دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی خاوەنی کۆگایەکی گەورە و بێ سنووری تەقەمەنیی کوالیتی بەرزە، ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕی بەردەست زۆر زیاترە لەوەی واشنتۆن بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی لە ئێران یان هەر جەنگێکی تری ئەگەری پێویستی پێیەتی.
ترەمپ لە ەاگەیەندراوێکدا کە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە بڵاویکردەوە ئاماژەی بەوە کرد: ئەمریکا بە رێژەیەکی بێپێشینە تەقەمەنی بەرهەم دەهێنێت و خەریکی کۆگاکردن و ئامادەکارییە بۆ هەر باری نائاساییەک، جەختیشی کردەوە کە واشنتۆن ئەم تەقەمەنییانە بۆ بەکارهێنانی تایبەتمەندی خۆی دەپارێزێت و بەم زووانەش فرۆشتنی بە هاوپەیمانەکانی دەستپێدەکاتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بڕێک تەقەمەنی دابووە ئۆکراین کە زۆر زیاتر بوو لەوەی ئەمریکا لە ئێران بەکاریهێناوە، بەبێ ئەوەی ئۆکرانیا تێچووەکەی لەئەستۆ بگرێت.
ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو: سەدان ملیار دۆلار بە خۆڕایی دراوەتە ئۆکراین و هاوپەیمانی ناتۆ، لە کاتێکدا دەبوو ئەوروپا ئەو تێچووانەی لەئەستۆ بگرتایە، جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا داوای گەڕاندنەوەی ئەو پارانە دەکاتەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا، ترەمپ نووسیویەتی: سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، بڕیاریدا بە بەشدارپێکردنی کۆمپانیا و چاپخانە ناوخۆییەکان لە پڕۆسەی چاپی پەڕتووکەکانی خوێندن بۆ سەرجەم قۆناغەکان.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، ئەم بڕیارەی زەیدی بە مەبەستی فراوانکردنی ئاستی بەشداریپێکردنە لە پڕۆسەکەدا، تاوەکو ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی کوالیتی چاپی پەڕتووکەکان، زامنکردنی خێرایی لە جێبەجێکردن و گەیاندنی پەڕتووکەکان لە کاتی گونجاودا بۆ قوتابیان و خوێندکاران.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە محەمەد خەفاجی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، دوێنێ چوارشەممە، چەندین پەڕاوی گەندەڵیی رادەستی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی کرد، کە لە نێویاندا دۆسیەی چاپی پەڕتووکەکانی خوێندن هەبوو بەهۆی بوونی تێبینی و گومان لەسەر شێوازی سپاردنی کارەکان بۆ هەندێک لایەن.
ئەو پەرلەمانتارە جەختیشی کردبۆوە کە کارەکان سپێردراون بە کۆمپانیاگەلێک کە هیچ ئەزموون و کارێکی هاوشێوەیان لەم بوارەدا نەبووە، ئەمە جگە لە بەلاوەنانی چەندین چاپخانە و کۆمپانیای ناوخۆیی، چ حکومی و چ کەرتی تایبەت.
قوباد تاڵەبانی پرسەنامەیەک ئاڕاستەی لەتیف هەڵمەت دەکات و رایدەگەیەنێت، بە داخ و خەمێکی قوڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی هاوسەری بەڕێزتان خاتوو 'سورەیا عەلی'ـم پێگەیشت.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال...
برای گەورە و بەڕێزم مامۆستا لەتیف هەڵمەت شاعیری گەورەیی نەتەوەیی گەلی کورد .
بە داخ و خەمێکی قوڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی هاوسەری بەڕێزتان خاتوو ( سورەیا عەلی )ـم پێگەیشت.
بۆ ئەم کۆستە گەورەیە، پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی ئێوەو بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە هەر لە سەرەتاوە وەک دەنگێکی دلێر و کورد پەروەر قەڵەمەکەت باش تیژ کردبوو بۆ پشتیوانی و سەرخستنی خەباتی رەوای گەلەکەمان.
داواکارم لە خوای باڵا دەست رۆحی کۆچکردوو بۆ هەمیشە شاد بێت سەبوری و ئارامی زیاتریش ببەخشێت.
دادگای تاوانەکانی کەرخ سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر سێ کەسدا سەپاند، دوای ئەوەی بە تۆمەتی ئاڕاستەکردنی موشەکی کاتیۆشا بۆ سەر بنکەی سەربازیی K1 لە پارێزگای کەرکوک تاوانبار کران.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادوەری، بڕیارەکە بەپێی ماددەی چوار/1 و بە ئاماژەدان بە ماددەی دووەم/1 و 7 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005 دەرچووە.
بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە سێ تۆمەتبارەکە بە ئەنجامدانی تاوانی ئاڕاستەکردنی موشەکی کاتیۆشا بەرەو بنکە سەربازییەکە و کەوتنەخوارەوەی بەشێکیان لە نزیک بارەگای فەوجی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تیمە فەرەنسییەکەی سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانان تاوانبار کران.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئامادەی رێورەسمی بەدەستهێنانی خەڵاتێکی شکۆمەندانەی جیهانی بوو لەلایەن زانکۆی سلێمانییەوە.
لەمیانی رێورەسمێکی شایستەدا لەهۆڵی کۆنگرێس و لەنێو ئاپۆڕای دڵسۆزانی سلێمانی و ئەکادیمیستانەوە بەپۆشینی جلی کوردی و بە چەپڵەڕێزان، بڕوانامەی گینس بۆ ریکۆردە جیهانییەکان بەخشرایە زانکۆی سلێمانی لەپای هەوڵێکی ژینگەیی کەخۆی بینییەوە لە نوسینی ناوی زانکۆکە بەشەش هەزار درەختی مۆرد.
ریکۆردە نوێیەکە ناوی سلێمانی و زانکۆی دایکی لەجیهاندا بەرز کردەوە و بەرەسمیی بووە خاوەنی گەورەترین رستەی بە درەخت چێندراو لەسەر ئاستی جیهان.
ئەم بڕوانامە جیهانییە دەستکەوتێکی گرنگە کەپێگەی زانکۆی سلێمانی لەبواری پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا زیاتر دەناسێنێت هاوتای بەرەوپێشچونەکانی زانکۆکە وەک هەڵگری مەشخەڵی زانست و داهێنان.
هەر لەمیانی رێورەسمەکەدا د.ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەدەستهێنانی ریکۆردەکەی گینسی بە دەستکەوتێک وەسفکرد کە رۆحی سەرۆک مام جەلال و شەهیدانی کوردستان ئاسوودەتر دەکات.
بەڵگەفیلمی "رووباری سیروان"، كە بەرهەمی بەشی ڤیم میدیایە لە دامەزراوەی ڤیم، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی لە وڵاتی ئیتالیا بەدەستهێنا.
لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ریاڵی، بەڵگەفیلمی "رووباری سیروان" لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی مانگانەی لیژنەی داوەراندا توانی خەڵاتی (وینەر ئۆڤ ئۆوگەست) لە بەشی بەڵگەفیلمدا بەدەستبهێنێت.
فیستیڤاڵی ریاڵی بایەخێكی تایبەت بە سینەمای سەربەخۆ دەدات، بەرهەمەكان لەسەر بنەمای راستگۆیی، چیرۆكی مرۆیی، بابەتی كۆمەڵایەتی و ڕەهەندەكانی ژیانی ڕۆژانە هەڵدەسەنگێنیرَت.
بەپێی سیستەمی فیستیڤاڵەكە، لیژنەی داوەران مانگانە فیلمە رەوانەكراوەكان هەڵدەسەنگێنن و فیلمە شایستەكان دەخەنە شۆرتلیستی فیلمە بەشداربەكان.
بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا و لە مانگی نوڤەمبەری ٢٠٢٦، فیلمەكە لە ناوەندی رۆشنبیریی سەنتەری رۆشنبیریی ئیل پەرتینی لە شاری میلانی وڵاتی ئیتالیا لەسەر سكرینی سینەما نمایش بكرێت.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، لە حاڵەتی ئەنجامدانی هەر هێرشێکدا بۆ سەر وڵاتەکەی، ژێرخانی سەربازی و مەدەنیی تەواوی ئێران دەکەنە ئامانج.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لە حاڵەتی ئەنجامدانی هەر هێرشێکدا بۆ سەر وڵاتەکەی لەلایەن تارانەوە، ئێران دەگەڕێننەوە بۆ "سەردەمی بەردین و تاریکی".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد،، لە بەرانبەر هەر هێرشێکدا ژێرخانی سەربازی و مەدەنیی ئێران دەکەنە ئامانج.
ئەوەشی خستەڕوو، تاران بە باشی هۆکاری هێرشنەکردنە سەر ئیسرائیل دەزانێت، ئەمەش دوای ئەو زیانە گەورانەی کە لە ئۆپراسیۆنەکانی پێشوودا بەر بەتوانای سەربازی و ئەمنیی ئەو وڵاتە کەوتوون.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی سورەیا شێخ عەلی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پرسەو سەرەخۆشی لە شاعیری گەورەی کورد لەتیف هەڵمەت وخانەوادە و ئازیزانی ئەکەم و هاوبەشی خەم و پەژارەیانم.
دەقی پەیامەکەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد...
بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی خاتوو (سورەیا شێخ عەلی)، زۆر غەمباربووم.
پرسەو سەرەخۆشی لە شاعیری گەورەی کورد برای بەڕێزم کاک لەتیف هەڵمەت وخانەوادە و ئازیزانی ئەکەم و هاوبەشی خەم و پەژارەیانم.
خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگەی بەهەشت بێت، سەبرو ئارامی بەهەمووان ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.
سوپای ئێران لە چوارچێوەی قۆناغی 31ی ئۆپراسیۆنی هەورەبرووسکە "صاعقة"، هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوەیت و ئیمارات راگەیاند، لە بەرانبەریشدا بەرگریی ئاسمانیی کوەیت بەرپەرچدانەوەی ئۆپراسیۆنەکەی ئاشکرا کرد.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانیان سیستەمەکانی پەیوەندیی مانگی دەستکرد، کۆگاکانی کەلوپەل و ئامێر و ئاشیانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئەمریکایان لە بنکەی "ئەحمەد جابڕ" لە کوەیت کردووەتە ئامانج.
بەپێی لایەنە ئێرانییەکان، هێرشەکان بوونەتە هۆی کەوتنەوەی زیان و پێکان لە سیستەمەکانی پەیوەندی و ئاشیانی فڕۆکەکاندا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە: لە چوارچێوەی هەمان ئۆپراسیۆندا، بنکە و شوێنی جێگیربوونی هێزەکان و سیستەمەکانی راداری سوپای ئەمریکا لە بنکەی "منهاد" لە ئیمارات ئامانجی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوون.
سوپای ئێران جەختیشی کردەوە: بنکەی ئەحمەد جابڕ رۆڵێکی جەوهەری لە ئامادەیی و پشتیوانیکردنی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەگێڕێت، هەروەها دووپاتی کردووەتەوە: وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئەمریکا "توند و یەکلاکەرەوە دەبێت و تا تێکشکاندنی دەستدرێژیکار بەردەوام دەبێت.
لە بەرانبەردا، دەستەی ئەرکانی سوپای کوەیت لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرپەرچی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکای داوەتەوە کە بەهۆی "دەستدرێژیی ئێران"ەوە ئەنجام دراون، ئەمەش هاوكات بووە لەگەڵ لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری وڵاتدا.
پێشتریش هێزە وشکانییەکانی سوپای ئێران ئامادەیی و بڵاوبوونەوەی یەکە سەربازییەکانیانی لەسەر سنوورەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەرەشەیەک پشتڕاست کردبووەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ کۆچی دوایی خاتوو سورەییا عەلی، هاوسەری لەتیف هەڵمەت، شاعیر و ئەدیبی دیاری کوردستان، پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆ ئەم خەمە سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی ئێوە و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەین.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...
مامۆستا لەتیف هەڵمەت، شاعیر و ئەدیبی دیاری کوردستان
بە دڵگرانی و خەمێکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی خاتوو سورەییا عەلی، هاوسەری بەڕێزتانمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی ئێوە و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەین. بەڕێزتان وەک مامۆستایەکی گەورە کە پێنووسەکەتان هەمیشە هاوسۆزی ئازار و هیواکانی نەتەوەکەمان بووە، پێگەیەکی تایبەتتان لای ئێمە و گەلەکەمان هەیە.
لە خوای گەورە داواکارین کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بە هەموولایەک ببەخشێت.
سەرۆکی روسیا دەڵێت، دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان لەگەڵ ئۆکراین لە ئارادایە، هاوکات ئامادەیی مۆسکۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر لایەنێک نیشاندا کە بەشداربێت لە بەدیهێنانی ئاشتیدا.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابوری لە رۆژهەڵاتی ئەقسای روسیا رایگەیاند، ژمارەیەک وڵات لە نێویاندا ئەمریکا و چین ئامادەن پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتییانەی جەنگی ئۆکراین بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت هەردوو دەوڵەتی بەشدار لە ململانێکە بگەنە رێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکانی نێوانیان.
سەرۆکی روسیا، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئۆکراین بەردەوامییان هەیە و پرۆسەکە لە رێگەی دەزگا تایبەت و هەواڵگرییەکانی هەردوو وڵاتەوە بەڕێوەدەچێت.
ئەم لێدوانانەی پوتن لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی بۆ ئەنجامدانی لوتکەیەکی نوێ لەگەڵ هاوتا روسییەکەی دەربڕیووە، بەڵام کۆبوونەوەکەی بەستووەتەوە بە بوونی ئامادەیی راستەقینە بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی ئاشتی کە کۆتایی بە جەنگی ئۆکراین بهێنێت.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵە هەور، پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ یەک تا دوو پلە بەرز دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما لە ئاستی تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆدا سەقامگیر دەبنەوە، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت و مەودای بینین لەنێوان 8 بۆ 10 کیلومەتردا دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر: 40 پلەی سیلیزی
پیرمام: 36 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 37 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 40 پلەی سیلیزی
دهۆک: 39 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 41 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 41 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 26 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 43 پلەی سیلیزی
دەستەی دەستپاكی فیدراڵ رێگری لە هەدەردانی زیاتر لە 34 ملیار دیناری ماڵی گشتی كرد كە هەوڵدرابوو زەوییەكی حكومیی گرانبەها بە نرخێكی زۆر كەم بفرۆشرێت.
دەستەی دەستپاكی رایگەیاندووە، لە پارێزگای ئەنبار هەوڵدرابوو زەوییەكی حكومیی 136 دۆنمیی سەر رووباری فورات، كە بەهای راستەقینەكەی زیاتر لە 37 ملیار دینارە، لەلایەن فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەتەوە بە تەنها سێ ملیار دینار بخەمڵێندرێت و بە بڕێكی زۆر كەمتر لە نرخەكەی بفرۆشرێت.
ئاماژەی بەوە كردووە، دوای دەركەوتنی جیاوازیی بەهای زەوییەكە، دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاریدا بە ڕاگرتنی پڕۆسەی زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی موڵكەكە.
لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەگەڵ نوێنەرە یاساییەكانی فەرمانگەی خانوبەرە و تاپۆی ئەنبار بەردەوامە تاوەكو سەرجەم تێوەگلاوانی ئەم دۆسیە روبەڕووی یاسا بكرێنەوە.
دەستەی حەشدی شەعبی کوژرانی کارمەندێکی هێزەکانی بەهۆی روداوێکی تەقەکردنەوە لە کەرکوک راگەیاند.
فەرماندەیی میحوەرەکانی حەشدی شەعبی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کارمەندێکیان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ئەمنیی خۆیدا لە دەوروبەری پارێزگای کەرکوک، رووبەڕووی هێرشێکی تەقەکردن بووەتەوە و کوژراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ کێوماڵکردنی ناوچەکەیان بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستپێکردووە.
لەلایەکی تریشەوە، سەبارەت بەو روداوە سەرچاوەیەکی پۆلیس لە پردێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ناحیەی پردێ ماتۆڕ سوارێک تەقەی لەخاڵێکی لیوای 16ـی حەشدی شەعبی کردووە، بەهۆیەوە چەکدارێک کوژراوە و چەکدارێکی تریش برینداربووە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە نهێنی سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەگەری راگەیاندنی کۆتاییهێنانی جەنگە لەگەڵ ئێران.
رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ لێپرسراوە باڵاکانی ئیدارەکەیدا بە نهێنی سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەگەری راگەیاندنی کۆتاییهێنانی جەنگە لەگەڵ ئێران، لە هەمان کاتدا سەربازانی وڵاتەکەی ئامادەکاری بۆ مانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ساڵی 2027 دەکەن.
رۆژنامەکە لە زاری لێپرسراوانی ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە، لە ئێستادا ترەمپ بەرەو بژارەی راگەیاندنی کۆتاییهێنانی جەنگەکە دەڕوات، بەو پێیەی پێیوایە زیاتربوونی فشارە ئابورییەکان سەرئەنجام تاران ناچار دەکات بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە یانیش رووبەڕووی مەترسیی داڕمان بێتەوە.
لەلایەکی ترەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ"، ترەمپ رایگەیاندووە، "رەوشی ئێستامان زۆر بە دڵە؛ کۆنترۆڵی نزیکەی تەواوەتیمان بەسەر گەروی هورمزدا هەیە و ئابوریی ئەوانیش بە تەواوی داڕماوە، ئەوان تەنها بەرەنگاری شتێک دەبنەوە کە لێی دەرباز نابێت. کەی گەلی ئێران رادەپەڕێت و دەکەوێتە جەنگەکەوە؟"
لە رووی سەربازییەوە، پێچەوانەی ئاراستەی لێدوانە سیاسییەکان، پێت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا بڕیاریداوە ماوەی جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ساڵی 2027 درێژ بکاتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری بەردەوامبوونی ململانێکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، لە دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا دژی ئێران، وەزیری جەنگی ئەمریکا بەڵێنی لێدانێکی خێرا و یەکلاکەرەوەی دابوو بۆ رێگری لە درێژەکێشانی جەنگ، بەڵام لە ئێستادا بە بێدەنگی ماوەی مانەوەی هێزەکان درێژ دەکاتەوە وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی سەربازیی کراوە بۆ رەخساندنی بژارەی جیاواز لە بەردەست ترەمپدا.
لە ئێستادا ئەمریکا هێزێک کە پێکهاتووە لە 50 هەزار سەرباز، 19 کەشتیی جەنگی، یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەی جەنگی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە، ئەرکی سەرەکیی ئەم هێزانە بریتییە لە رێگری لە موشەکەکانی ئێران، پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز، و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ئێراندا، هاوکات لە ئامادەباشیدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانتر ئەگەر ترەمپ بڕیاری ئاڵۆزکردنی جەنگەکە بدات.
مانگی رابردووش، ترەمپ لەلایەن یاریدەدەرە باڵاکانییەوە زانیاری لەسەر بژارەی سەربازیی نوێ پێدرا، لەوانە چڕکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان، رەوانەکردنی هێزی وشکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگە ئێرانییەکانی نزیک گەروی هورمز، و بۆردومانکردنی بنکەی ئەتۆمیی کێوی تەور.
وەزیری وزەی ئەمریکا رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی هەوڵی بردن و دزینی نەوتی ڤەنزوێلا بدات و رایدەگەیەنێت، تەواوی سود و داهاتی رێککەوتنە نەوتییەکان بۆ گەلی ڤەنزوێلان.
دوای سەردانەکەی بۆ کاراکاس، كريس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەو دەنگۆیانەی باس لە دزینی نەوتی ڤەنزوێلا دەکەن دوورن لە راستییەوە و نەوت و سامانە سروشتییەکانی ئەو وڵاتە موڵکی گەلی ڤەنزوێلان.
وەزیری وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیا تایبەتەکان سەرمایەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دابین دەکەن، بەڵام قازانج و باج و داهاتەکان بە تەواوی بۆ حکومەت و خەڵکی ڤەنزوێلا دەبن، جەختیشی کردەوە، واشنتۆن تەکنەلۆژیا و سەرمایە بۆ گەشەپێدانی سەرچاوە نەوتییەکان دابین دەکات بەجۆرێک سود بە ڤەنزوێلا و جیهان بگەیەنێت.
لەلایەکی ترەوە، لە میانی سەردانەکەی رایت بۆ کاراکاس، چەندین گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی سوتەمەنی و نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبای ڤەنزوێلا ئیمزا کران.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان هەردوو وڵات کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە راگەیەنرا، رێگە بە ئەمریکا دەدات بەشداری لە بەڕێوەبردنی بەشێک لە یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا بکات، لە بەرانبەردا پێشبینی دەکرێت ڤەنزوێلا لە ماوەی 25 ساڵدا زیاتر لە 200 ملیار دۆلار داهاتی دەستبکەوێت.