دادگای باڵای سعودیە داوا لە سەرجەم موسڵمانان دەکات ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە چاودێریی بینینی مانگی (زی الحجە) بکەن

دادگای باڵای شانشینی عەرەبیی سعودیە، داوای لە سەرجەم موسڵمانان لە سەرتاسەری وڵاتەکە کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، چاودێریی بینینی مانگی نوێی مانگی (زی الحجە)ی ساڵی1447ی کۆچی بکەن.

دادگای باڵا لە بەیاننامەیەکی رەسمیدا رونی کردووەتەوە، پرۆسەی چاودێریکردنی مانگ ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەدەچێت، کە بەپێی رۆژژمێری "ئومولقورا" دەبێتە 30ی مانگی (زی القعدة)، و بەپێی بڕیاری پێشووی دادگای باڵاش دەبێتە29ی هەمان مانگ.

دادگای باڵا داوای لە هەر کەسێک کردووە کە بە چاوی ئاسایی یان لە رێگەی دووربینەوە (تەلسکۆب) مانگ دەبینێت، سەردانی نزیکترین دادگا بکات بۆ تۆمارکردنی شایەتیدانەکەی، یان پەیوەندی بە نزیکترین ناوەندەوە بکات بۆ یارمەتیدانی لە گەیشتن بە دادگای پەیوەندیدار.

موسڵمانان لە سعوودیە و جیهانی ئیسلامیدا بە بایەخێکی زۆرەوە چاوەڕێی ئەنجامی ئەم چاودێریکردنە دەکەن؛ ئەمەش بەهۆی ئەو گرنگییە تایبەتەی مانگی (ذی الحجة) لە رۆژژمێری کۆچیدا هەیەتی، چونکە بینینی شەرعیی مانگەکە بەستراوەتەوە بە دیاریکردنی کاتی وردی بۆنە ئاینییە گەورەکان و مناسیکەکانی حەج، کە لە سەرووی هەموویانەوە دیاریکردنی ڕۆژی وەستانی عەرەفە و یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزی ساڵی2026ە.

جێی ئاماژەیە، شانشینی عەرەبیی سعوودیە بە شێوەیەکی رەسمی پشت بە ئەنجامەکانی بینینی شەرعی و مەیدانی دەبەستێت کە لەلایەن دادگای باڵاوە رادەگەیەنرێت بۆ دیاریکردنی سەرەتای مانگە کۆچییەکان و وەرزە ئاینییە مەزنەکان.