پۆلیسی ئەمریکا رایگەیاند، دوو مێردمنداڵ بە تەقەی راستەوخۆ سێ پیاویان لە بەردەم مزگەوتێک لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کوشتووە، لە هێرشێکدا کە گومان دەکرێت تاوانێکی رق و کینە بێت، پێش ئەوەی هێرشبەرەکان کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن.

تەقەکردنەکە بەیانی رۆژی دووشەممە رویداوە، دوو سەعات دوای ئەوەی دایکی یەکێک لە گومانلێکراوەکان پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە بۆ گەیاندنی زانیاری لەسەر ئەوەی کوڕەکەی لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لە ماڵەوە هەڵاتووە و پێدەچێت بیر لە خۆکوژی بکاتەوە.

پۆلیس پێشتر دەستی بە گەڕان بەدوای ئەو دوو گەنجەدا کردبوو کاتێک هێرشەکە بۆ سەر ناوەندە ئیسلامییەکە لە کالیفۆرنیا دەستیپێکرد؛ لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی روداوەکە، تەرمی سێ قوربانییان دۆزیەوە کە لە دەرەوەی بیناکە بە فیشەک پێکرابوون.

ماوەیەکی کورت دوای ئەوە، پۆلیس راپۆرتێکی تری پێگەیشت سەبارەت بە تەقەکردن لە ناو ئۆتۆمبێلێکەوە بۆ سەر باخەوانێک لە شوێنێکی نزیکدا.

 پاشان هێزەکانی ئەمنی تەرمی هەردوو گومانلێکراوەکەیان تەمەن (17 و 18 ساڵ) لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزییەوە کە چەند شەقامێک دوور بوو لە مزگەوتەکە، بەهۆی برینداربوونیان بە فیشەکێک کە بەرپرسان رایانگەیاندووە خۆیان تەقاندوویانە.

یەکێک لە کوژراوەکان کارمەندێکی پاسەوانی بووە کە لە ناوەندەکەدا کاری دەکرد، بەرپرسانی پۆلیس ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو پاسەوانە "رۆڵێکی سەرەکی و گرنگی" هەبووە لە رێگریکردن لەوەی هێرشەکە خوێناویتر و "زۆر خراپتر" بێت.