پێشنیاز كراوە تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران لە عیراق بگەڕێتەوە 63 ساڵ
لازیا عەلی
١٨ی ئایاری ٢٠٢٦
لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێشنیازی كردووە تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران بگەڕێتەوە 63 ساڵ.
محەمەد جاسم خەفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، هەوڵدەدرێت پێداچوونەوە بە یاسای خانەنشنی یەكگرتوو بكرێت و پێشنیاز كراوە تەمەنی خانەنشینی بگەڕێندرێتەوە 63 ساڵ، بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەكی زیاتر سود لە توانا و پسپۆڕیی ئەو كەسانە لە دامەزراوەكاندا ببینرێت.
هەروەها سائر كەعبی ئەندامێكی دیكەی لیژنەكە وتوویەتی، ئەو پێشنیازە و هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی هێشتا لە گفتوگۆدایە و دوو لایەنی سەرەكی لەخۆدەگرێت، یەكێكیان ئەوەیە ئەو فەرمانبەرانەی درەنگ دامەزراون سود لەو سێ ساڵە وەردەگرن بۆ ئەزموون و بەدەستهێنانی شایستەی دارایی زیاتر لە كاتی خانەنشین بوونیاندا، بەڵام لایەنی دووەم ئەوەیە دەرفەتی دامەزراندنی گەنجان كەمدەبێتەوە، بۆیە پێویستە هاوسەنگی هەبێت لە پاراستنی مافی فەرمانبەرانی ئێستا و دەرچووانی نوێدا بۆ دامەزراندن.



