وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، رەتیكردەوە كە سوپای عیراق كرابێتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە بەهۆی هەڕەشەی دەرەكییەوە.
لیوا یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە راگەیەنراوێكدا هەموو ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە باس لەوە دەكەن سوپای عیراق خرابێتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، دوپاتیشیكردووەتەوە كە لە ئێستادا هیچ هەڕەشەیەكی دەرەكی جددی بونی نیە تا هێزەكانیان بكەنە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
یەحیا رەسوڵ راشیگەیاندوە، پلانی گونجاویان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەو هێرشێك، داوای لە وەزارەتی دەرەوەش كردوە لە رێگای نەتەوەیەكگرتووەكانەوە هەڕەشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر عیراق یەكلابكاتەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆك کۆماری عیراق دوپاتیکردەوە، کە هەڵبژاردنی بەغداد وەک پایتەختی گەشتیاریی عەرەبی بۆ ساڵی 2025 دەبێتە مایەی دەرخستنی ناسنامە مەزنەکەی و بەرجەستەکردنی مێژووە درەوشاوەکەی و شارستانێتییەکەی، سەرەڕای بەهێزکردنی پێگەی لەسەر نەخشەی ناوچە گەشتیارییەکان.
ئەم وتەیەی سەرۆك کۆمار لە میانی پێشوازیکردنی هات لە د.بەندەر بن فەهد ئال فەهید سەرۆکی رێکخراوی گەشتیاریی عەرەبی و وەفدی یاوەری، لە دیدارەکەدا لە بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، کە ئاسایش و سەقامگیریی عیراق بۆتەهۆی بەهێزکردنی کەرتی گەشتیاری، کە خاوەنی فرەچەشنیی گەشتیارییە، هەروەها پێشوازی کرد لە پێشنیاری دامەزراندنی ئەکادیمیای گەشتیاریی عەرەبی لە بەغداد.
هەر لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی هاوئاهەنگی و هاریکاری بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنە گەشتیاری و کەلەپورییەکان و پێشخستنی ئاستی گەشتیاری.
لە بەرامبەردا وەفدی میوان رونکردنەوەیەکی چڕوپڕی لەبارەی سروشتی کارەکانی رێکخراوەکە و هەوڵەکانی لە ماوەی رابردودا پێشکەش کرد، هەروەها ئەو چالاکی و پرۆژانەی خستەڕوو، کە جێبەجێی کردون بۆ پاڵپشتی لە بەرنامەی پەرەپێدانی گەشتیاری لە ناوچەکەدا، هاوکات وەفدی میوان پێشکەوتنە ئەرێنییەکانی عیراق و توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکانی بەرزنرخاند.
سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی ئیسپانیا دەكات و بڕیارە لەگەڵ شا و لێپرسراوانی ئەو وڵاتە كۆبێتەوە.
بە پێی راگەیەندراوێك محەمەد شەیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەرەو ئیسپانیا بە رێكەوت و بڕیارە بۆ تاوتوێكردنی پرسە سیاسیی ئابوریی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ شای وڵاتەكە و لێپرسراوانی باڵای ئیسپانیا كۆببێتەوە.
ئەوەشهاتووە، لە سەردانەكەدا هەر یەكە لە وەزیری دەرەوە و وەزیری ناوخۆ و وەزیری گواستنەوە و ژمارەیەك لە بریكارانی وەزارەتەكان و راوێژكاران یاوەریی سەرۆك وەزیرانی عیراقن.
دیداری و سەردانەكەی سودانی سێ رۆژ دەخایەنێت و لەو ماوەیەشدا كۆبونەوە و دیدارەكانی لەگەڵ لێپرسراوانی ئیسپانیا بەردەوام دەبێت.
سودانی سەردانی ئیسپانیا دەكات و لەگەڵ شای ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە
گروپی چەكداری مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق بەردەوامی هێرشەكانی بۆسەر ئیسرائیل راگەیاند.
گروپی چەكداری حزبوڵای عیراق رایگەیاندووە، لە هێرشەكانیان ناوەستن و بەردەوامدەبن لە بۆردوومانەكانیان بۆسەر سوپای ئیسرائیل لە هەر پێگەیەك بن.
دەشڵێت، وستانی جەنگ و راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان پەیوەندی بە هێرشەكانی ئەوانەوە نییە.
حزبوڵای عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، هەڵویستی بزوتنەوەكەیان بەرانبەر كەیسی فەڵەستین نەگۆرەو هیچكات رێگە نادەن خوێنی ئەو هەموو فەڵەستینیە بە هەدەربچێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆمپانیای ڤۆدافۆنی دەستنیشان كرد بۆ ئەوەی هێڵێكی پەیوەندی نیشتیمانیی بۆ مۆبایل دابمەزرێنێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا كۆمپانیای ڤۆدافۆن دەستنیشان كرا، بۆ ئەوەی دەستبكات بە دامەزراندنی هێڵێكی نیشتیمانی مۆبایل بە خزمەتگوزاری نەوەی پێنجەم.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هەروەها وەزارەتی گەیاندنی عیراقی راسپارد بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە و رێكارەكانی دامەزراندنی هێڵی پەیوەندی نیشتیمانی مۆبایل.
مانگی رابردوو عیراق زیاتر لە ١٠٣ ملیۆن و ١٤٥ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە.
وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە مانگی رابردوودا، بڕی ١٠٣ ملیۆن و ١٤٥ هەزار و ٢٢٥ بەرمیل نەوت لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە كراوە.
دەشڵێت، لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بڕی ١٠٢ ملیۆن و ٣٠٢ هەزار و ٨٦٢ بەرمیل هەناردەكراوە و لە كێڵگەی گەیارەش ٥٢٤ هەزار و ٣٥٦ بەرمیل هەناردە كراوە.، هەر لەو مانگەدا بڕی ٣١٨ هەزار و ٧ بەرمیل هەناردەی ئوردن كراوە.
تیمی راگەیاندنی حكومەتی عیراق رایدەگەیەنێت، فەرمانبەران و خانەنشینان پێشوازی لە بڕیاری لێبڕینی ١٪ـی موچەكانیان دەكەن بۆ ئەوەی تەرخان بكرێت بۆ گەلی لوبنان و فەڵەستین.
عەدنان عەرەبی جێگری سەرۆكی تیمی راگەیاندنی حكومەتی عیراق رایگەیاند، عیراق یەكەمین وڵاتە لە دوای ٧ـی ١٠ـی ساڵی رابردوەوە پشتیوانی غەززە بووە و دواتر پشتیوانی خۆی بۆ لوبنان دەربڕیوە و دەرگای بە رووی هاووڵاتیانی لوبناندا كردەوە و پێویستیەكانیان بۆ دابین كران.
دەشڵێت، عیراق تائێستاش بەردەوامە لە پشتیوانیكردنی گەلی لوبنان تا كۆتایی جەنگ و داواش لە هاووڵاتیانی لوبنان دەكات دتوانن لە عیراق بكەن لە حاڵەتی پێویستیان.
عەدنان عەرەبی باسی لەوەشكرد، دوای بانگەوازەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ لێبڕینی ١٪ـی موچەكانیان بە شێوەیەكی خۆویستانە و دابینكردنی بۆ گەلی لوبنان و غەززە، لەلایەن ئەو دوو توێژەوە پێشوازی لە بڕیارەكە كرا.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوا لە گروپە چەكدارەكان دەكات لە شارەكان دووربكەونەوە و وێنەی ئەو و بنەماڵەكەی لە بارەگا و شوێنە گشتیەكان دابگیرێت.
موقتەدا سەدر رێبەڕی رەوتی سەدر، چوار فەرمانی بۆ هێزەكانی سەرایا سەلامی باڵی سەربازی رەوتەكەی لەناو حەشدی شەعبی دەكرد و دەڵێت، بارەگا سەربازی و كارگێڕییەكانتان لە شارەكان دووربخەنەوە و هەر سەركردەیەك لە پێنج ئۆتۆمبێل زیاتر بەكارنەهێنێت بۆ هاتوچۆكردن.
دەشڵێت، دەستبەجێ وێنەی كەسایەتییەكانی بنەماڵەی سەدر لەسەر بارەگاكان دابگرن و تەنها لە ناو ژوور و راڕەوەكاندا هەڵبواسرێن و ئاڵای عیراق لە سەرووی ئاڵای سەرایا سەلامەوە هەڵبكەن.
ئەو هەڵوێستەی سەدر دوای نامەكەی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل دێت، كە لە رێگەی ئەمریكاوە ئاڕاستەی عیراقی كردبوو وەكو دوایین هۆشداری بۆ ئەوەی گروپە چەكدارەكان هێرشەكانیان بۆ سەر تەلئەبیب رابگرن.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، دورخستنەوەی ئەندامێكی لیوای پاراستنی سەرۆكایەتی كۆمار رادەگەیەنێت كە تێوەگلاوە لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و پێگەكەی لە دەرەوەی ئەركی خۆیدا.
لە راگەیەندراوێكدا سەرۆكایەتی كۆمار، ڕای گشتی لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەك ئاگاداردەكاتەوە، كە تیایدا ئەندامێكی لیواكانی سەرۆكایەتی سودی لە پێگەی خۆی وەرگرتووە لە دەرەوەی ئەركی خۆی بۆ گەیشتن بە مەرام و بەرژەوەندییەكان خۆی.
دەشڵێت، كە هەموو رەفتار و پێشێلكارییەكانی ئەو ئەندامە، تاكەكەسی بوون و پەیوەندییان بە سەرۆكایەتی كۆمارەوە نەبووە و بەناوی سەرۆكایەتی كۆمارەوە بڕیاریداوە.
سەرۆكایەتی كۆمار دەڵێت، لەسەر بڕیاری سەرۆك كۆمار، دوای بەدواداچوون ئەو ئەندامە دەستبەجێ لە كارەكەی دوورخراوەتەوە و هەموو رێوشوێنێكی یاسایی بەرانبەری دەگیرێتەبەر، بەو پێیەی زیانی بە ناوبانگی سەرۆكایەتی كۆمار گەیاندووە لەو ئەركەی پێی راسپێردراوە.
بۆ یەكەمجار كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سەرۆكایەتی مەحمود مەشهەدانی بەرێوەدەچێت و یەكێك لە بڕگەكانیش تاوتوێكردنی هەمواری یەكەمی یاسای بودجەیە.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەنجومەنەكە ئەمرۆِ سێشەممە كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لە بارەی پێنج تەوەر دەكات كە تەوەری یەكەمیان دەنگدانە لەسەر رێككەوتنی نێوان عیراق و روسیا لە بواری ئاسمانیدا.
ئاماژە بەوەشكراوە، تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە خوێندنەوەی یەكەمە بۆ هەمواری ماددەی ژمارە 13ی یاسای بودجەی فیدرالی 2023 و 2024 و 2025. كە تایبەتە بە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەوەشهاتووە، لە بەشێكی تری كۆبونەوەكە خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای فرۆكەوانی مەدەنی و پرۆژەیاسای بەرگری شارستانی و قوربانیانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و قوربانیانی حەمدانیە.
دادگای تاوانەكانی كەرخ فەرمانی ١٠ ساڵ زیندانیكردنی بۆ نور زوهێر تۆمەتباری سەرەكی دۆسیەی دزی سەدە دەركرد.
دادگای تاوانەكانی كەرخ بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لە دانیشتنێكیدا تایبەت بە دۆسییەی دزی سەدە، فەرمانی ١٠ ساڵ زیندانیكردنی بۆ نور زوهێر تۆمەتباری سەرەكی دۆسییەكە دەركرد، هەروەها سزای شەش ساڵ زینداینكردنی بەسەر رائید جوحی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی پێشوودا سەپاندوو.
دادگای تاوانەكانی كەرخ هەروەها لەسەر هەمان دۆسیە سزای سێ ساڵ زیندانیكردنی بەسەر هەیسەم جبوری پەرلەمانتاری پێشووی عیراقدا سەپاند.
ساڵی ٢٠٢٢دۆسییەی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە فەرمانگەی باجی عیراق ئاشكرابوو، كە لە رێگەی پێنج كۆمپانیاوە ئەو بڕە بە پارەیە بە چەند قۆناغێك لە بانكی رافیدەین هێنرابووە دەرەوە و برابووە دەرەوەی وڵات، نور زوهێریش كە سەرۆكایەتی دەستەی بەڕێوەبەری ئەو پێنج كۆمپانیایەی دەكرد لەسەر دۆسییەكە دەستگیركرا، بەڵام دواتر بە كەفالەت ئازادكرا.
مەشهەدانی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبووەوە و داواشی لەلیژنەكان كرد سەرجەم پرۆژە یاسا پەكخراوەكان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا كۆمەڵێك دۆسیەی گرنگ تاوتوێ كراوە، لەوانەش یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی فراكسیۆنەكان لەسەر دۆسیە نیشتیمانییەكان.
دەشڵێت، مەشهەدانی جەختیكردۆتەوە لەسەر پاڵپشتیكردنی كارەكانی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق لەو ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆ روبەڕووی بوونەتەو، لەوانەش هەڕەشەی دەرەكی بەتایبەت هەڕەشەی ئیسرائیل.
مەحمود مەشهەدانی سەبارەت بە پەسەندكردنی پرۆژە یاساكانی پەرلەمان وتی، باشترە سەرەتا دەنگ لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی بدرێت، چونكە پەیوەندی بە مافی مرۆڤەوە هەیە.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەروەها داوای لەسەرجەم لیژنەكان كرد سەرجەم پرۆژە یاسا پەكخراوەكان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن بەمەبەستی تاوتوێكردنیان.
پارێزگاری بانكی ناوەندی دەڵێت، ساڵی داهاتوو میكانیزمێكی نوێی تایبەت بە حەواڵكردنی پارە بۆ چارەسەری پزیشكی و گەشتكردن رادەگەیەنن.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق لە پێنجەمین كۆڕبەندی هەفتەی عەرەبی بۆ بەگەشەپێدانی بەردەوام لە قاهیرەی پایتەختی میسر رایگەیاند، پێگەی دراوی عیراق لە ئێستادا زۆر نایاب و بەهێزە و كاردەكەن، بۆ دابینكردنی خواست و پێداویستییەكانی وڵات لە دراوی بیانی، بە پشتبەستن بەوەی عیراق قەبارەی یەدەگی دەرەكی زۆرە و دەتوانێت سەقامگیری دراو بەدەستبهێنێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ساڵی داهاتوو میكانیزمێكی نوێی تایبەت بە حەواڵەكردن بۆ گەشت و چارەسەری پزیشكی رادەگەیەنن و لە رێگەیەوە كاروبارەكانی حەواڵەی هاوڵاتییان بۆ ئەو مەبەستانە فراوانتر دەكرێن.
پارێزگاری بانكی ناوەندی دەشڵێت، سەركەوتووبوون لە دابینكردنی دراوی بیانی بۆ خواست و پێداویستییەكانی ناوخۆی وڵات، لەنێویاندا خواستی حكومی و كەرتی تایبەت.
لە بەغداد رێگری لە فرۆشتنی منداڵێك لە لایەن دایكیەوەكرا، كە بە نیاز بووە بەرانبەر بە ٨٠ هەزار دۆلاری ئەمەریكی منداڵەكەی بفرۆشێت.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بڵاویكردەوە، درەنگانی شەوی رابردوو، لە ئۆپراسیۆنێكدا لە ناوەڕاستی بەغداد رێگریانكردووە لە فرۆشتنی منداڵێك لەلایەن دایكییەوە كە ویستویەتی بەرانبەر بە ٨٠ هەزار دۆلاری ئەمریكی بیفرۆشێت.
راشیگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێكدا ئەو دایكە و ئەو کەسانەشی لەگەڵیدابوون كە ژمارەیان پێنج كەسە، لە یەكێك لە چێشتخانەكانی كەڕادە دەستگیركراون لەگەڵ ئەو كەسانەی كە بە نیازنبوون منداڵەکە بكڕن.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکردووە، ئەو كەسانەی دەستگیرکراون رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، پشتیوانی وەزارەتی دەرەوە دەكەن لە رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستوەردانێكی دەرەكی كە كاریگەری لەسەر سەروەری عیراق هەبێت.
مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە وتارێكدا لە یادی ١٠٠ ساڵەی وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، لە بەرانبەر هەر دەستوەردانێكی دەرەكی كە كاریگەری لەسەر بڕیار و سەروەرییەكانی عیراق هەبێت، ئەنجومەنی نوێنەران بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی وەزارەتی دەرەوە دەكات.
مەحمود مەشهەدانی وتیشی، وەزارەتی دەرەوەی عیراق تەنها دامەزراوەیەكی ئیداری نییە، بەڵكو ئەو عەقڵە سیاسییەیە كە پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ جیهانی دەرەوە بەڕێوەدەبات و رۆڵی هەبووە لەو گۆڕانكارییە گەورانەی كە لە وڵاتەكەیاندا هاتووەتە دی، بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییەكانی عیراق لە قۆناغە سەختەكاندا كردووە.
سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، "ئیسرائیل بە بیانووی بێ بنەما هەڕەشە لە عیراق دەكات و تەنها دەیەوێت شەڕەنگێزی بڵاوبكاتەوە".
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە رێوڕەسمی یادی ١٠٠ ساڵەی وەزارەتی عیراق رایگەیاند، "عیراق یەكێكە لە دیارترین ئەندامانی دامەزرێنەری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە ئامادەییەكی نێودەوڵەتی و جێگەی لە زۆرێك لە روداوە گرنگەكانی مێژووی ناوچەكەدا هەبووە".
وتیشی، "ئیسرائیل بە بیانووی ناڕاست و بێ بنەما كە مەبەستیەتی شەڕەنگێزی بڵاوبكاتەوە، هەڕەشەی لە عیراق كردووە و بە دانپێدانانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، عیراق هەموو مەرجەكانی گۆڕانكاری لە دیموكراسی و سیاسی و گەشەپێدان بەدیهێناوە".
سودانی ئاماژەی بەوەشكرد، عیراق بەهۆی سیاسەتەكانی رژێمی دیكتاتۆری پێشوو تووشی گۆشەگیری بوو، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ـی وە بە خێرایی پێگەی خۆی بەهێزكردەوە و گەڕایەوە ناو گۆڕەپانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان.