دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند ، وەك چۆن ئیسرائیلیان رزگار كرد ، بە هەمان شێوە ناتانیاهۆش لە دادگاییكردن رزگار دەكەن .
ترەمپ لە تۆری كۆمەڵایەتی تروس سۆشیال نوسیویەتی ، سەری سورماوە لەوەی كە دەوڵەتی ئیسرائیل لە كاتێكدا كە تازە یەكێك لە گەورەترین ساتەكانی لە مێژوودا بە خۆوە بینیوە ، بەردەوامیی دەدات بە هەڵمەتێكی بێ مانا دژی سەرۆك وەزیرانەكەی.
هەروەها دوپاتیكردوەتەوە كە لەگەڵ ناتانیاهۆ پێكەوە بە دۆزەخدا تێپەریون كاتێك روبەروی دوژمنێكی كۆن و سەرسەخت و زیرەك بونەتەوە و توانیویانە یەكێك لە گەورەترین و بەهێزترین بەرنامە ئەتۆمییەكانی جیهان بە تەواوی لەناو بەرن.
ترەمپ راشیگەیاندوە ، دادگاییكردنی ناتانیاهۆ پاڵنەری سیاسی هەیە و ئامانجیانە زیانی پێ بگەیەنن ، هەربۆیە داوایكردوە بە زوترین دادگاییكردنەكە هەڵبوەشێندرێتەوە، دوپاتیشیكردوەتەوە ئەمریكا چۆن ئیسرائیلی رزگاركرد ، بە هەمان شێوە ناتانیاهۆش لە دادگاییكردن رزگار دەكات.
دژە تیرۆری عیراق كوشتنی دوو تیرۆریستی داعشی لە ئۆپراسیۆنێكدا لە سنوری پارێزگای كەركوك راگەیاند.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزێكی تایبەت لە دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی چوار رۆژەیان لە وادی زغیتون لە باشووری خۆرهەڵاتی قەزای حەویجە لە سنوری پارێزگای كەركوك ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پشت بەستن بە زانیاریی هەواڵگریی، توانیویانە دوو سەركردەی دیاری تیرۆستانی داعش بكوژن كە بە والی ریاز و سەربازی ریاز ناسرا بوون.
هەر بە پێی راگەیەنراوەكە، ئەو هێزە ئەركەكەی بە سەركەوتوویی و بەبێ هیچ زیانێك لەنێو ئەنجامداوە، هاوكات دەستیش گیراوە بەسەر چەندین چەك و ئامێر و كەلوپەلی سەربازیدا كە بۆ كردەوەی تیرۆستی بەكارهێنراوە.
لە سلێمانی نرخی کارەبای موەلیدەی سیتییەکان بۆ مانگی شەش دیاری کرا و یەک کیلۆوات کارەبا بەرانبەر بە 242 دینارە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، نرخی کارەبای موەلیدەی سیتییەکان بۆ مانگی شەش دیاری کراوە و یەک کیلۆوات کارەبا بەرانبەرە بە 242 دینار، ئەو سیتییانەشی کە تەنها کارەبای مووەلیدەیان هەیە، نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا 226 دینارە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە موەلیدەی سەرجەم سیتییەکان پابەندی نرخەکە بن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.
لە هەرێم موەلیدە ئەهلییەکان هاوشانی کارەبای نیشتمانی، کارەبا بۆ ماڵان دابین دەکەن و مانگانە نرخەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا کە کارەبای نیشتمانی کەمدەبێتەوە و زۆرکات تەنها 4 سەعات لە رۆژێکدا دەدرێتە هاووڵاتیان، موەلیدە ئەهلییەکان تەواوکەری پێدانی کارەبا دەبن، بەوەش لەو مانگانەدا نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات بەراورد بە مانگەکانی دیکە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناوبردووە و بە دووری دەزانن ئەو وڵاتە بتوانێت بگەڕێتەوە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دەشڵێت، موشەکە بالیستییەکانی ئێران بەهێز بوون و ئیسرائیل زیانێکی زۆری پێگەیشت.
سەرۆکی ئەمریکا و ئەمینداری گشتیی ناتۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ناتۆوە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "سەرجەم دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناو برد و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لە قەبارەی زیانەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو موشەکە بالیستییانەی ئێران بۆ ئیسرائیلی هەڵدا زۆر بەهێز بوون، ئیسرائیل لە شەڕەکەدا زیانێکی زۆری پێگەیشت.
وتیشی، "ئیسرائیل نەیدەتوانی بگاتە ئەو ناوچانەی ئێران، ئەگەر ئێرانمان بۆردومان نەکردایە قبوڵی نەدەکرد بێتەوە سەر مێزی دانوستان".
باسی لەوەشکردووە، "ئەگەر ئێران بچێتەوە سەر بەنامە ئەتۆمییەکەی جارێکی دیکە بۆردومانی دەکەینەوە، بەهۆی ئەوەی بەسەر بنکەکانیدا هاتووە، باوەڕ ناکەم ئێران بگەرێتەوە سەر ئەو رێژەیەی پیتاندنی یۆرانیۆم".
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 13ی ئەم مانگەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێکرد و ماوەی 12 رۆژی تەواو بە موشەک و فڕۆکەی جەنگیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەردوولا بۆردومانی یەکیتریان کرد، تاوەکو لە 22ی ئەم مانگەدا و دوای بەشداری ئەمریکا لە شەڕەکەدا، لە رێگەی فڕۆکەی B-2 سەرجەم بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردومان کرد و دواتر ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتەی راگەیاند.
پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسای راگرتنی هاوكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند كرد.
پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەنگیان لەسەر پرۆژە یاسایەك بۆ راگرتنی هاوكارییەكانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم داوە.
هاوكات، عەلی رەزا سەلیمی ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی ئێران، ئاماژە بەوەكردووە، ئەندامانی پەرلەمان بە كۆی دەنگ هەموو بڕگەكانی پرۆژە یاسایاكەیان پەسەند كردوە.
هەروەها، محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران زۆر بە خێراتر دەستپێدەكاتەوە.
وتیشی، پێویستە رافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە تۆمەتی سیخوری بۆ ئیسرائیل دادگایی بكرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە، لە رۆژی سێشەممە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم داویكرد چاودێریكردنی دامەزراوە ئەتۆمیەكانی ئێران لە لایەن رێكخراوەكەیانەوە دەستپێبكاتەوە.
ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا لە دوای راپۆرتێكی ئەو رێكخراوە دەستیپێكرد كە تێیدا ئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە پابەندی یاسا و رێساكانی ئاژانسەكە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی نەبووە.
زانکۆی سلێمانی دەستپێشخەرییەک بۆ بەکارهێنانەوەی ئاوی ئاوەڕۆی تانجەرۆ پێشکەش دەکات، کە ئامانج لێی چارەسەری ئاوەڕۆی تانجەرۆیە.
زانکۆی سلێمانی رایگەیاندووە، رۆژی 23ی ئەم مانگە سەردانی تانجەرۆیان کردووە، بە مەبەستی دۆزینەوەی دەرفەتێك بۆ دروستكردنی زۆنگاوی دەستكرد لە ناوچەكەدا، هاوشێوەی پڕۆژەی زۆنگاوی دەستكردی ناو زانكۆی سلێمانی.
بەپێی ماڵپەڕی رەسمیی زانکۆی سلێمانی، تیمی زانکۆ دەیانەوێت هاوشێوەی پڕۆژەی زۆنگاوی دەستكردی ناو زانكۆی سلێمانی، لە ناوچەی تانجەرۆش هەمان پڕۆژە دووبارە بکەنەوە، كە بریتییە لە چارەسەركردنی ئاوی ئاوەڕۆ و دووبارە بەكارهێنانەوەی.
گرفتی ئاوی تانجەرۆ لە سلێمانی ماوەی چەند ساڵێکە بەردەوامە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاودا دەگەڕێن بۆی کە لەگەڵ سروشت و جوگرافیای ناوچەکەدا بگونجێت. بەهۆی ئەوەی کە ئاوی بەشێکی ئاوەڕۆکانی سلێمانی دەچنەوە ئەوێ و ئەوەش زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی.
لێپرسراوێكی ئەمریكا ئاشكرای دەكات گفتوگۆكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران بەردەوامە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكان.
ستێڤ ویكتۆف، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی فۆكس نیوز رایگەیاند: لەگەڵ دەستپێكردنی ئاگربەست لە نێوان تاران و تەلئەبیب، گفتوگۆكانی نێوان واشنتۆن و تاران دەستی پێكردوەتەوە.
وتیشی گفتوگۆكانی نێوان ئەمریكا و ئێران كە لە رێگەی نێوەندگیرەوە دەكرێن هیوا بەخشە و واشنتۆن دەیەوێت بە دەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكان بگاتە رێكەوتنێكی بەرفراوان و هەمەلایەنە بۆ ئاشتیی لەگەڵ تاران.
نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست وتیشی: ئێستا كاتی دانیشتن و دانوستانە لەگەڵ ئێران و پێویستە ئەو وڵاتە تێبگات كە نابێت بە هێچ شێوەیەك بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم چونكە ئەوەی ئاشكرایە بەهۆی هێرشەكانەوە توانای ئەو وڵاتە بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی بە تەواوەتی لەناو چوە.
رۆژی شەممە رێورەسمی باخاكسپاردنی فەرماندە و زانا ئەتۆمییەكانی ئێران لە تاران بەرێوەدەچێت كە لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژران پێنج شەممەش فەرماندەی سوپای پاسداران لە ئەسفەهان بەخاكدەسپێردرێـت.
ئاژانسی هەواڵی ئێرنای ئێرانی بڵاویكردوەتەوە، رۆژی پێنج شەممە رێورەسمی بەخاكسپاردنی حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران لە ئەسفەهان بەرێوەدەچێت .
رۆژی شەممەش رێورەسمێكی تری رەسمی لە تاران رێك دەخریت بۆ بەخاكسپاردنی ئەو فەرماندە سەربازیی و زانا ئەتۆمییانەی كە لە جەنگی 12رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژران و رێورەسمەكە لە سەعات 8 ی بەیانیەوە دەستپێدەكات.
سەنتەری فریاکەوتنی خێرای تەندروستی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتیان دەکاتەوە کە بەهۆی چاکسازی تەکنیکی لە سیستەمەکاندا، هێڵی گەرمی ژمارە 122 لە کاتژمێر 12:00ی شەو تا کاتژمێر 7:00ی بەیانی لەکار دەکەوێت.
لە ماوەی لەکارکەوتنی خەتی سەرەکیدا، هاوڵاتیان دەتوانن لە حاڵەتی فریاکەوتن و کارەساتەکاندا پەیوەندی بە ژمارە جێگرەوەکان بکەن کە بریتین لە :
سەنتەری فریاکەوتنی خێرا جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئەم ژمارانە بە شێوەیەکی بەردەوام 24کاتژمێر لە خزمەتی هاوڵاتیاندان و هیچ تێچووێکیان نییە.
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کۆتاییهاتنی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلی راگەیاند، چارەنووسی شەڕی غەززە لە نێوان تەل ئەبیب و بزوتنەوەی حەماس هێشتا نادیارە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە رایگەیاندبوو کە گەیشتوونەتە رێکەوتنێک بۆ ئاگربەستی تەواو لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا.
بەڵام ئاگربەستەکەی نێوان تاران و تەل ئەبیب زۆر درێژەی نەکێشا، چونکە هەردوو لا تۆمەتی پێشێلکردنی رێکەوتنەکەیان خستە ئەستۆی یەک و هەڕەشەیان لە هێرشکردنە سەر یەک کرد.
سەرۆکی ئەمریکی ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکی نوێدا رایگەیاند کە هەردوو ئیسرائیل و ئێران ئاگربەستەکەیان پێشێل کردووە کە پێشتر رایگەیاندبوو، و وتیشی کە "رازی نیم لە هیچ کامیان، بەتایبەتی ئیسرائیل".
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامن:
فریاگوزار و دانیشتووانی غەزە رایانگەیاندووە، کە تەنای ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی ئیسرائیل بەلایەنی کەمەوە 40 فەلەستینییان لە ئەو ناوچەیە کوشتووە و فەرمانی گواستنەوەی نوێیان بۆ دانیشتووانەکە دەرکردووە.
بەپێی راپۆرتێکی سکای نیوز؛ رێکەوتنەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل هیوایەکی بۆ فەلەستینییەکان گەڕاندووەتەوە کە شەڕی نێو شار و ناوچەی ئەوانیش کە زیاتر لە 20 مانگە بەردەوامە، کۆتایی پێبێت. کە بووەتە هۆی کوژران و ئاوارەکردنی زۆرێک لە دانیشتووانی ناوچەکە.
سەرچاوەکانی نزیک لە حەماس بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە؛ چەند هەوڵێکی نوێ بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە گفتوگۆ هەیە لە فەلەستین.
سەرچاوەکان رایانگەیاندووە؛ کە حەماس ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەر پێشنیارێک کە "کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و کشانەوەی ئیسرائیل لە غەزە جێبەجێبکات".
فەڕەنسا و ئەڵمانیا داوای ئاگربەست دەکەن لە غەززە:
سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، ئەمڕۆ سێشەممە، کاتژمێرێک دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران – ئیسرائیل، جەختی لەسەر گرنگی گەیشتن بە ئاشتی لە غەززە کردەوە.
ماکرۆن لە سەردانێکی رەسمیدا بۆ ئۆسلۆ رایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی لە ئێران رودەدات، جەخت لەسەر پێویستی گەیشتن بە ئاگربەست لە غەزە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی دەکەمەوە".
لە لایەکی ترەوە، فریدریش میرتس سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا رایگەیاند، "کاتەکە هاتووە" بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە.
چارەنووسی غەززە "نادیارە"
رۆژنامەی "تایمز" ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕ لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، لەوانەیە هەندێک لەبیریان چووبێت، بەڵام هێشتا بەردەوامە و هیچ کۆتاییەکی روونی نییە.
دوای راگەیاندنی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، هاووڵاتیان و بەشێک لە بەرپرسان لە ناوخۆی ئیسرائیل داوایان کرد، کە ئیدارەی ناتانیاهۆ سود لە دەرفەتەکە وەربگیرێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و گەڕاندنەوەی بارمتەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیلی یائیر لاپید داوای کۆتاییهێنان بە هێرشە سەربازییەکەی سەر غەززەی کرد. لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسی: "ئێستا غەززە. کاتەکە هاتووە بۆ کۆتاییهێنان بەوێش. بارمتەکان بگەڕێننەوە، شەڕەکە کۆتایی بهێنن".
هەروەها کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕی غەزەیان کرد. لە راگەیەندراوێکی مەکتەبی خێزانەکانی بارمتە و ونبووەکاندا هاتووە: "داوا لە حکومەت دەکەین کە بەشداری گفتوگۆیەکی بەپەلە بکات کە ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوو: "ئۆپەراسیۆنە 12 ڕۆژییەکە لە ئێران کۆتایی پێهات - ئێستا کاتی کۆتاییهێنان بە شەڕە 627 ڕۆژییەکە".
بەڵام سموتریچ وەزیری داراییی ئیسرائیل، کە بە بۆچونە توندەکانی لەسەر حەماس بەناوبانگە، دژ بەو بۆچونانە رایگەیاند: "ئێستا بە هەموو هێزمانەوە بەرەو غەزە دەڕۆین، بۆ تەواوکردنی ئەرکەکە: لەناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکانمان".
وەزارەتی تەندروستی غەزە رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، کە ژمارەی کوژراوان لە ناوچەکە گەیشتووەتە 55،998 کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆچی دوایی "ئاوارە" کوڕی مامۆستا مەلا عەبدوڵا حەسەن زادە، پرسەنامەیەک ئاڕاستەی خانەوادەکەی دەکات و دەڵێت پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی خانەوادە سەربەرز و تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەیەکی باڵان لە خەباتی رزگاریخوازی کوردایەتیدا.
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێز مامۆستا مەلا عەبدوڵا حەسەن زادە
بە داخ و پەژارەوە هەواڵی کۆچی دوایی کاکە (ئاوارە) کوڕی بەڕێزتانم پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمەتان پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوە و کەسوکار و بنەماڵە سەربەرز و تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەیەکی باڵان لە خەباتی رزگاریخوازی کوردایەتیدا.
داواکارم لە خوای گەورە گیانی کۆچکردوو بۆ هەمیشە شادبکات، ئارامی و سەبووری بە هەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەهۆی تەقینەوەی مین لە کوێستانی مێرگەدرێژان لە حاجی ئۆمەران شوانێکی تەمەن 25 ساڵ بە سەختی بریندار بوو.
دەزگای گشتیی کاروباری مین رایگەیاند، سەعات 6ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە کوێستانی مێرگەدرێژان لە سنوری گوندی زینەوە لە حاجی ئۆمەران، شوانێکی تەمەن 25 ساڵ مینی پێدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شوێنەکە کێڵگەی مین بووە و ناوچەی قەدەغەکراو بووە.
ئەوەش هاتووە، شوانەکە لە نەخۆشخانەی چۆمان چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە و لە ئێستادا رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کراوە.
داواش لە هاووڵاتیان دەکەن، لەکاتی چون بۆ کاری شوانیی یان شاخەوانی و گەشت، پرسیار لە کەسانی شارەزای ناوچەکە بکەن و لە مین و تەقەمەنییەکانی دیکە نزیک نەکەونەوە بۆ ئەوەی دووربن لە رودانی کارەسات.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ باوەڕم وایە سەقامگیری و ئاسایش و گەشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆی بەرهەمدار و گشتگیر بە دەست دێت.
دەقی پەیامەکەی:
پێشوازی لە ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ دەکەم بۆ ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل. باوەڕێکی پتەوم بەوە هەیە کە سەقامگیری، ئاسایش و گەشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆی بەرهەمدار و گشتگیرەوە بە دەست دێت و بە لێکتێگەیشتن لەنێوان سەرجەم لایەنەکان جێگیر دەبێت.
سوپاسی سەرۆک ترامپ و سەرکردەکانی تر دەکەم بۆ کاری دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانەی تەنگژەکان لەو کاتە هەستیارەی ئێستادا.
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، دوژمانمان ناچار کرد دان بە شکستدا بنێت و تاکلایەنە شەڕ رابگرێت.
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران راگەیەنراوێکی لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و ئێران بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بە خۆڕاگری و رووبەڕووبوونەوە ئیسرائیلیان ناچار کردووە تاکلایەنە بڕیاری راگرتنی شەڕ بدات.
دەشڵێت، "دوژمنمان ناچار کرد دان بە شکستدا بنێت".
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "هێزەکانی ئێران متمانە بە دوژمن ناکەن و دەست لەسەر خەنجەر ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی نوێ ئەگەر لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام بدرێت".
دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران؛ نرخی هەریەک لە نەوت و زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 5٪ی دابەزی.
دوای 12 رۆژ لە شەڕی بەردەوام لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان، نرخی نەوت و زێڕ بەرز ببووەوە، بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتبووە 79 دۆلار، بەڵام ئێستا نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەرانبەرە بە 67 دۆلار و 91 سەنت.
هاوکات، یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 65 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەبارەی نرخی زێڕیش بەهەمان شێوە نرخەکەی دابەزینی بەخۆوە بینیوە و ئەمڕۆ سێشەممە، یەک ئۆنسە زێڕ بەرانبەرە بە سێ هەزار و 323 دۆلار.
هەروەها، نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ بەرانبەرە بە 106 هەزار و 849 دۆلار، نرخی یەک گرامیش بە 106 دۆلار و 84 سەنتە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 16ی ئەم مانگەدا و دوای تێپەڕینی چوار رۆژ بەسەر شەڕەکەدا، نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووی و یەک ئۆنسە بە سێ هەزار و 413 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە کرا.
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند، ئاسمانی باشوور عیراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کرایەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند، گەشتەکان لە بەشی باشووری وڵاتەکە ئاسایی بوونەتەوە و بەم زووانە تەواوی ئاسمانی عیراق بە رووی گەشتەکاندا دەکرێتەوە.
دوای 12 رۆژ لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و تێپەڕینی موشەکەکانی ئەو دوو وڵاتە بە ئاسمانی عیراقدا، جگە لە ئیسرایل و ئێران ئاسمانی عیراقیش بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا.
شەوی رابردوو 23ی حوزەیران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتەی راگەیاند و لەمڕۆشەوە ئاگربەستەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.