دوای سەرکەوتنی نامۆ فازیلی یاریزانی کیکبۆکسێن لە کالیفۆرنیا بەسەر جەیک بابیانی ئەمریکی، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و  دەڵێت؛ تۆ چیتر تەنها پاڵەوانێکی ئاسایی نیت، بەڵکو نوێنەرایەتیی ئیرادە و هێز و رەوشتی گەلەکەت دەکەیت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "خۆی دەڵێت ورەی لە ئازایەتی و نەبەردیی پێشمەرگە وەرگرتووە، بەڵێ پاڵەوانەکانمان ورە و وزە بە یەکتر دەبەخشن".

ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا داواکاریم لە نامۆ ئەوەیە: تۆ چیتر تەنها پاڵەوانێکی ئاسایی نیت، بەڵکو نوێنەرایەتیی ئیرادە و هێز و رەوشتی گەلەکەت دەکەیت لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکاندا و خەریکە دەبیتە پاڵەوانی ئەفسانەیی سەردەمەکەمان.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، پاڵەوانە مەزنەکان رەنگە لە یارییەکدا بدۆڕێن، بەڵام هەرگیز رەوشتی پاڵەوانێتی نادۆڕێنن و پارێزگاری لە بەها بەرزەکانی گەلەکەیان دەکەن. تکایە ببە بەو پاڵەوانە ئەفسانەییە.