وەزارەتی نەوتیی عیراق: داهاتی نەوت بۆ مانگی چوار ملیارێک و 87 ملیۆن دۆلارە
١٨ی ئایاری ٢٠٢٦
وەزارەتی نەوتیی عیراق ئاماری کۆتایی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی چوار بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، داهاتی نەوت بۆ مانگی چوار ملیارێک و 87 ملیۆن دۆلارە و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە 339 هەزار و 64 بەرمیل بووە.
وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماری هەناردەی نەوتی خاو و داهاتی بەدەستهاتووی بۆ مانگی چوار بڵاوکردەوە و بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای سۆمۆ: "کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاو و چڕکراوەکان لەو مانگەدا، نۆ ملیۆن و 884 هەزار و 130 بەرمیل بووە، هەر بەپێی ئامارەکە، داهاتی بەدەستهاتوو لە فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتە گەیشتووەتە زیاتر لە ملیارێک و 87 ملیۆن و 82 هەزار دۆلار".
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای سۆمۆ وردەکاریی سەرچاوەی نەوتە هەناردەکراوەکانی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد: نەوتی بەسرە چوار ملیۆن و 587 هەزار و 610 بەرمیل و نەوتی کەرکوک لەرێگەی بەندەری جیهان، چوار ملیۆن و 957 هەزار و 456 بەرمیل و نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بەندەری جیهان 339 هەزار و 64 بەرمیل بووە.
وەزارەتی نەوتی عیراق راشیگەیاند، بەردەوامبوونیان لە بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارانە، لە سۆنگەی پابەندبوونیانە بە شەفافییەت و ئاگادارکردنەوەی رای گشتی لە پرۆسەی هەناردە و داهاتە نەوتییەکانی وڵات.



