9 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا تێپەڕدەبێت
هادی
١٩ی ئایاری ٢٠٢٦
نەوشیروان مستەفا ئەمین لە ساڵی 1944 لە گەڕەكی سەرشەقام لە سلێمانی لە خانەوادەیەكی رۆشنبیر لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوكردووە، لە ساڵی 1967 كۆلێژی زانستە سیاسییەكانی لە زانكۆی بەغداد تەواوكردووە، سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوو دەستی بەكاری سیاسی كردووە، یەكەم وێستگەی كارە سیاسییەكانیشی لە یەكێتی قوتابیانی كوردستانەوە دەستپێكردووە.
لە ساڵانی 1963-1964 بووەتە ئەندامی سكرتارییەتی یەكێتی قوتابیان، هەر لەو ماوەیەدا بووەتە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ساڵی 1967 بووەتە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی.
وەك گەنجێكی سلێمانی لە شەستەكاندا زیاتر سۆزی بۆ باڵی مەكتەبی سیاسی هەبووە، هەر لەو كاتەشەوە سەرقاڵی نوسین و كاری رۆژنامەگەری بووە، خاوەنی ئیمتیازی گۆڤاری رزگاری بووە كە لە ساڵی 1969 دەرچووە، دوای بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 لەگەڵ ژمارەیەك هاوڕێی لە سلێمانییەوە دوورخراونەتەوە بۆ خواروی عیراق و دواتر لە بەغداد یەكیان گرتووەتەوە، لەو سەردەمەشدا بە مەبەستی خوێندن و دووركەوتنەوە لە هەڕەشەكانی حكومەتی عیراقی چووەتە نەمسا كە لەو سەردەمەدا لەلایەن حكومەتی عیراقەوە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە.
لە نەمسا دوای تەواوكردنی خوێندنی ماستەر، سەرقاڵی خوێندنی دكتۆرا بووە لە بواری یاسای نێودەوڵەتیی، بەڵام لەسەر داوای سەرۆك مام جەلال و بۆ دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستبەرداری خوێندنەكەی بووە و گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان.
لە خەباتی شاخ، نەوشیروان مستەفا وەك سەركردەیەكی دیار دەركەوتووە، سكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، یەكێك بووە لە سەركردە نزیك و متمانەپێكراوەكانی سەرۆك مام جەلال، بە ئەندازیاری راپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی كوردستان دادەنرێت.
لە ساڵی 2009 كۆمپانیای وشە و دواتریش بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و بووە رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە.
نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 1981 ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ شوعلە عەلی پێكهێناوە و خاوەنی دوو كوڕ و كچێكن بەناوەكانی(چیا، نما، چرا).
نەوشیروان مستەفا نوسەرێكی ورد و بە توانا بووە و شارەزاییەكی تەواوی لە مێژووی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان هەبووە و 18 كتێبی نوسیووە، لە 19ی ئایاری 2017 لە سلێمانی بە نەخۆشی كۆچی دوایی كردوە و لە گردی زەرگەتە بەخاكسپێردرا.



