سەرۆک کۆمار چاوی بە سەرۆک وەزیران کەوت
سام
٩ی شوباتی ٢٠٢٦
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی شوباتی ٢٠٢٦ لە بەغداد، چاوی بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کەوت.
لە دیدارەکەدا پەرەسەندنە گشتییەکانی وڵات و ناوچەکە تاوتوێ کران، و جەخت لەسەر پێویستی بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و پاڵپشتیکردنی هەنگاو و رێکارەکانی حکومەت بۆ چەسپاندنی رۆڵی میحوەریی عیراق لە ناوچەکەدا کرایەوە.
هەر لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر بەردەوامبوونی حکومەت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا، و گرتنەبەری زمانی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی.
هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی یەکلاکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان کردەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای تەواوکردنی کاروانی گەشەپێدان و بوژانەوەی ئابووری هەبێت و خواستی کۆمەڵانی خەڵکی عێراق لە قۆناغی داهاتوودا بەدی بهێنێت.



