عیراق سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر سعودی دەکات
سەوسەن سەید
١٩ی ئایاری ٢٠٢٦
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند کە حکومەتی عیراق بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر شانشینی عەرەبستانی سعودی دەکات، هاوكات ئاماژەی بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست کرد بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێت سەروەریی وڵات پێشێل بڵێت.
عەوادی لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی گەیشتووەتە دەست میدیاکان، رایگەیاندووە: عیراق جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مێژوویی خۆی دەکاتەوە بەرامبەر بە پەیوەندییە نایاب و بەردەوامەکانی نێوان وڵاتانی خوشک و دۆستی ناوچەکە، و پەرۆشی خۆی بۆ ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی دووپات دەکاتەوە، لەگەڵ گرنگیپێدان بە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و هەموو ئەو هەوڵانەی کە دەدرێن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و رێگریکردن لە هێرشەکان لە هەر سەرچاوەیەکەوە بن.
وتەبێژی حکومەت وتیشی: حکومەتی عیراق سەرکۆنەی هێرشە ئەمدواییانەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەکات کە شانشینی عەرەبستانی سعودیی خوشکی کردووەتە ئامانج، و جەخت لەسەر بەردەوامیی هەوڵە هاوبەشەکان دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی و پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: سەرەڕای ئەوەی لایەنە سەربازییە تایبەتمەندەکانی عیراق هیچ زانیارییەکی تایبەتیان لەسەر بەکارهێنانی ئاسمانی عیراق بۆ ئەم مەبەستە تۆمار نەکردووە، بەڵام دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عیراق لە ئامادەیی تەواودان بۆ هاوکاری لە پێناو لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی هەر زانیارییەک کە پەیوەندی بە وردەکاریی ئەو هێرشەوە هەبێت کە کراوەتە سەر شانشینی سعوودیە.
عەوادی ئاماژەی بەوەش کردووە: عیراق لەم رووەوە، رەتکردنەوەی توندی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ بەکارهێنانی خاک، ئاسمان و ئاوە هەرێمییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێک دژ بە وڵاتانی دراوسێ،
جەختیشی لەوە کردەوە کە : هێزە ئەمنییەکانی عیراق هەموو هەنگاو و رێوشوێنێکی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ پووچەڵکردنەوە و ئاشکراکردنی هەر هەوڵێک کە لەم چوارچێوەیەدا بدرێت، و هیچ چاوپۆشییەک لەگەڵ ئەوانەدا ناکرێت کە هەوڵی پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتی عیراق دەدەن، یان زیان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ شانشینی سعوودیە و وڵاتانی دراوسێ و خوشک دەگەیەنن.



