رێکخراوی تەندروستیی جیھانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئێبۆلا لە کۆنگۆ و ئۆگاندا باری نائاسایی رادەگەیەنێت
سەوسەن سەید
١٧ی ئایاری ٢٠٢٦
رێکخراوی تەندروستیی جیھانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، باری نائاسایی تەندروستیی گشتیی راگەیاند کە دەبێتە جێی نیگەرانیی نێودەوڵەتی، ئەمەش لە پاشبنەمای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئێبۆلا لە هەریەکە لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و ئۆگاندا.
تێدرۆس ئەدهانوم گێبرسیۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە رایگەیاند: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کە بەستراوەتەوە بە سلالەی (بۆندیبۆجیۆ)، پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی هەیە لە وڵاتانی دراوسێ و کۆکردنەوەی پڵپشتیی نێودەوڵەتی"، هاوکات جەختیشی کردەوە کە دۆخەکە "لە ئێستادا نەگەیشتووەتە ئاستی پەتایەکی جیهانی.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، کۆماری کۆنگۆی دیموکرات تا رۆژی شەممە 8 دۆخی پشتڕاستکراوەی تاقیگەیی و 246 دۆخی گومانلێکراوی تۆمارکردووە، جگە لە 80 حاڵەتی گیانلەدەستدانی گومانلێکراو لە پارێزگای ئیتۆری لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، کە نزیکە لە سنوورەکانی ئۆگاندا و باشووری سوودان.
هاوکات ئۆگاندایش تۆمارکردنی دوو حاڵەتی پشتڕاستکراوەی لە کامپالای پایتەخت لە رۆژانی 15 و 16ی ئایاری 2026 راگەیاند، کە دانەیەکیان بە گیانلەدەستدان کۆتایی هاتووە، لە کاتێکدا هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی پەیوەندییە پەتاگەراییەکان لە نێوان تووشبوواندا.
بەپێی پەیمانگای رۆبێرت کۆخ، ئێبۆلا بە یەکێک لە مەترسیدارترین نەخۆشییە ڤایرۆسییە گوازراوەکان دادەنرێت، بەوپێیەی لە رێگەی بەرکوتنی راستەوخۆ بە شلەمەنییەکانی جەستەی کەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە، و لە حاڵەتی نەبوونی چاودێریی تەندروستیی خێرادا رێژەی گیانلەدەستدان تێیدا دەگاتە نزیکەی %90.



