بۆ یەکەمجار.. فیلمێکی سینەمایی درێژ لە کارتۆنی بەناوبانگی "ماشا و ورچ" بەرهەمدەهێندرێت
سەوسەن سەید
١٧ی ئایاری ٢٠٢٦
ئۆلیگ کۆزۆڤکۆف، داهێنەری زنجیرە کارتۆنی بەناوبانگی جیهانی "ماشا و ورچ" (Masha and the Bear)، ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە بۆ بەرهەمهێنانی یەکەمین فیلمی سینەمایی درێژ و رەسەن کە پشتبەستوو بێت بە سەرکێشییەکانی ئەم دوو کەسایەتییە دڵخوازەی منداڵان.
ئەم هەنگاوە نوێیە دوای ئەو سەرکەوتنە بێوێنە و گەورەیە دێت کە زنجیرەکە لەسەر ئاستی جیهان بەدەستیهێناوە، بەجۆرێک بینەرانی "ماشا و ورچ" لەسەر سەکۆی یوتیوب هەموو پێشبینییەکانی تێپەڕاندووە و یەکێک لە ئەڵقەکانی بووەتە خاوەنی بەرزترین رێژەی بینین لە مێژووی یوتیوبدا بۆ ڤیدیۆیەکی ناومۆسیقی. ئەڵقەی کورتە فیلمی "ماشا و ورچ، رەچەتەی کارەسات" توانیویەتی زیاتر لە 4.6 ملیار بینەر کۆبکاتەوە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، کۆزۆڤکۆف جۆش و خرۆشێکی زۆری هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە سینەماییە، و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی بازاڕی فیلم لە فێستیڤاڵی سینەمایی کان، ستۆدیۆیەکی نێودەوڵەتیی تایبەتمەندی بۆ بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە و بەشەکانی داهاتووی دامەزراندووە. چاوەڕوانیش دەکرێت کارەکانی ئەم فیلمە سینەماییە درێژە تا کۆتایی ساڵی 2028 بە تەواوی کۆتایی پێبێت.
جێی ئاماژەیە، پێشتر بینەران ناونیشانی "ماشا و ورچ"یان لە هۆڵەکانی سینەمادا بینیوە، بەڵام ئەو ئەزموونانەی پێشوو فیلمی سینەمایی درێژ نەبوون کە وەک یەک چیرۆکی یەکگرتوو بۆ سینەما نووسرابێتن، بەڵکو تەنها "فیلمی کۆکراوە" بوون کە چەندین ئەڵقەی تەلەفزیۆنی و کورتە چیرۆکیان لەخۆدەگرت. بەم پێیەش، پڕۆژەکەی ساڵی 2028دەبێتە یەکەمین فیلمی سینەمایی رەسەن لە مێژووی ئەم زنجیرەیەدا.



