وەزیری بازرگانی عیراق: رێگە بە بەرزبونەوەی نرخەکان نادەین
بڵند
٨ی شوباتی ٢٠٢٦
وەزیری بازرگانی عیراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دڵنیایی دایە هاووڵاتیان، کە حکومەت بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بەرزبوونەوەی نرخەکان نادات و وەک هێزێکی هاوسەنگکەر لە بەرانبەر قۆرخکاریی بازاڕدا دەوەستێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەسیر غەریری، وەزیری بازرگانی عیراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دووپاتی کردەوە، کە هیچ بەرزبوونەوەی نرخێک روینەداوە، ئاماژەی بەوەدا کە وەزارەتی بازرگانی رێگە بە بەرزبونەوەی نرخ نادات و دڵنیایشیدا، کە کاڵاو شمەکی پێویست بەردەستە و هاوردەکردنیش بەردەوامە.
وەزیری بازرگانی عیراق، راشیگەیاند، کاڵا و پێداویستییە بنەڕەتییەکان لە ناوەندە بازرگانییە حکومییەکاندا بە نرخێکی پاڵپشتیکراو بەردەستن، کە( 20٪ )هەرزانترە لە بازاڕی ئاسایی، هاوکات جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی "ئاسیکودا" کردەوە بۆ توندکردنی چاودێری سنوورەکان و رێگریکردن لە قاچاخچێتی دراو.
لەبارەی سیاسەتی نوێی گومرگیشەوە، کە بوەتە هۆی ئەوەی دوکانداران وبازرگانان دژی بوستنەوە جەختیکردەوە گومرگ و باج بەپێی یاسا دادەنرێت، وەک چۆن لە وڵاتانی دیکەشدا هەیە و جێی نیگەرانیی نییە.
وەزیری بازرگانی ئەوەشی رونکردەوە، کە پرۆسەی هاوردەکردن بەردەوامە و باجە گومرگییەکان سادەن، بۆیە هەر گرانبوونێک کە هەستی پێ بکرێت تەنها دەنگۆ یان جیاوازییەکی ئاسایی نێوان نرخی جوملە و تاکەکەسە و رێکاری پێویست بۆ جێگیرکردنی بازاڕ گیراوەتە بەر.
ئەمە لە کاتێكدایە، ئەمڕۆ لە بەغداد، دژی ئەو سیستەمە نوێیەی گومرگ، لە بەغداد ژمارەیەک دوکاندار دژی زیادکردنی نرخی باج دوکانەکانیان داخست و مانگرتنیان راگەیاند.



