سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی لەوە کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کار دەکات بۆ هاوکاریکردنی دامەزراوە داراییەکان لە پێناو پەکخستن و شکستپێهێنانی پرۆسەکانی دابینکردنی دارایی بۆ ئێران، هاوكات ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوبەشە ئەوروپییەکان پاڵپشتی لەو سزایانە دەکەن کە بەسەر تاراندا سەپێنراون.

بیسێنت لە لێدوانێکدا رایگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوکاریی دامەزراوە داراییەکان دەکات بۆ پەکخستنی دابینکردنی دارایی بۆ ئێران

رونیشیکردەوە کە: چاوەڕوان دەکرێت هاوبەشە ئەوروپییەکان پاڵپشتی لەو سزایانە بکەن کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون، ئەوەش لە رێگەی بلۆککردنی دابینکەرانی دارایی، داخستنی لقە بانکییەکانیان و ئاشکراکردنی کۆمپانیا وەهمییەکانیان.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا وتیشی: وەزارەتی گەنجینە خەریکی پێداچوونەوەیە بە لیستی سزاکاندا، بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ دامەزراوە داراییەکان تاوەکو تەرکیز بخەنە سەر ئاڵۆزترین پلانەکانی دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر و بازدان بەسەر سزاکاندا.