ئاسایشی عیراق پێگەی تیرۆرستانیان لە سەڵاحەدین کردە ئەمانج
هەساو ئەمیر
٩ی شوباتی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی عیراق و دەستەی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنێكدا گرنگترین پێگە و حەشارگەكانی تیرۆرستانی داعشیان لە پارێزگای سەڵاحەدین و دەوروبەری كردە ئامانج و دەستیان بەسەر چەندین چەك و تەقەمەنی ئەو گروپەدا گرت.
دەستەی حەشدی شەعبی عیراقی رایگەیاند، بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی عیراق، لە پارێزگای سەڵاحەدین و دەوروبەری و بە دیاریكیراویش لە باشوری دەریاچەی حەمرین دیارترین پێگە و مۆڵگە و حەشارگەكانی داعشیان كردووەتە ئامانج، كە وەك ژێرخانی لۆجستی ئەو گروپە تیرۆرستییە بەكارهێنراون و ناویان ناوە سەربازگەی عائیشە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو مۆڵگانەی داعش لە ناوچەكەدا كە لەناوبراون وەك رێڕەوێكی سەرەكی هاتوچۆی تیرۆستەكان لەنێوان ویلایەتەكاندا بەكارهێنراون و بە گرنگترین مۆڵگە و پەناگەی سەركردە كارگێڕی و ئەمنییەكانی ئەو تیرۆرستانە دانراون، هەر لەوێشەوە پلانی هێرشە تیرۆرستییەكانیان داناوە.
بەپێی راگەیەنراوەكە، ئۆپەراسیۆنەكە چەند رۆژێكی خایاندووە و لەگەڵ ئەوەشدا دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر لە چەك و تەقەمەنی و كەرستەی لۆجستیدا گرتووە.



