34 ساڵ لەمەوبەر دوای شكستهێنانی گفتوگۆكانی بەرەی كوردستانی لەگەڵ رژێمی بەعس و كشانەوەی دەزگا ئیدارەییەكان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، بەرەی كوردستانی لەو سەردەمەدا بڕیاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی دا، بۆئەو مەبەستەش لیژنەیەكی 15 كەسی لە كەسایەتییە سیاسییەكانی ناو بەرەی كوردستانی پێكهێنرا، ئەو لیژنەیەش لە 23ی كانوونی یەكەمی 1991 تا 28ی كانوونی دووەمی 1992 چەندین دانیشتنی ئەنجامدا، دواتر پرۆژەیاسایەكی پێشكەشی سەركردایەتیی سیاسیی بەرەی كوردستانی كرد و لە 28ی نیسانی 1992 بڕیاری لەسەردرا و یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنیی نیشتمانیی كوردستان-عیراق پەسەند كرا.

لە 19ی ئایاری 1992 یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، حەوت حزب بەشدارییان تێدا كرد بۆ بەدەستهێنانی 100 كورسی پەرلەمان و 5 كورسی كۆتا بۆ پێكهاتەكان، بە پێی بڕیارێكی دەستەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانیش، ئەو حزبەی كورسی پەرلەمانی بە دەستدەهێنا دەبوایە رێژەی 7%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت.

لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەیەك لیست و پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیستی كوردستان و پاسۆك و حزبی شیوعی كوردستان و پارتی گەلی دیموكراتی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكەدا كرد، لە 4ی حوزەیرانی 1992 جەوهەر نامیق سالم بە یەكەمین سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا، د. فوئاد مەعسومیش بۆ پێكهێنانی یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان راسپێردرا.