عیراقعیراق

دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ لە بەغداد رایگەیاند، لێكۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵ زیاتر لە 500 تیرۆریستی داعش تەواو كراوە كە بەم دواییە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عیراق.

هەروەها دەڵێت، لەنێو ئەو دەستگیركراوانەدا، 157 مێردمنداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ جیاكراونەتەوە بۆ ئەوەی بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی داد، ئێستا پێنج هەزار و 704 زیندانی داعش هێنراونەتە عیراق كە زۆرترینیان سورین و ژمارەیان زیاتر لە سێ هەزار و 540 كەسە، دوای ئەوانیش توركیا، مەغریب و میسر دێن و بەوتەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا لە ماوەی 23 پرۆسەكە رۆژدا كۆتایی هاتووە.

هاوكات ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق دووپاتی كردووەتەوە كە پڕۆسەی دادگاییكردنی تیرۆریستان بەردەوامە، بەغداش داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بەرپرسیارێتی لە داعشە بیانیەكان لە ئەستۆ بگرێت و بگەڕێندرێنەوە وڵاتانی خۆیان و لەوێ دادگایی بكرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، جەختی لەسەر هەموو دامەزراوە حکومییەکان کردەوە کە بڕیارەکانی پەیوەست بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان جێبەجێ بکەن و کار بۆ کاراکردنی ئەدای دامەزراوەکانیان بکەن.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، وەک هەنگاوێکی کردەیی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، نوسینگەی سودانی دەستی کردووە بە تێکەڵکردن و رێکخستنەوەی چەند بەشێکی ناو نوسینگەکە. ئەم هەنگاوە کۆتاییهێنان بە گرێبەستی ژمارەیەک راوێژکار و پسپۆڕیشی گرتوەتەوە کە پێشتر ئەرکی بەدواداچونیان بۆ چەندین دۆسیەی گرنگ لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا پێ سپێردرابوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، رێژەی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت گەیشتوەتە 88%، هەربۆیە نوسینگەی سەرۆک وەزیران چەندین هەنگاوی تری بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ناو بودجەی بەکارخستن گرتوەتەبەر. سودانی داوای لە هەموو دامەزراوەکان کردووە سوود لە تواناکانیان وەربگرن بۆ ئەوەی زۆرترین دەستکەوت بە کەمترین خەرجی بەدی بهێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی 2ـی 2026، لەکۆشکی بەغداد، پێشوازی لە خەلیل عەبدوڵا محەمەد، باڵیۆزی کۆماری لوبنان لە عیراق کرد.

لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆک کۆمار پابەندبوونی عیراقی دووپاتکردەوە بۆ بەرزکردنەوە و فراوانترکردنی ئاسۆی  پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و لوبنان کە یارمەتیدەربێت بۆ پتەوکردنی هاوبەشی و فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاری، بەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوو گەلی برا دەهێنێتەکایەوە.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی لوبنان، پابەندبوونی  وڵاتەکەی بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاریی دووقۆڵی کە لەگەڵ قووڵایی پەیوەندییە برایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پتەوکردنی هەماهەنگی هاوبەش دووپاتکردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرپرسی دۆسیەی ئاڵوگۆڕی روفاتەکانی عیراق،  نەشات ئەلمەنسووری، بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی روفاتی قوربانیانی شەڕی کەنداوی عیراق  وئێرانی راگەیاند، لە رێورەسمەکەدا عیراق 79 روفاتی رادەستی ئێران کردوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، نەشات ئەلمەنسووری بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندوە، رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی روفاتی ژمارەیەک لەو  کەسانەی لە کاتی شەڕی یەکەمی کەنداو لە نێوان کۆماری عیراق و کۆماری ئیسلامی ئێراندا بێسەروشوێن بوون، بەڕێوەچوو.

ئاماژەی بەوەکردوە، وەک عیراق روفاتی  79 کەسیان رادەستی ئێران کردوە، کە 41 یان نەناسێندراون، لە بەرانبەردا روفاتی  شەش کەسیان وەرگرتوەتەوە، کە سیانیان نە ناسێندراون.

 بەرپرسی دۆسیەی ئاڵوگۆڕی روفاتەکانی عیراق وتوشیەتی؛ کارەکانی هەڵکۆڵین و گەڕان بەدوای تەرمی ونبووەکانی شەڕی کەنداو بە درێژایی سنوری نێوان هەردوو وڵات و  گۆڕەپانەکانی پێشووی جەنگ هێشتا بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند، عیراق لە رووی ئەمنییەوە سەقامگیرە سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی روبەڕوی بەشێك لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە دەبنەوە.

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عیراق فۆئاد حسێن وەزیری دەرەوە لە میونشن لەگەڵ دەیڤید ڤان ڤیل وەزیری دەرەوە و وەزیری كۆچی هۆڵەندا كۆبووەوە باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات كرا.
فوئاد حسێن رایگەیاند، رەوشی ئەمنی عیراق لەوپەڕی باشیدایە سەرەڕای ئاڵنگارییە ئەمنییەكانی ناوچەكە و بەشێك لە وڵاتان دراوسێ كە هەیانە.

ئاماژەی كرد بە پێشكەوتنی دانوستانی نێوان لایەنە سیاسیەكان كرد بۆ پێكهێنانی حكومەت و رێكارەكانی گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق لە چوارچێوەی پابەندییە ئەمنی و یاساییەكاندا.

لە بارەی دانوستانی ئەمریكا و ئێرانەوە فوئاد حسین هۆشداریدا لە ئەگەری رێكنەكەوتن و لێكەوتەكانی و جەختی لە گرنگی چارەسەری دیبلۆماسی كردەوە بۆ پاڵپشتیكردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد شیاع سودانی، لە کۆبونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەرپرسانی گومرگ و باج، بڕیارێکی نوێی بۆ پاڵپشتی بازرگانان دەرکرد، هەروەها فەرمانیشیداوە بە توندکردنەوەی چاودێری لەو خاڵانەی پشکنین، کە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیانە، بە مەبەستی یەکخستنی باج و رەسمی گومرگی لە تەواوی دەروازەکانی عیراقدا.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق، بڵاویکردوەتەوە ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ دەستەی باج و بازرگانان کۆبوەتەوە و بریاریداوە بە  ئاسانکاری بۆ ئازادکردنی کاڵاکانی سەر بە بازرگانان و هاوردەکاران لە بەندەرەکانەوە.

بە گوێرە راگەیەندراوەکە، سودانی  فەرمانی کردوە بە "سفرکردنەوەی" پشکی حکومەت لە کرێی کۆگاکردنی کاڵاکان لە ناوەندە بازرگانییەکاندا وەک ئاسانکارییەک بۆ خێراکردنی پڕۆسەی هێنانەدەرەوەی ئەو کاڵایانەی کە لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە بەهۆی دواکەوتنی رێکارەکانەوە ماونەتەوە.

سەرۆک وەزیران جەختی لە چەسپاندنی سیستەمی ئەلیکترۆنی "ئەسیکۆدا" و یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان کردوەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردوە، کە ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە ریفۆرمی ئابوری بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و دروستکردنی کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە لە بازاڕدا.

بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانی کردوە بە توندکردنەوەی چاودێری لەو خاڵە سنورییانەی، کە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیانە بە مەبەستی یەکخستنی باج و رەسمی گومرگی لە تەواوی دەروازەکانی عیراقدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەینێ 15ـی2ـی2026، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، تاوتوێی پرسی دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان و چەند پرسێکی گشتی دەکات.
 
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، کارنامەی سبەینێی دانیشتنی ئەنجومەنەکەی بڵاوکردەوە، کە دوو تەوەر لەخۆ دەگرێت، تەوەری یەکەم تایبەتە بە خوێندنەوەی راپۆرتی ئەو لیژنەیەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان و پیشەییەکان پێکهێنراوە.
هەر بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە، لە تەوەری دووەمدا، چەند پرسێکی گشتی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئامادەكاری بۆ دوای كشانەوەی ئەمریكا دەكات و دەڵێت: خۆیان بۆ قۆناغێكی نوێی بەرپرسیارێتی ئامادە دەكەن.

سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیان، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كشانەوەی تەواوی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق، خۆیان بۆ قۆناغێكی نوێی بەرپرسیارێتی ئامادە دەكەن و هەوڵ دەدەن بۆ بنیاتنانی هێزێكی پیشەیی بە نوێترین تەكنەلۆژیای سەربازیی و بەرەو بنیاتنانی سیستمێكی سەربازیی پیشەیی هەنگاو دەنێن.

وتیشی، كار لەسەر چەند تەوەرێكی ستراتیژی دەكەن، لەوانە هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستی سەربازیی لە ناوخۆ و بەهێزكردنی تواناكانی بەرگریی ئاسمانیی.

جەختیشیكردەوە، بە تەواوی ئامادەن بۆ پاراستنی سنورەكان و روبەڕوبوونەوەی هەڕەشە ئەمنی و تەكنەلۆژییەكان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: چاودێری پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عیراق دەکەین و چەند بیرۆکەیەکمان هەیە بۆ ئەو پرسە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە لەبارەی گەڕانەوەی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت؛ واشنتۆن چەند بژاردەیەکی لەبەردەستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو سیناریۆیەدا.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: "بە وردی چاودێری پرسی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عیراق دەکەین، هەروەها چەند بیرۆکەیەکمان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم رەوشەدا، لە کۆتاییشدا هەمووان پێویستییان ئەمریکایە.

سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، واشنتۆن "هیچ هاوکارییەک پێشکەشی عیراق ناکات" ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، بەوپێیەی قۆناغی حوکمی پێشووی ئەو وڵاتەی بەرەو "هەژاری و پشێوییەکی گەورە" بردووە.

لە بەرانبەردا، نوری مالیکی وەڵامی هۆشدارییەکانی ترەمپی دایەوە و رایگەیاند: "ئەمە دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی عیراق و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتە." جەختیشی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی.

ئەم گرژییە دوای ئەوە دێت کە چوارچێوەی هەماهەنگی، نوری مالیکی وەک کاندیدی رەسمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاریکرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەسپاکی عیراق لێپرسراوێکی تەندروستی سەڵاحەدینی بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرد.

دەستەی دەسپاکی فیدراڵی رایگەیاند؛ تیمەکانیان توانیویانە لێپرسراوێکی تەندروستی سەڵاحەدین لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیر بکەن، دوای ئەوەی داوای پارەی لە هاووڵاتییەک کردووە بەرانبەر راییکردنی کارەکانی.

بەپێی راگەیەنراوێکی دەستەکە، نوسینگەی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین تیمێکی تایبەتی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی سکاڵایەک، کە تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو لێپرسراوێکی یەکەیەکی تەندروستی داوای بڕی یەک ملیۆن دیناری لە هاووڵاتییەک کردووە، بەرانبەر پێدانی نووسراوێک کە بسەلمێنێت هیچ قەرزێکی دارایی لەسەر نییە و رێگری بکات لە جووڵاندنی سکاڵای یاسایی لە دژی لە دادگای تکریت.

دەستەی دەسپاکی ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، تیمەکانیان بۆسەیەکی وردیان بۆ تۆمەتبارەکە ناوەتەوە و لە کاتی وەرگرتنی پارەکە و رادەستکردنی نووسراوەکە لە نزیک فەرمانگەیەکی حکومی، بە سەرپێچییەکەوە دەستگیریان کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 307 لە یاسای سزادانی عیراقی یاگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزەکانی ئەمریکا کۆتاییان بە پڕۆسەی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق هێنا.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان ئەرکی گواستنەوەی پێنج هەزار و 700 چەکداری دەستگیرکراوی داعـ.ـشیان لە سوریاوە بۆ عیراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ئەمنی و هەماهەنگیی نێوان واشنتۆن و بەغدادە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی دەستگیرکراوە بیانییەکان و ئەو چەکدارانەی رەگەزنامەی عیراقییان هەیە، کە لە کاتی شەڕی دژ بە داعش دەستبەسەر کرابوون.

ئاماژە بەوەش کردووە، گواستنەوەی ئەم دەستگیرکراوانە بە مەبەستی رادەستکردنیانە بە دەسەڵاتە دادوەرییەکانی عیراق بۆ ئەوەی بەپێی یاسا بەرکارەکانی ئەو وڵاتە دادگایی بکرێن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر ئەو زیندانانەی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە (هەسەدە) بەڕێوەدەبرێن.

چاودێران پێیان وایە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی نوێی ئەمریکا بۆ داخستنی دۆسیەی کەمپ و زیندانەکانی سوریا و رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی هەڵاتن یان دووبارە رێکخستنەوەی شانە نوستووەکانی رێکخراوی داعش لە ناوچەکەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی عیراق رایدەگەیەنێت، پلانی كشانەوەی ئەمریكا لە عیراق لە كۆتایی ئەمساڵدا گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە و وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، پلانی كشانەوەی ئەمریكا لە عیراق لە كۆتایی ئەمساڵدا گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە و وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت.

وتیشی، زیندانییەكانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق دەگوازرێنەوە و لە گفتوگۆدان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئیسلامی و عەرەبی بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتیانیان، لە ئێستاشدا پێویستیان بە پاڵپشتی دارایی و ئەمنی هەیە بۆ ئەو بابەتە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا فوئاد حسێن رایگەیاند، كاندیدكردنی نوری مالكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عیراق بابەتێكی تەواو ناوخۆییە و تێبینییەكانی ئەمریكاش لەسەری بەهەند وەردەگرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە غولام ئیسحاق رێکخەری گشتی نێشتەجێ نەتەوە یەکگرتووەکان و وەفدی یاوەری کرد و  لە میانەی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-2- 2026 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو ، هەماهەنگی و هاریکاری نێوان عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بەگوێرەی کاری پێشینەی قۆناغی ئێستا تاوتوێ کرا.

هەروەها باس لەو بەرنامە و پڕۆژانە کرا کە لەلایەن دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە وڵاتدا جێبەجێ دەکرێن، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی تەکنیکی و بەکارهێنانی بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام لە وڵاتدا.

لای خۆیەوە رێکخەری گشتی نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی ئاستی هاریکاریی هەنووکەیی کرد و ئامادەیی رێکخراوەکەی دەربڕی بۆ بەردەوامبوون و فراوانکردنی کاری هاوبەشی نێوان عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە فرۆشتنی بینای باڵیۆزخانەی عیراق لە سیئۆلی پایتەختی کۆریا دەکەن بە کەسایەتییەکی هونەریی ئەو وڵاتە.

وەزارەتی دەرەوە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە وردی بەدواداچوونیان بۆ ئەو هەواڵانە کردووە کە لە هەندێک لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە دەربارەی فرۆشتنی بینای باڵیۆزخانە. وەزارەت جەختی کردەوە کە: "کۆماری عیراق هیچ بینایەکی باڵیۆزخانە یان خانووی نیشتەجێبوونی لە کۆریادا نییە."

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە، باڵیۆزخانەی عیراق لە سیئۆل لە رێگەی گرێبەستی کرێی رەسمییەوە شوێنەکەی دابین کردووە، هاوشێوەی ژمارەیەکی زۆر لە نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی دیکە و بەپێی ئەو رێکارە ئیداری و رێکخراوەییانەی لە کاری دیپلۆماسیدا پەیڕەو دەکرێن.

وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە کە ئەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی بینایەکی موڵکی دەوڵەتی عیراق دەکەن، دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە. هاوکات داواشی لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا ورد بن و تەنیا پشت بە سەرچاوە رەسمییەکان ببەستن، تاوەکو رێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی نادروست دەربارەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، میدیا عیراقییەکان بڵاویان کردەوە، دادگای فیدڕاڵی عیراق سکاڵای تایبەت بە بڕیاری پێناسی نوێی گـومـرگـی رەتکـردەوە و رایگەیاندوە، ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی گشتیدا نییە.

محەممەد خەفاجی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندوە، دادگای باڵای فیدراڵی کۆتا بڕیاریدا و  ئەو داوایەی رەتکردووەتەوە، کە لەسەر بڕیاری ژمارە 957 تایبەت بە زیادکردنی باجی گومرگی تۆمارکرابوو.

 محەممەد خەفاجی، کە لە پۆستێکی فەیسبوکدا زانیارییەکەی بڵاویکردوەتەوە و میدیا عیراقییەکانیش دایان ناوە، رایگەیاندوە؛ رەتکردنەوەی بڕیارەکە، بەهۆی نەبونی بەرژەوندی گشتییەوە بووە.

ئەمە لە کاتیكدایە وەزیری بازرگانی عیراقی رایگەیاند بوو، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا، دڵنیایی دەدەیەن هاووڵاتییان، کە حکومەت بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بەرزبوونەوەی نرخەکان نادات و وەک هێزێکی هاوسەنگ لە بەرانبەر قۆرخکاریی بازاڕدا دەوەستێتەوە.

راگەیاندنی بڕیاری گومرگی نوێ، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دروستکرد، لە بەغدادی پایتەخت و چەند پارێزگایەکی تر،  ژمارەیەکی زۆر دوکاندار بە داخستنی دوکانەکانیان و هاتنە سەر شەقام دژی بڕیارەکە وەستانەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەسەر پرسی دۆسییە گواستنەوەی زیندانەکانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق بە تایبەت کۆدەبێتەوە و رەوشی ئەمنی زیندانەکان تاوتوێ دەکرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی  ئەنجومەنی نوێنەران، کۆبوونەوەکە سەحات 11ـی پیش نیوەڕۆ دەبێت،  بە ئامادەبوونی وەزیری داد، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری و جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکا.

پرسی سەرەکی کۆبونەوەکە  گفتوگۆکردنەوە لەسەر رەوشی ئەو چەکدارانەی لە سوریاوە گواستراونەتەوە، لەگەڵ داڕشتنی پلانی تۆکمە بۆ پاراستنی ئەو زیندانانەی چەکدارەکانیان تێدا راگیراوە.

پێشتر، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی بڵاویکردوەتەوە پڕۆسەی گواستنەوەی چەکداران بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە چوار هەزار و 580 زیندانی داعش گواستراونەتەوە عیراق.

ئەمە لە کاتیكدایە، پێشتر سودانی  داوای لە وڵاتانی جیهان کرد بوو،  بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن لە وەرگرتنەوەی هاووڵاتییە تیرۆریستەکانیان لە زیندانەکان، جەختیکردبوەوە لە دوای هاتنی ئەو زینادنە داعشانە بۆ عێراق رەوشی عیراق هەستیارە و دەبێت وڵاتان پشتگیری بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...5556575859...491