بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان لە لێپرسراوانی ئێران و پاسەوانەكانیان قەدەغە كرا، حكومەتی وڵاتەكەش داوا لە هاووڵاتیان دەكات تۆڕەكانی واتسئاپ و ئینستگرام لەسەر مۆبایلەكانیان بسڕنەوە.
میدیاكانی ئێران رایانگەیاند، ناوەندی فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیكترۆنی ئێران بڕیاریداوە بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان بەهەموو شێوەیەك لە لێپرسراوان و كاربەدەستانی وڵات و پاسەوانەكانیان قەدەغەبكات و رێگریان لێ بكات لەوەی پەیوەندی ئەنجام بدەن.
هاوكات، راگەیاندنی رەسمی حكومەتی ئێران بلاویكردەوە، داوا لە هاوڵاتییان دەكەن تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی واتسئاپ و ئینستگرام لە مۆبایلەكانیاندا بسڕنەوە، بۆ ئەوەی لە لایەن ئیسرائیلەوە شوێنەكانیان دەستنیشان نەكرێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، یەحیەئیل لیتەر باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریكا ئاشكرایكرد، شەوانی پێنجشەممە و هەینی شتانی حەپەسێنەر و گەورە چاوەڕێی ئێران دەكەن، بە جۆرێك ئۆپەراسیۆنی تەقاندنەوەی پەیجەر و بێتەلەكان كە بوونە هۆی كوژرانی 37 كەس لەچاویدا هیچ نەبێت.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات لە هەوڵێكی ئیسرائیل بۆ فراوانكردنی جەنگ.
عراقچی لە دوایین لێدوانیدا هۆشداریداوە لەوەی ئیسرائیل پیلانی هەیە بۆ فراوانكردنی بازنەی جەنگ و تێوەگلانی وڵاتانی هەرێمیی و نێودەوڵەتی.
وتیشی، گەلی ئێران بە هەموو هێزی خۆیەوە بەرگری دەكات لە دژی ئەو دوژمنكارییەی ئیسرائیل ئەنجامیدەدات.
ئاماژەی بەوەشدا كە بە ئامانجكردنی دامەزراوە نەوتییەكان لە ئاوەكانی كەنداو لە چوارچێوەی فراوانكردنی جەنگە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
عراقچی راشیگەیاندووە، ئەمریكا دەتوانێت بە یەك پەیوەندی تەلەفۆنی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بێدەنگ بكات ، كە ئەوەش رێخۆشكەر دەبێت بۆ چارەسەری دیپلۆماسی.
دۆناڵد ترەمپ بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتە واشنتن و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پێویستە بگەنە راگەیاندنی ئاگربەستی خێرا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانە رۆژنامەنووسییەکەیدا لە واشنتن ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ گەرەنتییەک نییە لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی ئەمریکا لە شەڕەکەدا.
وتیشی، "من وەک پێشوو خواستم لەسەر دانوستان نەماوە، ئەگەر ئێران دانوستانی بوێت ئەوا دەزانن چۆن پەیوەندیم پێوە بکەن".
بەیانی ئەمڕۆش دۆناڵد ترەمپ بە تۆڕی ئێن بی ئێسی ئەمریکی راگەیاندبوو، کەئەگەری هەیە ستیڤ ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان جەی دی ڤانسی جێگری خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران بنێرێت.
سوپای پاسدارانی ئێران هاووڵاتیانی ئیسرائیل ئاگاداردەکاتەوە دەستبەجێ شارەکان چۆڵ بکەن، چونکە لە چەند سەعاتی داهاتودا هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئیسرائیل دەستپێدەکەن.
سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردوەتەوە، لە چەند سەعاتی داهاتودا، هێزی ئاسمانی و بۆشایی ئاسمانی سوپای پاسداران، لە کاردانەوە بە هێرشەکانی راستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان، هێرشێکی ئامانجدار لە دژی ئیسرائیل ئەنجام دەدەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر شار و دامەزراوە و ناوەندێک کە دەکەوێتە ناو ئیسرائیلەوە بە ئامانجێکی سەربازیی هەژمار دەکرێت.
سوپای پاسداران راشیگەیاندوە، پێویستە دەستبەجێ شارەکان چۆڵ بکەن
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە پێداگری کرد لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا و سەرۆکەکەی دۆناڵد ترامپ دەتوانن بە "تەلەفۆنێک" هێرشەکانی ئیسرائیل بوەستێنن.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆرمی "ئێکس"دا نووسی: "تەلەفۆنێک لە واشنتۆنەوە بەسە بۆ راگرتنی جەنگی ئیسرائیلی و خۆشکردنی رێگا بۆ گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی."
عراقچی زیادی کرد کە وڵاتەکەی جەنگی دەستپێنەکردووە، بەڵام "ئامادەین تا کۆتایی شەڕ بکەین"، جەختی لەوەشکردەوە کە "وەڵامی ئێران بۆ ئیسرائیل بەردەوامە تا کاتێک هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامن."
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری لە تێکەڵبوونی ئەمریکا لە جەنگەکە داو وتی ئەمەش "هەموو هیوایەک لە چارەسەری دانوستانە لەناو دەبات و دەرئەنجامە خراپەکانی پێشبینینەکراو و لەوانەیە کارەساتبار بۆ ئاسایشی ناوچەیی و ئابووری جیهانی بهێنێت."
ئیڤی دفرین، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە پلاتفۆرمی "ئێکس"دا راگەیاند: "فڕۆکە جەنگیەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، بە ڕێنمایی هەواڵگری، هێرشیان کردە سەر بنکە فەرماندەییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران."
ئاستی ئاڵۆزی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە ئاستێکی نوێ، کاتێک هەردوو لا هۆشداری دەرچوونیان بە دانیشتووانی شارە سەرەکیەکانی یەکتری دا.
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا هۆشداری دایە دانیشتووانی شاری تەل ئەبیب و داوای لێکردن کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بچنە دەرەوەی شارەکە.
لە دەقی راگەیێندراوەکەی پاسداراندا هاتووە: "ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ جەنگێکی دوورودرێژ."
لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیلیش راگەیێندراوێکی هاوشێوەی بڵاوکردەوە و داوای لە دانیشتووانی ناوچەی سێی شاری تارانی پایتەختی ئێران کرد کە ناوچەکە بەجێبهێڵن.
ئەم هەنگاوانە وەک هۆشداری دوولایەنە لێکدەدرێنەوە کە نیشاندەری ئەوەیە ئاڵۆزی نێوان هەردوو وڵاتەکە دەچێتە ئاستێکی نوێی خەتەرناکەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، زیان بە چوار باڵەخانە لە ئەسفەهان گەیشتووە، کە تاقیگەی کیمیایی و کارگەیەکی گۆڕینی یۆرانیۆمی تێدایە.
رافێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ لایەنی ئێرانی لە پەیوەندیدان و بەردەوام زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن.
باسی لەوەشکردووە، پەیوەندییان لەگەڵ پشکنەرەکان بەردەوامە و سەلامەتی ئەوان لەپێشینەی کارەکانیانە.
راشیگەیاندووە، پەرەسەندنی گرژییەکان زیان بە دانوستانەکان لەبارەی سیستمە ئەتۆمییەکەی ئێران دەگەیەنێت و چارەسەرە دیبلۆماسییەکان بۆ بەدەستنەهێنانی چەکی ئەتۆمیی لەلایەن ئێرانەوە دوا دەخات.
گرۆسی وتووشیەتی، هیچ زیانێک بە وێستگەی پیتاندنی سووتەمەنی فۆردۆ نەگەیشتووە.
یان لە ڕیاکتۆرێک کە لە قۆناغی دروستکردندایە لە خونداب دەستنیشان نەکراوە.
وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، باسکردنی دانوستان لەم کاتەدا بێمانایە. دەشڵێت، پەرلەمان سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەکە بۆ کشانەوە لە رێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.
ئیسماعیل بەقائی وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەیە، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش دەکەن ئیدانەی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەم ساتە باسکردنی دانوستان بێ مانایە.
وتیشی، پەرلەمانی ئێران سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەکە بۆ کشانەوە لە رێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.
پەیمانی نەھێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی NPT؛ پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە بە ئامانجی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و تەکنەلۆژیای چەکی ئەتۆمی، هەروەها پێشخستنی ھاوکارییە لە بەکارھێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی، و پێشخستنی ئامانجی گەیشتن بە داماڵینی چەکی ئەتۆمی و داماڵینی گشتی و تەواوەتیی.
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایگەیاند، موشەکێکی ئێرانی لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەو وڵاتە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایگەیاند، موشەکێکی ئێرانی لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەو وڵاتە کەوتووەتە خوارەوە، کاری لە پێشێنەی ئەوانیش پاراستی کارمەندەکانیانە، بەو هۆیەوە بۆ ئەمڕۆ باڵیۆزخانەکەیان لە ئیسرائیل دادەخەن و هیچ کاروبارێک بەڕێ ناکەن.
وتیشی، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل چاودێری دۆخەکە دەکەن و لە ئێستادا ناتوانن کارمەندەکانیان لە ئیسرائیل ببەنە دەرەوە، بەهۆی ئەوەی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە راگیراون.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی سێ رۆژە هێرشی ئیسرائیل و ئێران بۆسەر یەکتر بەردەوامە و دوایین هێرشی ئەمشەوی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بووەتە هۆی پێنج گیانلەدەستدان و 92 بریندار.
حەیفا سێیەم شاری گەورەی ئیسرائیلە و رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە ژیانی ئابووری و کولتووری ئیسرائیل، لێدان لە حەیفا وەک لێدانە لە ناوەندە ژیانی و گرنگەکانی سوتەمەنی و ناوەندە زانستییەکان لەو شارە.
*گرنگی ئابووری:
- بەندەرێکی گەورە و سەرەکییە لە دەریای سپی ناوەڕاست
- ناوەندێکی پیشەسازی گرنگە، بەتایبەتی بۆ تەکنەلۆژیا و کیمیاوی
- کارخانەکانی نەوت و گازی سروشتی تێدایە
*گرنگی جوگرافی:
- کەوتووەتە باکووری ئیسرائیلەوە
- شوێنێکی ستراتیژییە پێوەند بە شارەکانی ترەوە
- زانکۆی تەکنیۆن - یەکێک لە باشترین زانکۆکانی تەکنەلۆژیایە لە جیهان دا و دەکەوێتە حەیفاوە
- ناوەندێکی توێژینەوە و گەشەپێدانی زانستیە
سەرۆک وەزیرانی عیراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجامدا و پشتگیری عیراقی بۆ هاوکاریی ئێران دەربڕی.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجامدا و تیایدا باسیان لە دوایین پێشهاتەکان و رێگەنەدان بە بەکارهێنانی ئاسمانی عیراق لەلایەن ئیسرائیلەوە کرد.
نوێ دەکرێتەوە..
حزبوڵا داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و دەرکردنی هێزەکانیان لە عیراق دەکات.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندووە، خامنەیی تاران وەک بەیروت لێدەکات و دانیشتووانەکەشی دەکات بە بارمتە، دەشڵێت، ئێران توشی زیانێکی زۆر بووە.
یسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی رایگەیاندووە، "هێرشەکانمان بۆسەر ئێران بەهێزن، 80 پێگەی سەر بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانمان کردووەتە ئامانج".
وتووشییەتی، ئێران و هاوپەیمانەکانی توشی زیانێکی زۆر بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوەی پلانمان بۆ دانابوو وەک خۆی جێبەجێکرا، بگرە زیاتریش".
ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دایە هاووڵاتیانی ئێران و داوای لە سەرجەم دانیشتووانی نزیک لە بنکە ئەتۆمییەکان کرد، بەپەلە ناوچەکانیان چۆڵ بکەن و تاوەکو کاتێکی نادیار نەگەڕێنەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران گیانلەدەستدانی حەوت فەرماندەی دیکەی سەربازیی سەر بە هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا راگەیاند.
سوپای پاسدارانی ئێران گیانلەدەستدانی حەوت فەرماندەی سەربازیی دیکەی وڵاتەکەی لە هێرشەکانی شەوی هەینی ئیسرائیلدا پشتڕاستکردەوە و بە رەسمی رایگەیاند، کە ئەو فەرماندە باڵایانە لەگەڵ ئەمیر حاجی زادەی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی ئێراندا بوون.
لە راگەیەنراوەکەدا ناوی چەند فەرماندەیەکی پلەباڵا هاتووە کە بۆ یەکەمجارە ئێران بە رەسمی پشتڕاستی کوژرانیان دەکاتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، هەریەک لە محەمەد باقر تاهرپور، مەسنور سەفەرپور، مەسعود تەیب، جەواد جەرسارا، خەسرەو حوسنی، مەحمود باقری و داود شێخیان لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیەنراوەکەدا، بۆ یەکەمجارە ئێران بە رەسمی گیانلەدەستدانی خەسرۆ حوسنیی جێگری فەرماندەی دەزگای هەواڵگریی ئێران پشتڕاست بکاتەوە.
لەو بارەیەشەوە ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، لەکاتی هێرشەکەدا چەند فەرماندەیەکی پلەباڵای سەربازی لەگەڵ ئەمیر حاجی زادەدا لە حەشارگەیەکی ژێرزەویدا بوون.
ئیسرائیل هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی نیشتەجێی نزیک بنکە ئەتۆمییەکان، بەپەلە چۆڵی بکەن.
لە راگەیەنراوێکدا ئەفیخای ئەدرەعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوەتە ئەو هاووڵاتییانەی نیشتەجێی نزیک ناوەندە ئەتۆمییەکانن، بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان بەپەلە ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن.
داواش لەو هاووڵاتیانە دەکات، تاوەکو کاتێکی نادیار نەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
پێشییان دەڵێت، مانەوەتان لەو شوێنانەی بنکەی ئەتۆمین یان پەیوەندییان بە بنکەکانەوە هەیە، ژیانتان دەخاتە مەترسییەوە.
لە بەرەبەیانی رۆژی 13ی ئەم مانگەدا، ئیسرائیل بە 200 فڕۆکەی جەنگیی هێرشیکردە سەر 100 ئامانج لە ناو ئێراندا و بەهۆیەوە 78 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 400 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە شەش زانای ئەتۆمی و فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران و سەرۆکی ئەرکانی ئێران و وتەبێژی خامنەیی و چەندین فەرماندەی سەربازی و پلەباڵای دیکەی تێدابوو، لەدوای ئەوەشەوە ئێرانیش دەستی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کرد و هێرشەکانی هەردوو وڵات تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی چڕ بەردەوامن، کە بەهۆیەوە ژمارەی کوژران و گیانلەدەستدانەکانیش بەرزبوونەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، جەنگ نابەنە خاکی وڵاتانی دراوسێ و دەشڵێت: ناچار نەکێین مەودای شەڕ فراوان ناکەین.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان سەرجەم هێڵە سورەکانی بەزاندووە و ئەوانیش لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێگە نادەن جەنگەکە بخەنە خاکی وڵاتانی دراوسێیان. دەشڵێت، ئەگەر ناچار نەکرێین نامانەوێت مەودای شەڕ فراوان بکەین.
ئەوەشی خستووەتە روو، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە مافی خۆیان دەبینن و چاوەڕوانیشن ئەمریکا نیازپاکی خۆی نیشان بدات. وەک وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، پێیان وایە هێرشی ئیسرائیل بەبێ پشتیوانی و گڵۆپی سەوزی ئەمریکا روونادات.
باسی لەوەشکردووە، بەڵگەیان لایە لەسەر پشتگیری هێزە ئەمریکییەکانی ناوچەکە بۆ ئیسرائیل.
روونیشیکردووەتەوە، ئامادە نین رێککەوتنێک بکەن کە لە مافە ئەتۆمییەکانیان بێبەشیان بکات، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی رابگرێت ئەوانیش هێرشیان ناکەنە سەر.