کارنامەی دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاوکرایەوە و پرسی داعشە گوازراوەکان بۆ عیراق تاوتوێ دەکات.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی چوارشەممە بڵاوکردەوە و لە بڕگەی یەکەمدا، پێداچوونەوە بەو تانانە دەکات سەبارەت راست و دروستی هەندێک لە پەرلەمانتاران پێشکەشکراون.

لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بە ئامادەبوونی وەزیری داد، بریکاری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری و جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، گفتوگۆ لەسەر بابەتی زیندانییە گوازراوەکان بۆ عێراق دەکرێت.

تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە گفتوگۆی گشتی، هاوکات ئاماژە بەوەکراوە کۆبوونەوەکە سەعات 11ـی پێشنوەڕۆ بەڕێوەدەچێت.