لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی کۆمار پیرۆزبایی لە نەقیبی نوێی رۆژنامەنوسان و جێگرەکانی دەکات بە بۆنەی هەڵبژاردنیان و داواشیان لێدەکات کاربکەن بۆ ئەوەی ئازادی و پیشەییبوون بکرێنە کارنامەی سەرەکی کارەکانیان، بە جۆرێک لە خزمەت خواستەکانی گەلی عیراقدا بێت.
سەرۆکایەتی کۆمار پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی نەقیبی نوێی ڕۆژنامەنووسان و هەردوو جێگرەکەی و ئەندامانی ئەنجومەن دەکەین، کە لە هەڵبژاردنەکانی سەندیکادا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لە راپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییە پیشەییەکانیاندا.
سەرۆکایەتی کۆمار،دەڵێت سەندیکای رۆژنامەنووسان رۆڵێکی دیار و گرنگی لەئەستۆدایە بۆ چەسپاندنی بەهاکانی پیشەییبوون و بەرپرسیارێتی، هەروەها بەرگریکردن لە مافی رۆژنامەنووسان و دەستەبەرکردنی ئازادیی دەربڕین، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە پاڵپشتیکردنی رێڕەوی دیموکراسی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی دەوڵەتی دامەزراوەیی و یاسا.
هەروەها جەختیشیان کردوەتەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبونی کارەکان بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و ئازاد بۆ کاری رۆژنامەوانی، پاراستنی کەرامەتی رۆژنامەنووسان و پەرەپێدانی تواناکانیان بۆ ئەنجامدانی پەیامە نیشتمانییەکەیان بە هەموو پیشەییبوون و سەربەخۆییەکەوە.
سەرۆکایەتی کۆمار داواشدەکات کاربکرێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەییبوونی میدیای ئازاد، دور لە شاردنەوە و شێواندنی راستییەکان و کاربکرێت بۆ چەسپاندنی چەمکە نیشتمانییەکان و خزمەتکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان، بە شێوەیەک، کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکات و رەنگدانەوەی خواستەکانی گەلی عیراق بێت.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەڵێت، دوو هەزار و 250 زیندانیكراوی داعش بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان بە رێگەی ئاسمانیی و وشكانی گواستراونەتەوە بۆ عیراق.
لیوا سەعد مەعن لێپرسراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق رایگەیاند، گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق بەردەوامە و تائێستا دوو هەزار و 250 زیندانی گواستراونەتەوە.
دەشڵێت، عیراق لەبری هەموو جیهان ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەی گرتووەتە ئەستۆ، ئەوەش پێویستی بە هاوكاریی و پاڵپشتی وڵاتانی جیهان هەیە، چونكە زیندانییەكان هەڵگری رەگەزنامەی عیراقی و سوری و چەندین وڵاتی ترن.
وتیشی، لیژنەیەكی باڵا بە سەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان پێكهێنراوە بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە زیندانیكراوەكان و دەسەڵاتی دادوەریی عیراقیش رۆڵی هەبووە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆسیەیە و پاراستنی سەروەری یاسا.
سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، پەیامێکی هاوخەمی ئاڕاستەی حکومەت و گەلی پاکستان کرد بەهۆی ئەو هێرشە تیرۆرستییەوە کە کرایە سەر مزگەوتێکی نوێژخوێنانی وڵاتەکە و دەڵێت: هەڵوێستی نەگۆڕمان بۆ پەرپەرچدانەوەی هەموو جۆرەکانی تیرۆر و توندوتیژی و توندڕەوی دووپاتدەکەینەوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار:
سەرۆکایەتی کۆمار بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە قێزەونە دەکات کە نوێژخوێنانی لە ناو مزگەوتێکی پاکستان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوە کە پەلامارەکە پێچەوانەی هەموو بەهایەکی مرۆیی بوو.
وێڕای هاوخەمی قووڵ و دڵسۆزانەمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ حکومەت و گەلی دۆستی پاکستان دووپاتدەکەینەوە و هاوکات هەڵوێستی نەگۆڕمان بۆ پەرپەرچدانەوەی هەموو جۆرەکانی تیرۆر و توندوتیژی و توندڕەوی دووپاتدەکەینەوە.
هەروەها داوای بەهێزکردنی هاریکاری نێودەوڵەتی و ئیقلیمی دەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم بەڵا مەترسیدارە، چەسپاندنی بەهاکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستنی مافی مرۆڤ بۆ ژیان و ئاسایش و ئازادی رادەربرین دوپات دەکەینەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق
٦ی شوباتی ٢٠٢٦
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، ئامادەیە بۆ گرتنەبەری هەر رێوشوێنێكی پێویست تاكو نوری مالكی جارێكی تر نەبێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عیراق.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە لێدوانێكیدا بۆ میدیایەكی عیراقی ئاماژەی بەوەداوە، هۆشداری توند و راستەوخۆیان داوە بە عیراق لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆكانی حكومڕانی پێشووتر لە عیراق، بە دیاریكراویش حكومڕانی مالكی كە عیراقی بەرەو فەقیری و ئاژاوەگێڕی سەرتاسەری بردووە، نابێت رێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەو بدرێتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ئامادەن بۆ گرتنەبەری هەر رێوشوێنێكی پێویست تاكو نوری مالكی جارێكی تر نەبێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عیراق.
ئەو وەزارەتە دەشڵێت، حكومڕانی مالكی زیان بە پەیوەندی و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان ئەمریكا و عیراق دەگەیەنێت، بەوپێیەش سیاسەتی ئێستای ئەمریكا وادەخوازێت حكومەتی عیراق توانای كاری پێكەوەیی لەگەڵ ئەمریكا هەبێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگرە لەسەر كاندیدكردنی نوری مالكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عیراق.
دارایی عیراق نەمانی پارە لە گەنجینەكاندا بۆ دابینكردنی موچە رەتدەكاتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، موچەی خانەنشینان و فەرمانبەران مسۆگەرە و لەكاتی خۆیدا خەرجدەكرێت.
وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لە سۆشیاڵ میدیاكاندا بڵاوكراونەتەوە و باس لەوەدەكەن گەنجینەكانی عیراق پارەیان تێدا نەماوە، تەنها دەنگۆن و دوورن لە راستییەوە.
جەختی لەوەشكردووەتەوە، موچەی مانگەكانی داهاتوو مسۆگەرە و لەكاتی خۆیاندا بە بڕیاری رەسمی خەرجدەكرێن.
داواش لە میدیاكان دەكات، ئەو زانیارییانە تەنها لە لایەنی رەسمی وەربگرن و بڵاوی بكەنەوە و نەبنە هۆكاری دروستكردنی دڵەڕاوكێ و نیگەرانی لەلای هاووڵاتیان.
محەمەد شیاع سودانی، لە بەغداد پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد لە کۆبوونەوەکدا تیشکیان خستە سەر گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت لە رێگەی بەشداری پێکردنی کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی عیراقدا و سودانی راشیگەیاند پێویستە وڵاتان بەرپرسیارێتیی هەڵگرن و هاووڵاتییە تیرۆریستەکانیان وەربگرنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لەگەڵ ژان نوێل بارۆی وەزیری دەرەوەی فـەرەنـسـا کۆبوەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و ئەمنییەکانی نێوان عیراق و فەرەنسایان تاوتوێ کرد.
لە کۆبونەوەکەدا سودانی داوای لە وڵاتانی جیهان کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن لە وەرگرتنەوەی هاووڵاتییە تیرۆریستەکانیان لە زیندانەکان، هەروەها جەختی لە پشتیوانی عیراق بۆ گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا کردەوە بۆ سەقامگیری ناوچەکە.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ستایشی رۆڵی عیراقی کرد لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ بەردەوامیی هاوکارییە بەرگری و ئەمنییەکان لەگەڵ بەغداد.
عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عیراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ جۆش هارس، کاربەڕێوەبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبوەوە و پەرەپێدانی هاوبەشی ستراتیژی و گرنگیی پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی نەقدی و ئابوریی عیراقیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندی عیراق، راگەیەندراویکی بڵاوکردوەتەوە تێیدا هاتووە، لەسەر پرسی سەقامگیری دراو لە عیراقدا،عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمیکا کۆبوەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی ئەمریکی دەستخۆشی لە چاکسازییەکانی بانکی ناوەندی و پەرەسەندنی پرۆسەی گواستنەوەی دەرەکی و رێکخستنی فرۆشتنی دۆلار بەپێی ستانداردە جیهانییەکان کرد، هاوکات جەختی لە بەردەوامیی هەماهەنگییە بەرهەمدارەکانی نێوان وەزارەتی خزێنەی ئەمریکا وبانکی فیدراڵیی عیراق کردەوە.
لە بەرانبەردا پارێزگاری بانکی ناوەندی سوپاسی پاڵپشتییە بەردەوامەکانی ئەمریکای کرد و جەختی لەسەر پلانی چاکسازیی بانکی کردەوە بە ئامانجی بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی، کە لەگەڵ پێویستییەکانی ئاسایش و سیاسیی وڵاتدا بگونجێت.
لە میانی سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای سەردانیکردنی سوریا ژان نوێل بارۆی وەزیری دەرەوەی فـەرەنــسـا گەیشتە بەغداد و لەگەڵ هاوتا عیراقیەکەی كۆنگرەی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
ژان نوێل بارۆ رایگەیاند، ئێستا رەوشی عیراق زۆر باشە و پەرە بە هاوبەشی ستراتیژی نێوانیان دەدەن و چاودێری ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە عیراق دەكەن، لای خۆشیەوە فوئاد حسێن رایگەیاند، سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ عیراق لە کاتێکی گرندابوو.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت پارێزگاری لە ئاشتی و سەقامگیری عیراق بكرێت و ئەوان دژی ئەو هێزانەن، كە ئاشتییان ناوێت جەختیشیکردەوە رێككەوتون لەسەر ئەوەی بەگژ داعشدا بچنەوە و لەسەر رێککوتنی هەسەدە و دیمەشقیش گفتوگۆیان کردوە.
لای خۆشیەوە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند، لە ساڵی 2023وە رێككەوتن لە نێوان حكومەتی عیراق و فەرەنسا هەیە و سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەم کاتەدا گرنگ بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، باسی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردوە و لەگەڵ فەرەنسا رێككەوتن لەسەر روبەڕوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و بابەتی ئەمنی هەیە.
فواد حسێن جەختیشیکردەوە دەیانەوێت هاوبەشیان زیاتر بێت، لەگەڵ فەرەنسا و بەیەكەوە رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە
وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق، بڕیاریدا رێگری لە هاتنی تەماتە بکات لە هەموو دەروازە سنورییەکانەوە و جەختی کردەوە کە رێگە نادرێت ئەو بەرهەمە لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی شارەکانی دیکەی عیراق بکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکە بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، چونکە لە ئێستادا بڕێکی زۆر تەماتە لە بازاڕەکانی عیراقدا هەیە و پێداویستییەکان دابین دەکات.
هەر لەو راگەیەندراوەدا هاتووە، رێگری لە هاتنی تەماتە لە هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "لە ئێستادا هیچ بەرهەمێکی تەماتە لە هەرێمی کوردستاندا نییە".
محەمەد حەلبوسی رایگەیاند، پشتیوانی لە كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئەزموونی پێشوتریان لەگەڵ نوری مالكی وەك سەرۆك وەزیران تاڵبووە و ئەزمونێكی باش نەبووە، وتیشی، پێش لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە مالكی، واشنتۆن ئاگاداری كردوینەوتەوە كە دەستنیشانكردنەوەی مالكی وەك سەرۆك وەزیران قبوڵكراون نییەو تەنانە هەڕەشەی ئەوەشی كردوە باڵیوزخانەكەیان لە غدادەوە دەگوازینەوە بۆ هەولێر.
راشیگەیاند، هیچ وڵاتێكی عەرەبی و ناوچەكە پشتیوانی لە نوری مالكی ناكات، وە ئەوانیش وەك لایەنی سوننە لەگەڵ شیعەكاندا دژی ترەمپ ناوەستنەوە، چونكە ئەوە كارەساتی لێدەكەوێتەوە، وتیشی ئەوان پێویستیان بە كەساتیەك هەیە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە پەیوەندیەكانی لەگەڵ ناوخو و وڵاتانی ناوچەكە و نێودەوڵەتی بەهێزبێت.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش، حەلبوسی رایگەیاند، ئەوان پشتیوانی لە كاندیدەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەن، كە نزار ئامێدیە، چونكە ئەوانیش پشتیوانیان لە كانیكەی ئەوەانكردوە بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوا دەكەن رێز لە وادە دەستورییەكان بگیرێت و هیچ بیانوییەكیش نەبێت بۆ هێرشەكردنەسەر عیراق و تێكدانی سەقامگیرییەكەی.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە نوسینگەی سەرەكی رەوتی حیكمە لە بەغداد كۆبووەوە، بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش، جەختكراوەتەوە لەپێویستیی رێزگرتن و پابەندبوون بە وادە دەستوورییەكان، داواش دەكات كاندیدی سەرۆك كۆماری داهاتووی عیراق بەزووترین كات یەكلابكرێتەوە، داواش لە لایەنە كوردییەكان دەكات پێشنیازەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە هەند وەربگرن، بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و كۆتایی هێنان بە چەقبەستوویی.
دەشڵێت، لە ئەگەری نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پەرلەمانتارانیان سەرپەشك دەكەن بۆ دەنگدان بە هەر كاندیدێكی ئەو پۆستە.
چونكە بەردەوامی چەقبەستووی دامودەزگاكانی دەوڵەت لەگەڵ ئاستەنگە سیاسییە و ئابووری و ئەمنییەكانی وڵات یەكناگرێتەوە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە، بەكارهێنانی خاكی عیراق بۆ هێرشكردنەسەر هەر وڵاتێك رەتدەكەنەوە، داوا لە هێزە ئەمنییەكانیش دەكات رێوشوێنی خۆپارێزی پێویست بگرنەبەر، بۆئەوەی هیچ پاساوێك نەبێت بۆ هێرشكردنەسەر عیراق و تێكدانی سەقامگیرییەكەی.
بۆ تاوتوێكردنی لە ئەنجامی سەردانی وەفدەكەیان بۆ هەرێم و كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی كۆدەبێتەوە.
عەلی كینانی ئەندامی فراكسیۆنی "ئبشیر یا عیراق" بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە رەسمی رایگەیاندووە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی كۆدەبێتەوە بۆ تاوتێكردنی ئەنجامی سەردانی بەشێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەولێر و سلێمانی.
وتیشی: دوو رۆژدراوەتە لایەنە كوردیەكان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆك كۆمار كە ماوەی مانگێگە چارەسەرنەكراوە.
راشیگەیاند، لەكۆبونەوەكەدا جارێكی دیكە پرسی كاندیدی سەرۆك وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، هەرچەندە تاكو ئێستاش چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا پابەندە بە كاندیدكردنی نوری مالكی بۆ ئەوپۆستە.
عەلی عەلاق رەتی دەکاتەوە لە لایەن ئەمریکاوە هۆشداری توندییان پێدابێت، سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتی عیراق و رایگەیاندوە، تەنها چەند پرسێکی تەکنیکیان تاوتوێ کردوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پارێزگاری بانکی ناوەندی عەلی عەلاق جەختی کردەوە، کە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی تەنها چەند پرسێکی تەکنیکی بوە و رەتی کردوەتەوە، باسیان لە هەڵبژاردنی مالکی و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوت کردبێت.
علی عەلاق، جەختیکردوەتەوە، " لەگفتوگۆکاندا باسیان لە هیچ پرسێکی تر نەکردووە، کە رەهەندی جیاوازی هەبێت."
ئەمەش لە دوای ئەوە دیێت، ئاژانسی بلۆمبێرگ، بڵاویکردەوە بەرپرسانی ئەمریکا بە عەلی عەلاقیان راگەیاندوە، ئەگەر نوری مالکی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، واشنتن دەست دەگرێت بەسەر تەواوی داهاتی نەوتی عیراقدا و رێگری دەکات لە گەیشتنی دۆلار بە بەغداد.
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، جەخت لە بەردەوامبوونی کاندیدبوونی دەکاتەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و رایدەگەیەنێت، ترەمپ لە رێگەی زانیاریی نادروستەوە دەربارەی ئەو چەواشە کراوە.
نوری مالیکی لە لێدوانێکی نوێدا رایگەیاند، "لە کاندیدبوونم بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران ناکشێمەوە و تاوەکو کۆتایی بەردەوام دەبم." سەبارەت بە ئێکسەکەی ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مالیکی وتی: "ترەمپ من ناناسێت و هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە، تەنیا ناوم پێدراوە و پێموایە کەوتووەتە ناو پرۆسەیەکی چەواشەکارییەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک کەس لە ناوخۆی عیراقەوە زانیاریی نادروستیان بە ترەمپ داوە تاوەکو ئەو تویتە بنووسێت.
مالیکی ئاشکرای کرد کە زانیاریی لە کەسانی نزیک لە ناوەندی بڕیاری ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە سەرسامن بە تویتەکەی ترەمپ، ئەمەش جێگەی گومانە. هاوکات دڵنیایی دا کە عیراق رووبەڕووی هیچ سزایەکی ئابوری نابێتەوە و دۆخەکە بەو ئاراستەیەدا ناڕوات.
سەبارەت بە گروپە چەکدارەکان، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وتی: "ئەو گروپانە کوڕ و هاوڕێی منن، ئەوان بەشدارییان لە حکومەت و پەرلەماندا کردووە، چونکە من کاندیدی سەرۆکایەتیی وەزیرانم."
لە لایەکی دیکەوە، مالیکی باس لەوە دەکات کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عیراق، خۆی پۆستەکەی بۆ ئەو جێهێشتووە، وتیشی: "سودانی خۆی دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ من هەڵگرت و بەو بڕیارە تووشی هێدمەی کردم."
ئەم لێدوانانەی نوری مالیکی لە کاتێکدایە کە ململانێیە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لە ناو ماڵی شیعە و لەسەر ئاستی عیراق گەیشتوونەتە لوتکە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی 2ـی 2026، لەکۆشکی بەغداد، پێشوازی لە عەلی تورکی، پارێزگاری نوێی بابل کرد.
لە میانەی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار مەرسومی کۆماری دەستەبەکاربوونی پێشکەش بەپارێزگاری نوێ کرد وهیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست و جەختی لەگرنگی خستنەگەڕی هەموو هەوڵەکان بۆ خزمەتکردنی هاونیشتمانیانی پارێزگای بابل و کارکردن بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان کردەوە، بە شێوەیەک کەخواستی هاووڵاتیان بهێنێەدی و بەشداربێت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی گەشەپێدان.
لەلای خۆیەوە پارێزگاری نوێی بابل، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو متمانەیەی پێی دراوە، هاوکات ویستی خۆی دووپاتکردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە و کارکردن بەگیانی یەک تیم بۆ خزمەتکردنی پارێزگا و دانیشتوانەکەی.
بڕیارە ئەمڕۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆبێتەوە و تێیدا پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلای بکرێتەوە و بەگوێرەی کارنامەیەک، کە پێشتر لەلایەن فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی کە بڵاوکراوەتەوە، سەعات 11ـی پێش نیوەڕۆ کۆبوونەوەکە دەستپێدەکات.
وەک لە کارنامەکەدا هاتووە، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ لە دوو تەوەری سەرەکی پێکدێت و تەوەری یەکەم تایبەت کراوە بە سوێندخواردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی نوێنەران، کە تا ئێستا سوێندی یاساییان نەخواردوە.
لە تەوەری دووەمیشدا، کە مەبەستی سەرەکی پێکهێنانی حکومەتە و دانیشتنەکە لە چوارچێوەی پابەندبوونە بە ماوە دەستورییەکان بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستە سیادییەکان بە تایبەت پۆستی سەرۆک کۆمار.
گەرچی سێشەممەی رابردوو دانرابوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بەڵام دواخراو و ئەگەر ئەمڕۆ رێژەی یاسایی تەواو بکرێت هەڵبژاردن بۆ ئەو پۆستە ئەنجام دەدرێت، کە لە ئێستادا 18 کەس خۆیان بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە کاندید کردەوە.