سبەینێ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە بەشداری بافڵ تاڵەبانی لە بەغداد کۆدەبێتەوە
٧ی شوباتی ٢٠٢٦
بڕیارە سبەینێ بە بەشداری بافڵ جەلال تاڵەبانی، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغداد كۆببێتەوە، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش یەكلاییكردنەوەی كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عیراق دەبێت.
محەمەد عەبدولڕەحمان، پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سبەینێ بەشداری کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغداد دەکات، کە تایبەتە بە تاوتوێیکردنی دوایین پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی عیراق و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی وڵاتەکە.
ئەوەشی خستەڕوو، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن لەبارەی كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عیراق.
بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكەش لەكاتێكدایە، كاندیدی سەرۆك وەزیران بەتەواوی یەكلایی نەكراوەتەوە و وادەی بەرێوەچوونی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاری نەكراوە.



