بە هەوڵی سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نوسینگەی گومرگی لە بازگەی باوە مەحمود بە رەسمی دەکرێتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بوژاندنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ناوچەکەدا تەماشا دەکرێت.

 سروە محەمەد لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند: "بەپێی ئەو بەڵگانەی لە وەزارەتی دارایی و دەستەی گشتیی گومرگەکانی عیراقەوە دەرچوون، بڕیاری رەسمی ژمارە 1ی ساڵی 2026 دراوە بۆ بونیاتنانی نوسینگەی گومرگی لە بازگەی باوە مەحمود، کە دەکەوێتە نێوان خانەقین و گەرمیان، ئەمەش لە پاش هەوڵی زۆری تیمی یەکێتیی دێت لە بەغداد
."

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر کێشەی زۆریان لەو بازگەیە هەبوو، بەڵام ئێستا رەزامەندییان وەرگرتووە تاوەکو هاووڵاتییان و بازرگانان بتوانن بارەکانیان لەو بازگەیەوە بەرەو ناوچەکانی خوارووی عیراق بەرن. وتیشی: "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ فراوانکردنی جوڵەی ئابوری لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی."

 سەبارەت بە کاتی کردنەوەی بازگەکە بە رووی شۆفێراندا، سروە محەمەد ئاشکرای کرد کە لە سبەینێ سێشەممە، 10ی شوباتی 2026ـەوە بازگەکە دەکرێتەوە و تەنیا هەندێک رێوشوێنی ئیداری ماوە کە تەواو بکرێن
.

ئەم دەستکەوتە دوای بەدواداچوونی بەردەوامی سروە محەمەد دێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ، تاوەکو رەزامەندیی رەسمی بۆ کردنەوەی نوسینگەکە وەربگرێت و خزمەت بە کەرتی ئابوریی ناوچەکە بگەیەنێت.