هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی یەكێتی كۆبووەوە
لاوان
٨ی شوباتی ٢٠٢٦
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەئامادەبوونی سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی یەكێتی لە بەغداد كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند دۆسێیەكی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی بە ئامادەبوونی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغداد كۆبووەوە و تیایدا پێشوازی لە دانووستانەكانی ئەمریكا و ئێران بە نێوەندگیری عومان كرا و جەختیشكرایەوە لە پشتبەستن بە دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و خۆبەدوورگرتن لە هەر لێدوانێكی میدیایی و هەڵوێستێك كە بەرژەوەندییەكانی عیراق بخاتە مەترسییەوە.
ئیدارەی دەوڵەت تیشكی خستەسەر گرنگی پشتیوانیكردنی حكومەت بۆ چاكسازییە ئابورییەكان و ئەو بڕیارانەی پەیوەستن بە دەروازە سنوورییەكان، رێگریكردن لە قاچاخ و خۆدزینەوە لە باج و گومرگ، جەختیشیكردەوە لە گرنگی پلانێكی چاكسازی بۆ پاراستنی بەرهەمەكانی ناوخۆ و بەرەوپێشبردنی كەرتی پیشەسازیی عیراق.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق تاوتوێكرا و جەختكرایەوە لە پشتیوانیكردنی رێككارە یاسایی و دادوەرییەكانی حكومەت بەرانبەر ئەو تیرۆریستانە، داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد پشتیوانی عیراق بكات لەو پرسەدا.



