وتەبێژی وەزارەتی پلان دانانی عیراق: بەغداد بەهۆی 14 ملیۆن دانیشتووان و ئۆتۆمبێلەوە دەخنکێت
سەوسەن سەید
١٧ی ئایاری ٢٠٢٦
وتەبێژی وەزارەتی پلان دانانی عیراق رایگەیاند کە بەغدادی پایتەخت بەدەست جەنجاڵی و قەرەباڵغییەکی توندی دانیشتووان و هاتوچۆوە دەناڵێنێت، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی بەردەوامی رێژەی دانیشتووان و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان، هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی روبەری سەوزایی و بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی ژینگە.
وتەبێژی وەزارەتەکە داواش دەکات بەپێی دیدگایەکی نیشتمانیی گشتگیر، پایتەختێکی کارگێڕی نوێ دروست بکرێت.
عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلان دانان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە ئێستادا بەغدادی پایتەخت بەهۆی بوونی نزیکەی 10 ملیۆن دانیشتووان و هاتوچۆکردنی زیاتر لە چوار ملیۆن ئۆتۆمبێل لە شەقامەکانیدا دەخنکێت"، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم قەرەباڵغییە بووەتە هۆی لەناوچوونی پشتێنەی سەوزایی و زیادبوونی بەرچاوی پیسبوونی هەوا.
هینداوی جەختی لەسەر پێویستیی دەستپێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی پایتەختێکی کارگێڕی نوێ کردەوە، کە پشت بە توێژینەوەی وردی ئابووری (جدوى) و نەخشەسازییەکی گشتگیری تەلاری (شارسازی) ببەستێت، لەگەڵ دابینکردنی گەرەنتیی دارایی و کارگێڕی روون بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم هەنگاوە "دەرفەتێکی مێژووییە بۆ دووبارە رێکخستنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە نێو ژینگەیەکی مۆدێرندا کە پشت بە نەخشەسازیی زیرەک، ژێرخانی پێشکەوتوو و بەستنەوەی دیجیتاڵی دەبەستێت"،
هاوکات جەختی لە گرنگیی چەسپاندنی بنەماکانی حوکمڕانیی رەشید و پشتبەستن بە ناسنامەیەکی بینراوی دیار بۆ پڕۆژە چاوەڕوانکراوەکە کردەوە.



