عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، "کۆماری ئیسلامی ئێران ئەگەر بیویستایە دوای چەکی ناوەکی بکەوێت، تا ئێستا بەدەستی هێنابوو، چونکە توانای هەیە. بەڵام بەهۆی فەتوای پێشەوای شۆڕش کە چەکی ناوەکی حەرامە، ئارەزوو و بڕیاری دروستکردنی چەکی ناوەکی نییە."
وەزیری دەرەوە وتیشی "ئێمە لە بنەڕەتدا ئەو کەسە نین کە لە مافی خۆمان و مافی نەوەکانی داهاتومان خۆشبین لەبەر ئەوەی چەند کەسێک گومانیان لە نێتمان بۆ بەرنامە ناوەکیەکانمان هەیە."
سەبارەت بە دانوستانەکان کە وابڕیارە سبەینێ لە رۆما بەڕێوەبچێت رایگەیاند: "لە ئێستادا شەڕی دانوستان و گفتوگۆ دەکەین و هەوڵی سەپاندنی ئیرادەی خۆمان دەدەین"
وابڕیارە سبەینێ هەینی؛ هەردوو وەفدی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری عومان بۆ جاری پێنجەم کۆببنەوە و ئەم خولەی دانوستانەکانیش بە قورسترین خول دادەنرێت لە نێوان ئەو دوو وڵاتە.
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان بڕیاریدا لە ساڵی داهاتووەوە بڕیاری هەژماركردنی ئارەزوومەندانەی نمرەی وانەكانی زمانی كوردی و عەرەبی هەڵدەوەشێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان لە نوسراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیاردراوە لە ساڵی داهاتووەوە، بڕیاری ئەژماركردنی ئارەزوومەندانەی نمرەی وانەكانی كوردی و عەرەبی هەڵبوەشێنێتەوە.
دەشڵێت، ئەو خوێندكارانەی لە ساڵی داهاتووەوە لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن وانەی زمانی كوردی و عەرەبی وەك سەرجەم وانەكانی تر لە سیستمی وەرگرتن هەژمار دەكرێت بۆیان.
داواشی لە وەزارەتی پەروەردە كردووە، ئاگاداری سەرجەم خوێندكاران و قوتابییان بكاتەوە بەمەبەستی ئاگاداربوون لەو بڕیارەی وەزارەتەكەیان.
ئەو بڕیارە لە كۆبوونەوەی ژمارە (7)ی ساڵی (2022)ی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچوە، بەڵام جێبەجێكردنی بۆ ساڵی داهاتو دواخراوە.
حکومەتی چین رۆژی پێنجشەممە داوای لە ئەمریکا کرد کە واز لە "تۆمەتی نابەرپرسانە" دژی چین و روسیا بهێنێت، لە هەمان کاتدا پابەندبونی خۆی بە بەکارهێنانی ئاشتیانەی بۆشایی ئاسمان دوپاتکردەوە.
ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە "چین هەمیشە پابەندە بە بەکارهێنانی ئاشتیانەی بۆشایی ئاسمان و پشتیوانی پێشبڕکێی چەککردن لە بۆشایی ئاسمان دەکات".
وەزارەتی دەرەوەی چین بەرانبەر لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، بەتایبەتی جەنەڕاڵ چانس سالتزمان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆشایی ئاسمانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا، کە بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە روسیا و چین خاوەنی چەکن کە "گەورەترین مەترسی" لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە بۆشایی ئاسماندا دروست دەکەن.
داواکاری چین لە واشنتۆن:
ماو نینگ داوای لە ئەمریکا کرد کە:
- واز لە لێدوانی نابەرپرسیارانە بهێنێت
- وەستانی فراوانکردنی جبەخانەی سەربازی
- راگرتنی ئامادەکاری بۆ شەڕ لە بۆشایی ئاسمان
لەبری ئەوانە، داوای لە ئەمریکا کرد کاربکات بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە بۆشایی ئاسماندا.
رەتکردنەوەی تۆمەتەکان:
ئەو بەرپرسە چینیە جەختی لەوە کردەوە کە پەکین "بەنیازی ئەوە نییە لەگەڵ هیچ لایەنێکدا بچێتە ناو پێشبڕکێی بۆشایی ئاسمانەوە، هەروەها بەدوای هەژمونی بۆشایی ئاسمانیشدا نییە".
ماو نینگ تۆمەتی ئەمریکای رەتکردەوە و وتی: "ئەمریکا بە ئاشکرا رایگەیاندوە کە بۆشایی ئاسمان سەنگەرێکی شەڕە و بەردەوامە لە بنیاتنانی هێزەکانی لە بۆشایی ئاسمان و دروستکردنی هاوپەیمانی سەربازی".
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو رەوشە "مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر ئاسایش و گەشەپێدانی هەمو مرۆڤایەتی دروست دەکات".
لە کۆتایی قسەکانیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین داوای هاوکاری نێودەوڵەتی لە بۆشایی ئاسمان کرد کە "لەسەر بنەمای ئاشتی و یەکسانی بێت، دور لە لۆژیکی روبەڕوبونەوە و ململانێی جیۆپۆلەتیکی".
پڕۆگرامی "گۆڵدن دۆم"ی ترەمپ:
لە پێوەندی بەم بابەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دیدگای پێشنیارکراوی خۆی بۆ پرۆگرامی بەرگری مووشەکی "گۆڵدن دۆم" راگەیاند و وتی:
بەرنامەی گۆڵدن دۆم کە تێچوی 175 ملیار دۆلارە، یەکەم بەرنامەیە لە جۆری خۆیدا کە جێگیرکردنی چەکی ئەمریکی لە بۆشایی ئاسماندا لەخۆبگرێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی 5ـی 2025، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە د. مایکل ویلیام موڵنکس سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی و وەفدی یاوەری کرد.
لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی سود وەرگرتن لە شارەزایی وڵاتانی پێشکەوتوو لە دامەزراندنی زانکۆکان لەسەر بنەمای زانستی رەسەن کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە گەشەپێدانی ئەکادیمی و پرۆگرامی داهێنەرانە کە هاوتەریبێت لەگەڵ پێشکەوتنە زانستییەکاندا، نوێنەرایەتی هێزێکی بزوێنەری راستەقینە بۆ پێشکەوتن و پشتیوانی لە بزووتنەوەی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی وڵات دەکات.
هەروەها سەرۆک کۆمار ستایشی هەوڵەکانی ستافی زانکۆی ئەمریکی و بەشداریکردنیان لەدەرچوونی پۆلێک خوێندکارانی شارەزای لەبوارە پسپۆڕییەکانیاندا کرد، هاوکات دەستخۆشی لەشێوازی وانەوتنەوەکانی زانکۆ و ئەو پرۆگرامە مۆدێرنانەی کرد کە بە خوێندکاران دەوترێتەوە.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی وەفدەکە، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گرنگیدانی سەرۆک کۆمار دەربڕی بە پەرەپێدانی بواری مرۆیی و ئەکادیمی و پەروەردەیی لە عیراقدا و بانگهێشتی سەرۆک کۆماری کرد بۆ بەشداریکردن لەئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی خولی 2024-2025ـی زانکۆی ئەمریکی.
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە رایگەیاند، كاریگەری هەڵوەشانەوەی پەكەكە لەسەر رۆژئاوای كوردستان ئەرێنییەو وادەكات هیچ بیانوویەك بۆ توركیا نەبێت پەلاماری رۆژئاوا بدات.
ئاڵدار خەلیل بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو هێزانەی رۆژئاوا دەپارێزن، هیچ پەیوەندییەكیان بە پەكەكەوە نییەو توركیا مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە داهاتووی ئەو هێزانە بكات.
سەبارەت بەرێككەوتنی رۆژئاواو دیمەشقیش، ئاڵدار خەلیل وتی، تا ئێستا رێككەوتنەكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆی ئەوەی دیمەشق تاك لایەنانە دەستورێكیان راگەیاند، هەربۆیە دیمەشق سوورە لەسەر سوریایەكی ناوەندی و رۆژئاواش ئەوە رەتدەكاتەوە.
ئاشكراشیكرد، بەمزوانە وەفدێكی كوردی دروستدەكرێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە واشنتۆن "فەرمانگەی ئیبراهیمی"ی دامەزراندووە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو وڵاتە عەرەبیانەی ئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، هەروەها جەختی کردەوە کە سعودیە ئامادەیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە پیشان داوە.
لە لێدوانێکدا لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، روبیۆ رایگەیاند: "سعودیە ئامادەیی پیشانداوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام هەندێک رێگری هەن، بۆنموونە 7ـی ئۆکتۆبەر و جەنگی غەززە، هاوکات ئیسرائیلیش ئامادەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵیان."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە فەرمانگەکەیان چالاکانە کاردەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت بێنە ناو رێککەوتنی ئیبراهیمییەوە، کە لە ئێستادا چەندین وڵاتی عەرەبی لەوانە ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سودان لەخۆ دەگرێت.
رۆبیۆ هەروەها بەڵێنی دا: "بە دڵنیاییەوە پێش کۆتایی ئەمساڵ هەواڵی خۆشمان دەبێت، سەبارەت بە ژمارەیەک وڵاتی دیکەش کە ئامادەن بەشدار ببن".
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای جەنگی غەززە، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل تووشی ئاڵۆزی بووە، بەڵام ئەمریکا هەوڵ دەدات لە پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بەردەوام بێت و وڵاتانی دیکەش هان بدات پەیوەست ببن بە رێککەوتنی ئیبراهیمییەوە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، فەرمانی بۆ دوورخستنەوەی چوار بەرپرسی پایەبەرزی سەربازی دەرکرد، پاش ئەوەی دوو خوێندکار لە کاتی مەشق و راهێناندا لە کۆلێژی سەربازی چوارەم لە پارێزگای زیقار گیانیان لەدەستدا.
بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراقەوە بڵاوکرایەوە، سودانی بڕیاری داوە کە سەرۆکی ئەکادیمیای سەربازی، یاریدەدەرەکەی، عەمیدی کۆلێژی سەربازی چوارەم و فەرماندەی فەوجی تایبەتمەند لە پۆستەکانیان دووربخرێنەوە و پاشان بە تەواوەتی لە ئەرکەکانیان لابدرێن.
هەروەها سەرۆک وەزیران فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە داوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون لە روداوەکەدا کە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەی خوێندکارانیش.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوەش کرد کە سودانی بڕیاری داوە پلەی مولازم بە دوو خوێندکارە گیانلەدەستداوەکە ببەخشێت و بە شەهید هەژمار بکرێن.
هەروەها داوای کردووە مامەڵەیەکی گونجاو و باش لەگەڵ سەرجەم ئەو خوێندکارانە بکرێت کە لە کۆلێژ و خولە سەربازییەکاندا مەشق و راهێنان دەکەن و بە هیچ جۆرێک زیانیان پێنەگەیەندرێت.
شایەنی باسە کە دوو خوێندکار لە کۆلێژی سەربازی چوارەم لە پارێزگای زیقار ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی ئەشکەنجە و مەشق و راهێنانی قورسەوە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئامادەیی خۆی بۆ "کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، بەڵام بە مەرج" ئاشکرا کرد.
ناتانیاهۆلە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئامادەم کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنم، بەڵام بە مەرجێک کە گەرەنتی ئاسایشی ئیسرائیل بکرێت و رێگری بکرێت لە مانەوەی غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی حەماس دا.
ئەمڕۆ چوارشەممە بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئامادەیی خۆی بۆ "کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، بەڵام بە مەرج" ئاشکرا کرد.
ناتانیاهۆلە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئامادەم کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنم، بەڵام بە مەرجێک کە گەرەنتی ئاسایشی ئیسرائیل بکرێت و رێگری بکرێت لە مانەوەی غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی حەماس دا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەگەری ئاگربەست هەبێت بۆ گەڕانەوەی رفێنراوەکان، ئێمە ئامادەین، بەڵام ئاگربەستێکی کاتی دەبێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هێزەکانمان بە توندی هێرش دەکەنە سەر حەماس، منیش وەزیری بەرگریم ئاڕاستە کردووە کە هێرشی زیاتر و بەهێزتر ئەنجام بدات، هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە دەخرێنە ناو ناوچە ئەمنەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێمەوە.
ناتانیاهۆجەختی لەوە کردەوە کە حکومەتەکەی "پابەندە بە گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی شەڕەکە لە غەززە، و کارەکان هێشتا کۆتاییان نەهاتووە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "20 زیندانی زیندوو و 38 تەرم هەیە، ئێمەش کاردەکەین بۆ وەرگرتنەوەی هەموویان".
سەبارەت بە یارمەتییەکان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی، "ئێمە کاردەکەین، لە قۆناغی یەکەمدا، بۆ هێنانی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە بۆ ئەوەی قەیرانی مرۆیی رونەدات."
جەختیشی لەوە کردەوە کە "حەماس بەشێکی زۆری هاوکارییەکان دەبات و دەیفرۆشێت بۆ دابینکردنی دارایی بزووتنەوەکە"، رونیشیکردەوە، "دۆستەکانمان پشتگیریمان دەکەن، بەڵام ئاگاداری برسێتی یان قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززەن".
سەبارەت بە ئێران، نەتانیاهۆ وتی: ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت یۆرانیۆم پیتاندن بکات و مافی بەرگریکردن لە خۆمان دەپارێزین.
ناوبراو وتیشی: پشتگیری لە هەر رێککەوتنێک دەکەین لەگەڵ ئێران کە ببێتە هۆی رێگری کردن لە پیتاندنی یۆرانیۆم و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.
هەروەها نەتانیاهۆ هەڕەشەی لە حوسییەکان کرد و رایگەیاند ئیسرائیل "زەربەی توندی داوە لێیان، بەڵام هێشتا قسەی کۆتاییمان نەکردووە".
وەزارەتی دەرەوەی عومان رایگەیاند کە پێنجەمین گەڕی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی هەینی 23ـی مانگ لە ڕۆما، پایتەختی ئیتاڵیا، بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عومان لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، "گەڕی پێنجەمی دانوستانی ئێران و ئەمریکا لە رۆما رۆژی هەینی بەڕێوەدەچێت."
تاکو ئێستا هیچ کام لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ئەمریکا بە رەسمی پشتڕاستی ئەم هەواڵەیان نەکردووەتەوە، بەڵام سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عومان وەک نێوەندگیر رۆڵێکی گرنگی لەم دانوستانانەدا دەبینێت.
ئەم خولەی دانوستانەکان لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە هەردولا بەردەوامن لە لێدوانی دژ بە یەک و هاوکات، لە ئاستی باڵای ئێران، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران رۆژی سێشەممە، گومانی خۆی دەربڕی لەوەی کە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا بگاتە ئەنجام.
لە راپۆرتێکی نوێدا، نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە پارێزگای بەسرە ئاشکرای کردووە کە رێژەی هەژاریی لەم پارێزگایە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو زیادبوون چووە، بەجۆرێک کە زیاتر لە 40%ـی دانیشتوانی ئەم پارێزگایە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بێبەشن.
مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیای ناوخۆی عیراق رایگەیاند: "پێویستە لەسەر هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەسرە، چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و چ ئەوانەی کە هێشتا نەگەیشتوونەتە دەسەڵات، ناکۆکییە سیاسییەکان وەلا بنێن و سەرنجی زیاتر بخەنە سەر دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان".
تەمیمی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە: "داتا و ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە زیاتر لە 40%ـی دانیشتوانی بەسرە هێشتا شوێنی نیشتەجێبوونی شایستە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان نییە، هەروەها بەگوێرەی پێوەری وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بۆ پێناسەی هەژاری، رێژەی هەژاریی لە پارێزگاکەدا لە 40% زیاترە. ئەم ژمارانە رەنگدانەوەی قەیرانێکی ئابووریی ڕاستەقینەن کە پێویستی بە چارەکردنی بەپەلە هەیە".
بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە هەروەها ئاماژەی بە کێشەی ژینگەیی لە پارێزگاکەدا کرد و گوتی: "بەسرە بەدەست پیسبوونی ئاو و خاک و هەواوە گیرۆدەیە، کە مەترسییەکەی لە هەندێک ناوچەدا دەگاتە سەرووی 50%. ئەمەش مەترسی راستەوخۆی بۆ سەر تەندروستیی گشتی هەیە".
شایانی باسە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی بەسرە بە 3.5 ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت، کە 9%ـی کۆی دانیشتوانی عێراق پێک دەهێنێت. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم پارێزگایە دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و چەندین بەندەری بازرگانی گرنگی تێدایە، بەڵام رێژەی بێکاریی و هەژاریی تێیدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزە. هەروەها ئەم پارێزگایە لە رێژەی بێکارییدا لە پلەی چوارەم دێت لە دوای پارێزگاکانی نەینەوا، موسەننا و زیقار بە ڕێژەی 21.8%.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ژەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عیراق و سوریا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە دواین هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو وەفدی دانووستانکاری پارتی و یەکێتی و روونیکردەوە کە کۆبوونەوەکە بە گشتی ئەرێنی بووە و هەنگاوێکی دیکە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ نزیکتر بووینەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا، هەردوولا هاوڕابوون سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی کورد و تورک و هەموو ناوچەکەدایە و بە پێویستیشیان زانی هەردوولایەنی کێشە بەپێی نەخشەرێگایەک هەنگاوی پێویست بنێن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
سەبارەت بە دۆخی سوریاش، هەردوولا گەشیبینی خۆیان دەربڕی کە لە سوریای نوێدا هەموو پێکهاتەکان مافەکانیان پارێزراوبێت و بە پێویستیشیان زانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر هاوکاربێت تا سوریای نوێ بتوانێت بەرەو سەقامگیری و جێگیرکردنی سیستمێک هەنگاوبنێت کە لە ئاستی چاوەڕوانی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەدابێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی 5ـی 2025، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی کرد لە ژەنەڕاڵ کریستۆڤەر هەنتزی، فەرماندەی نوێی نێردەی ناتۆ لەعیراق بە ئامادەبوونی فەرماندەی پێشوو ژەنەڕاڵ لۆکاس شوایەرز.
لەمیانەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار، بەخێرهاتنی هەردوو سەرکردەی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرک و کارەکانیان و باسیان لەچۆنیەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و هاوپەیمانی ناتۆ کرد لەبوارەکانی پەیوەست بە بنیاتنانی توانا و پاڵپشتی لۆجستی بۆ هێزە چەکدارەکانی عیراق و راوێژکاری و راهێنان.
سەرۆک کۆماری کۆمار ئاماژەی بەگرنگی پەرەپێدانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عیراق و توانایان بۆ روبەڕوبونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان کرد، کە ببێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
هەر لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە رەوش و پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە کرا و سەرۆک کۆمار دوپاتی لە گرنگی فراوانکردنی هاریکاری دوو قۆڵی نێوان عیراق و ناتۆ کردەوە، بەجۆرێک کەبەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان و ئاسایشی ئەلکترۆنی و سیستمی هەواڵگری لەخۆ بگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
لەلای خۆیەوە ژەنەڕاڵ کریستۆڤەر هەنتزی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار و پەرۆشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ناتۆ دەربڕی، جەختیشی لەهەوڵەکانی ناتۆ بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی لە عیراق کردەوە بە شێوەیەک کەخواستەکانی گەلی عێراق بۆ ئاسایش و سەقامگیری بەدیبهێنێت.
سوپای ئیسرائیل لە غەززە تەقە لە وەفدێكی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی دەكات و ناچاریان دەكەن غەززە جێبهێڵن.
میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ هێزەكانی ئیسرائیل لە دەروازەی رۆژهەڵاتی كەمپی پەنابەرانی جێنین، تەقەیان لە وەفدێكی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی كردووە، كە بۆ لێكۆڵینەوە لە كەمپەكە سەردانیان كردبوو.
وتیشی، بەهۆی بەردەوامی تەقەی سەربازانی سوپای ئیسرائیل كە لەو كەمپە جێگیركراون وەفدەكە ناچاربووە غەززە جێبهێڵێت و بڕوات.
راشیگەیاند، تەنها تەقەیان لەو وەفدە نەكردووە، بەڵكو تەقەیان بە رووی ئەو رۆژنامەنووسانەشدا كردووە كە هاتنی ئەو وەفدەیان گواستووەتەوە بۆ میدیاكانیان.
هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەو ئاژانسە، وەفدەكە بریتی بوون لە باڵیۆزی میسر، ئوردن، مەغریب، یەكێتی ئەوروپا، پورتوگال، چین، نەمسا، بەرازیل، بولگاریا، توركیا، ئیسپانیا، لیتوانیا، پۆڵەندا، روسیا، ژاپۆن، رۆمانیا، مەكسیك، سریلانكا، كەنەدا، هیندستان، شیلی، فەرەنسا، بەریتانیا، و ژمارەیەك نوێنەری وڵاتانی دیكە.
سەركردەیەكی پەكەكە باس لەوەدەکات، ئەگەر هێرشەكانی توركیا بەردەوام بێت بە زمانێک وەڵامی دەدەنەوە کە تێبگات و دەشڵێت، گەریلا زۆر لە جاران بە ئەزمونتر و بەهێزترە.
ئاژانسی هەواڵی فورات بەشێك لە وتەكانی موراد قەرەیلان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پارتی كرێكارانی كوردستان 'پەکەکە'ی لە كۆنگرەی 12 بڵاوكردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان بڕوایان بە رێبازی رێبەرەكەیان هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، بەڵام ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لە هێرشەكان ئەوا وەڵامیان دەبێت.
قەرەیلان وتوشییەتی، سەرەڕای ئەوەی ئەزموونی 41 ساڵ خەباتی شاخیان هەیە، بەڵام بڕوایان بە شێوازی نوێی رێبەری پەكەكە هەیە و لە هەمانكاتیشدا ئەگەر ناچار بن جارێكی دیكە و بە هێز و توانای زیاترەوە بەرەنگاری دوژمنەكانیان دەبنەوە.
ئەو سەركردەیەی پەكەكە لە كۆنگرەی 12ی پارتەكەیدا وتوویەتی: ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لە توندوتیژیی ئەوا ئەوان بەو زمانە وەڵامیان دەدەنەوە كە لێی تێدەگات.
قەرەیلان جەختی لەوە كردووەتەوە، گەریلا بە تەكنیكی نوێ و بە ئەزمونێكی زۆرەوە توانای بەرگریی و شەڕی بەهێزی هەیە بۆیە توركیا و هەمو كەسێك دەبێت ئەو راستییە بزانێت، ئەگەر پەكەكە ناچار بكرێت ئەوە هەمو بەرگرییەك لە خۆی دەكات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی 12ی ئایار، پەکەکە ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12ی خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە کۆتایی بە خەباتی چەکداریی خۆی هێناوە و لەمەودوا لەبری خەباتی چەکداریی لە فۆڕمێکی دیکەدا لە رێگای خەباتی سیاسییەوە بەردەوام دەبێت.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت، کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سەما بۆ منداڵی کارمەندەکانی کۆشکی سپی دەکات.
ساڵانە کارمەندەکانی کۆشکی سپی لە رۆژێکی دیاریکراودا بەناوی "رۆژی کچ و کوڕەکانتان ببەن بۆسەر کار" منداڵەکانیان دەبەنە سەر کارەکانیان لەگەڵ خۆیان، کە وەک وتەبێژی کۆشکی سپی باسی دەکات، بۆ ئەوەیە منداڵەکان ئاشنای شوێنی کاری دایک و باوکیان ببن.
وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، دۆناڵد ترەمپ لەو رۆژەدا لەگەڵ گۆرانییەکی بەناوبانگی ئەمریکی بەناوی YMCA، سەما بۆ منداڵەکان دەکات.
هەر لەو رۆژەدا کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی بۆ منداڵەکان رێکخست و لە هۆڵی کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی کۆشکی سپی؛ منداڵەکان کۆبوونەوە و پرسیاری جیاوازیان لەبارەی کۆشكی سپی و کارەکان و دۆناڵد ترەمپەوە لە کارۆلین کرد.
لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا کارۆلین باس لە دڵخوازترین خواردنی دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت، پێم وابێت حەزی لە "ستەیکە". یەکێک لە منداڵەکانیش لێی دەپرسێت، ئاخۆ دۆناڵد ترەمپ حەزی لە باوەشپێداکردن هەیە، بەشێکیشیان پرسیاری جددی دەکەن و باسی سنورەکانی لەگەڵذا دەکەن.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لە هەندێک شوێن دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، پلەکانی گەرماش بەنزیکەیی هاوشێوەی دوێنێ دەبن.
ئەوەشی خستووەتە روو، سبەینێ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی کەمێک هەور لە ناوچە شاخاوییەکان، هەروەها پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ بەم جۆرە دەبن:
هەولێر : 39 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 39 پلەی سیلیزی
دهۆک : 37 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 41 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 38 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 39 پلەی سیلیزی
سۆران : 35 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 27 پلەی سیلیزی
گەرمیان :44 پلەی سیلیزی