەرنشینەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی چاودێری، مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.
ڕێکخراوەکە لە راگەیەندراوێکدا رونیکردەوە، کە لەسەر بنەمای نوێترین زانیارییە بەردەستەکان، دووبارە هەڵسەنگاندنیان بۆ مەترسییەکانی سەر تەندروستی گشتی کردووەتەوە و دەرکەوتووە، کە هێشتا مەترسییەکە لەسەر ئاستی جیهان بە نزمی ماوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەگەری تووشبوونی کەسانی تر لەنێو سەرنشینان و تیمی کەشتییەکەدا پێش جێبەجێکردنی رێکارەکانی کۆنتڕۆڵکردن، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دوای دابەزینی سەرنشینەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی چاودێری، مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.
بەپێی گوتەی بەرپرسان، چاوەڕوان دەکرێت کەشتیی (MV Hondius)، کە لەلایەن کۆمپانیای "ئۆشن واید ئێکسپێدیشنس"ی هۆڵەندییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لەنێوان سەعات 10ـی سەرلەبەیانی بۆ نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە لە بەندەری رۆتەردامی هۆڵەندا لەنگەر بگرێت، ئەمەش بە مەبەستی دابەزاندنی 27 سەرنشینی سەر کەشتییەکە، کە پێکهاتوون لە 20 کارمەندی تیمی کەشتییەکە و دوو کارمەندی پزیشکی.
جێی باسە، ئەم کەشتییە گەشتیارییە دوای ئەوە بووە جێی سەرنجی میدیاکان و دەنگدانەوەی گەورەی نایەوە، کە سێ سەرنشینی بەهۆی تووشبوونیان بەو ڤایرۆسی هانتای گیانیان لەدەستدا و دەنگدانەوەی لە جیهاندا دروست کرد .



