ئەمیر سەعید عیرفانی، نوێنەری ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمریکای بە پشتگیری کردن لە ئیسرائیل تۆمەتبارکرد.
نوێنەری ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایش، لە وتەکەیدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند: “بەڵگەی رون هەیە کە ئەمەریکا بەشداری راستەوخۆی لە جەنگەکەمان لە دژی ئیسرائیل کردووە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە.”
نوێنەری ئێران تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا هاووڵاتیانی مەدەنی، فەرماندە سەربازییەکان، پسپۆڕان، پزیشکەکان، ئەندازیاران، هونەرمەندان و رۆژنامەنووسانی کردووەتە ئامانج.
بەوتەی عیرفانی: “لە سەرەتای ئەم جەنگەوە تا ئێستا پێنج نەخۆشخانە کراونەتە ئامانج، چەندین پزیشک و هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و برینداربوون، ئەمەش تیرۆر و تاوانی جەنگە.”
هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل
نوێنەری ئێران ئاماژەی بە هێرشەکانی 16ـی حوزەیرانی ئەمساڵ کرد کە تێیدا نەخۆشخانەی فارابی لە کرماشان، خاچی سووری نێودەوڵەتی و ئەمبوڵانسەکان کرانە ئامانج.
هەروەها باسی لە هێرشەکەی 18ـی حوزەیران کرد کە تێیدا دامەزراوەیەکی ئەتۆمی و سەنتەرێکی دروستکردنی سەنتەرفیوج کرایە ئامانج، کە لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا بوو.
عیرفانی داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کە “دەستبەجێ ئیسرائیل وەکوو دەستدرێژی و تاوانی جەنگی بناسێنێت.”
هەروەها سەرنجی دایە سەر ئەوەی کە “ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نابێت خۆیان لە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بێدەنگ بکەن.”
لە کۆتایی وتەکەیدا، نوێنەری ئێران دووپاتی کردەوە کە “بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەرنامەیەکی ئاشتییانەیە”، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە “ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی هەیە کە تا ئێستا راینەگەیاندووە.”
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ئاستی گرژی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ئاستێکی بەرزدایە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نیگەرانە لە بەرفراوانبوونی ملمانێکان لە هەرێمەکەدا.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، ئێران "خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج و ئێمەش خۆمان لەو کارە بەدوور دەگرین".
ناتانیاهۆ، وێڕای پشکنینی زیانەکانی مووشەکەکانی ئێران، رایگەیاند کە "ئێران خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، ئێمەش لە بۆردومانەکانماندا خۆمان لەو کارە بەدوور دەگرین"، دەشڵێت "ئێمە تەنها دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکان دەکەینە ئامانج".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: رێگە نادەین ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت... ئامانجی ئێمە لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە، توانای پێویستی ئەو کارەمان هەیە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێران خاوەنی 28 هەزار موشەکە و هەوڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی دەدات.
بەجیا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا "سەرکردەیەکی گەورەیە، سوپاسی دەکەین بۆ هاوکارییەکانی"، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو (ترەمپ) "بڕیارەکانی خۆی دەدات".
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی نوێیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و مووشەک هاوێژەکانی باشوری رۆژئاوای ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج.
هەروەها ئێران ئەمڕۆ هەینی چەند موشەکێکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە. خزمەتگوزاری تەندروستی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە "لە حەیفا 12 کەس برینداربوون کە دوو کەسیان باری تەندروستی ناجێگیرە".
هاوکات لەگەڵ هێرشەکان، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندووە، ئیسرائیل "ئێستا سزای خۆی وەردەگرێت".
ئیسرائیل دەڵێت: بەردەوام دەبین لە بۆردومانکردنی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەروەها خۆمان بۆ ئەوە ئامادەکردووە جەنگەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت.
لە کاتێکدا شەڕی ئیسرائیل و ئێران چوەتە هەفتەی دووهەمی خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردوەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران بەردەوام دەبێت تا گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی.
ئیڤی دیڤرین، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانمان رۆژانی داهاتوو چالاکتر دەبن و هێرشەکان فراوانتر دەکەین، وتیشی، رەنگە شەڕەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، هێزه سەربازییەکان بەردەوام دەبن له بۆردومانکردنی شوێنه ئەتۆمییەکانی ئێران.
ئەوەشی خستەڕوو، تاران بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەرمان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە. بۆیە لەناوبردنی موشەک هەڵگرەکانی ئێران یارمەتی ئیسرائیل دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجە جەنگییەکانی.
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە، ئەوان هەمیشە ئاشتییان دەوێت، ئەگەر هێرشەکانیش بەبێ مەرج رانەگیرێن، ئەوا وەڵامەکانیان توندتر دەبێت.
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە، "هەمیشە ئاشتیمان ویستووە، بەڵام تاکە رێگای راگرتنی شەڕ لە ئێستادا راگرتنی بێمەرجی هێرشەکانی ئیسرائیل و کۆتایی پێهێنانیەتی بۆ هەتاهەتایە".
دەشڵێت: بەپێچەوانەوە وەڵامەکانمان توندتر و جێگای پەشیمانی زیاتری ئیسرائیل دەبێت.
ما همواره در پی صلح و آرامش بودهایم، اما در شرایط فعلی تنها راه پایان جنگ تحمیلی، «توقف بیقید و شرط» تجاوز دشمن و تضمین قطعی برای پایان ماجراجوییهای تروریستهای صهیونیستی برای همیشه است.
— Masoud Pezeshkian (@drpezeshkian) June 20, 2025
در غیر این صورت پاسخهای ما به دشمن سختتر و پشیمانکنندهتر است.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، دوای ئەوەی بەو جۆرە رووبەڕووی ئیسرائیل بوونەوە، پێیان وایە وڵاتەکانی دیکە خۆیان لە شەڕەکە بەدوور دەگرن.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، دوای ئەو رووبەڕووبوونەوەی بەرانبەر ئیسرائیل ئەنجامیان دا پێیان وایە وڵاتانی دیکە خۆیان لە شەڕەکە بەدوور دەگرن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "تاوەکو هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بێت، ئامادە نین دانوستان لەگەڵ هیچ لایەنێکدا بکەین".
ئەمڕۆ هەینی، شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێی نایە هەشتەم رۆژ و ئەگەرچی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە یەکەم رۆژەوە لە ئارادایە، بەڵام تاوەکو ئێستاش هەردوولا بە چڕی هێرشەکانیان بۆسەر یەکتر بەردەوامە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، زیان بە باڵەخانەی سەرەکی بنکەی ئاوی قورسی ئەتۆمی ئێران لە خونداب گەیشتووە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە رەسمی زیانگەیشتن بە بنکەی ئاراکی رایگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆسەر ئێران، بۆردومانی بنکەی ئاوی قورسی ئاراک کراوە، کە یەکێکە لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئاوی قورسی ئێران لە خونداب سەر بە پارێزگای مەرکەزی.
دوێنێ ئێران رایگەیاند، بۆردومانی بنکەی ئاراک کراوە و زیان بە بنکەکە گەیشتووە، ئەمڕۆش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پشتڕاستی کردەوە، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی زیانەکانەوە نەخستووەتە روو.
ماوەی دوو رۆژە روسیا هۆشداریی بەردەوام دەداتە ئیسرائیل و ئەمریکا کە خۆیان لە بۆردومان کردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەدوور بگرن بۆئەوەی هیچ کارەساتێک بەدوای خۆیدا نەهێنێت.
دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی روسیا باسی لەوەکرد، "بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکان، تەنها چەند میلیمەترێک لە کارەساتەوە دوورین".
توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگری وڵاتەكەوە كەمیكردووە، بەجۆرێك لە 24 سەعاتی رابردوودا توانیویەتی بەرپەرچی تەنها ٪65ی هێرشەكان بداتەوە.
لێپرسراوێكی باڵای پێشووی هەواڵگری ئیسرائیل كە هێشتا زانیاری رۆژانە لە حكومەتی وڵاتەكەوە پێدەگات بۆ تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی ئەمریكی ئاشكراكردووە، گومبەزی ئاسنینی ئیسرائیل كە مەبەست لێی سیستمی بەرگری وڵاتەكەیە، لە 24 سەعاتی رابردوودا تەنها توانیویەتی ٪65ی ئەو موشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە تێكبشكێنێت كە لە ئێرانەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل دەكرێن، ئەوەش واتای ئەوە دەگەیەنێت سیستمەكە بەشێوەیەكی بەرچاو لاواز بووە، چونكە رۆژی پێشووتر توانای بەرپەرچدانەوەی ٪90 بووە.
لێپرسراوەكە رونیشیكردووەتەوە، ئێران هێشتا موشەكی پیشكەوتووی هەن و سوودیشیان لێ دەبینێت، دەشڵێت، هۆكاری كەمبوونەوەی توانای وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ بەكارهێنانی موشەكی خێراتر لەلایەن ئێرانەوە، كە ئەوەش كاتی كەمتر دەهیڵێتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە.
بۆ حەوتەمین رۆژ لەسەریەک جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئامادەی جەنگێکی درێژخایەنن.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سەکۆی موشەکی دوور مەودای ئێران دەکەینە ئامانج و تائێستاش زیاتر لە 480 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی خراونەتەخوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ئامادەین بۆ شەڕێکی درێژخایەن، هەروەها سیستەمەکانمان لەسەر وشکانی و دەریا و ئاسمان بەبێ وەستان کاردەکەن.
لە 13ـی حوزەیرانەوە ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و هێرشی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئێران دەستپێکردووە و شوێنە سەربازییەکان و شوێنی هەڵدانی مووشەک و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کردووەتە ئامانج.
هەروەها دەیان فەرماندەی باڵای سەربازی ئێرانی لەهێرشەکاندا کوژران، هاوکات 10 زانای ئەتۆمی کوژراون.
دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر کێڵگەیەکی وزەی ئەتۆمی ئێرانە، بیرۆکەی دروستکردنی دامەزراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ شا محەمەد رەزا پەهلەوی، کیڵگەکە دەکەوێتە باشووری تاران و 11 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری بوشەهرەوە دوورە و دەکەوێتە کەناراوەکانی کەنداوی خلیج، کە ئێران بە کەنداوی فارس ناوی دەبات.
ئێران لە ساڵی 1975دا بە هاوکاریی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەستی بە بونیادنانی کێڵگەکە کرد، بەڵام لە ساڵی 1979 و لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە کارکردن لە کێڵگەکە راگیرا.
لە شەڕی 10 ساڵەی نێوان ئێران و عیراقدا کێڵگەکە چەندین جار بەر بۆردومان کەوتووە، کە دواتر لە ساڵی 1995دا ئێران لەگەڵ روسیا گرێبەستێکی 4 بۆ 6 ملیار دۆلاری ئەنجامدا بەمەبەستی تەواوکردنی دامەزراوەکە. لە ساڵی 2007 جارێکی دیکە بەهۆی مەترسییەوە کارکردن لە کێڵگەکەدا راگیرا و لە هەمان ساڵدا دەست بە کارکرایەوە تێیدا، لە کۆتاییدا لە ساڵی 2011 کردنەوەی دامەزراوەکە راگەیەنرا.
دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر بە پێچەوانەی بنکەکانی فۆردۆ و ئەسفەهان لەژێر زەویدا بونیاد نەنراوە، بەڵکو لە بۆ کەڵک وەرگرتن وەک باڵەخانە نزیکەی 19 مەتری لەژێر زەوییەوەیە.
دامەزراوەی بوشەهر پێچەوانەی بنکەکانی فۆردۆ و ئەسفەهانە و یۆرانیۆمی تێدا ناپیتێنرێت، بەڵکو بە سودوەرگرتن لە وزەی ئەتۆم کارەبا و وزەی تێدا بەرهەمدەهێنرێت.
پێکانی دامەزراوەکە بەمەبەستی لەناوبردنی ئەگەرێکی دوورە، چونکە تەقاندنەوەی دامەزراوەکە وەک تەقینەوەی چەکێکی ئەتۆمیی وایە کە وێرانکارییەکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەگەر شتێکی لەو جۆرە رووبدات و دامەزراوەکە بتەقێنرێتەوە، ئەوا بەهۆی ئەو تیشکانەی لێی دەردەچێت، بەنزیکەیی 50 کیلۆمەتری دەوری خۆی پیس دەکات و چیتر بە کەڵکی ژیان نامێنێت، ئەوە جگە لەوەی دووهێندەی ئەو رووبەرە بە پاشماوەکانی پیس دەبێت و لەرێگای ئاو و هەواشەوە کاریگەرییەکەی دەگاتە زۆرینەی وڵاتانی جیهان. هەر بۆیە بەئامانجگرتن و پێکانی ئەو دامەزراوەیە ئەگەرێکی لاوازە.
روسیا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل کە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر دامەزراوەی ئەتۆمی بوشەهر رابگرێت، دەشڵێت: چەندین زانای روسی لەوێ کار دەکەن.
ئەمڕۆ حەوت رۆژ بەسەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا تێدەپەڕێت و ماوەی سێ رۆژیشە روسیا هۆشداری دەداتە ئەمریکا لەوەی بەشداری شەڕەکە نەکات.
سەرەڕای هۆشدارییەکانی روسیا بۆ ئەمریکا، ئەمڕۆ رووی دەمی کردووەتە ئیسرائیل و هۆشداری دەداتێ لەوەی بۆردومانەکانی سەر دامەزراوەی ئەتۆمی بوشەهر رابگرێت، کە ئەو کێڵگەیەیە تیایدا پیتاندنی یۆرانیۆمی لێ ئەنجام نادرێت بەڵکو وێستگەیەکی ئەتۆمییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئەگەرچی پێشتر باڵیۆزخانەی روسیا لە ئێران باسی لەوەکرد، کە کارەکانی دامەزراوەی بوشەهر بەشێوەی ئاسایی بەردەوامە و هیچ مەترسییەک لەسەر دامەزراوەکە نییە، بەڵام فەرماندەیەکی سەربازی ئیسرائیلی ئەوەی ئاشکرا کرد کە بۆردومانی دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر و ئەسفەهان و ناتانزیان کردووە.
دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر دەکەوێتە کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبییەوە و سود لەو سوتەمەنیانەی روسیا وەردەگرێت کە روسیا دوای ئەوەی ئێران بەکاریهێنا بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم، لێی وەردەگرێتەوە، هەر بۆیەش چەندین زانای روسی تێیدا کار دەکەن.
چی دەبێت ئەگەر هێرشەکان دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر بپێکێت؟
دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر
دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر کێڵگەیەکی وزەی ئەتۆمی ئێرانە، بیرۆکەی دروستکردنی دامەزراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ شا محەمەد رەزا پەهلەوی، کیڵگەکە دەکەوێتە باشووری تاران و 11 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری بوشەهرەوە دوورە و دەکەوێتە کەناراوەکانی کەنداوی خلیج، کە ئێران بە کەنداوی فارس ناوی دەبات.
ئێران لە ساڵی 1975دا بە هاوکاریی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەستی بە بونیادنانی کێڵگەکە کرد، بەڵام لە ساڵی 1979 و لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە کارکردن لە کێڵگەکە راگیرا.
لە شەڕی 10 ساڵەی نێوان ئێران و عیراقدا کێڵگەکە چەندین جار بەر بۆردومان کەوتووە، کە دواتر لە ساڵی 1995دا ئێران لەگەڵ روسیا گرێبەستێکی 4 بۆ 6 ملیار دۆلاری ئەنجامدا بەمەبەستی تەواوکردنی دامەزراوەکە. لە ساڵی 2007 جارێکی دیکە بەهۆی مەترسییەوە کارکردن لە کێڵگەکەدا راگیرا و لە هەمان ساڵدا دەست بە کارکرایەوە تێیدا، لە کۆتاییدا لە ساڵی 2011 کردنەوەی دامەزراوەکە راگەیەنرا.
دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر بە پێچەوانەی بنکەکانی فۆردۆ و ئەسفەهان لەژێر زەویدا بونیاد نەنراوە، بەڵکو لە بۆ کەڵک وەرگرتن وەک باڵەخانە نزیکەی 19 مەتری لەژێر زەوییەوەیە.
دامەزراوەی بوشەهر پێچەوانەی بنکەکانی فۆردۆ و ئەسفەهانە و یۆرانیۆمی تێدا ناپیتێنرێت، بەڵکو بە سودوەرگرتن لە وزەی ئەتۆم کارەبا و وزەی تێدا بەرهەمدەهێنرێت.
پێکانی دامەزراوەکە بەمەبەستی لەناوبردنی ئەگەرێکی دوورە، چونکە تەقاندنەوەی دامەزراوەکە وەک تەقینەوەی چەکێکی ئەتۆمیی وایە کە وێرانکارییەکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەگەر شتێکی لەو جۆرە رووبدات و دامەزراوەکە بتەقێنرێتەوە، ئەوا بەهۆی ئەو تیشکانەی لێی دەردەچێت، بەنزیکەیی 50 کیلۆمەتری دەوری خۆی پیس دەکات و چیتر بە کەڵکی ژیان نامێنێت، ئەوە جگە لەوەی دووهێندەی ئەو رووبەرە بە پاشماوەکانی پیس دەبێت و لەرێگای ئاو و هەواشەوە کاریگەرییەکەی دەگاتە زۆرینەی وڵاتانی جیهان. هەر بۆیە بەئامانجگرتن و پێکانی ئەو دامەزراوەیە ئەگەرێکی لاوازە.

سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە ناوەندی فەرماندەیی و زانیاریەکانی ئیسرائیلمان کردە ئامانج و هیچ شوێنێکیش لە ئیسرائیل ئارام نەماوە.
سوپای پاسداران لە نوێترین راگەیەندراویدا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، "لە شەپۆلی چواردەیەمی ئۆپەراسیۆنەکانماندا بە شێوەیەکەی تێکەڵاو بە درۆن و موشەک، ناوەندی فەرماندەیی و زانیاریەکانی ئیسرائیلمان، لە نزیک یەکێک لە نەخۆشخانەکان، بەئامانجگرت..
دەشڵێت؛ "ئێستا جیهان هێز و توانای سەربازی و موشەکەکانی ئێران دەبینێت".
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئامانجی ئیسرائیل لە هێرشكردنە سەر وڵاتەكەی تەنها بۆ كۆتاییهێنان بوو بە دانوستانە دیپلۆماسییەكان و فراوانکردنی ناوچەی شەڕ، بەڵام دەبێت باجی ئەوە بدات.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە، ئێستا دەبێت هەموو جیهان بزانێت كە ئێران تەنیا بەرگری لە خۆی دەكات و تەنها لە دژی ئیسڕائیلیش وەڵامی هەبووە نەك ئەوانەی كە هاوكارییان كردووە.
عێراقچی نوسیویەتی: ئێران هەمیشە پابەند بووە بە بەڵێنەكانی، ئەوان هەرگیز بەدوای چەكی ئەتۆمەوە نەبوون و ناشبن، وتیشی ئەوەی ئیسرائیل دەڵێت تەنها بیانوە بۆ ئەوەی هێرشبكاتە سەر وڵاتەكەیان و دانوستانە دیبپۆماسیەكان شكست پێبهێنێت.
جەختیشیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئەوان هێشتا پابەندن بە دیپلۆماسی و وەكو ڕابردوو لە هەڵوێستەكانیاندا جددین.
وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، ئیسرائیل تەنها ئامانجیەتی وڵاتانی دیكە بهێنێتە ناو ململانێكانەوە چونكە خۆی بە تەواوەتی لاواز بووە.
لەو چوارچێوەیەدا رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رۆژی چوارشەممە بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئێران بڵاوی کردەوە کە ئێران پێشنیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بەم زووانە قبوڵ دەکات.
رابەری باڵای ئێران لە وتارێکیدا رایگەیاند، ئیسرائیلییەکان هەڵەیان کرد، ئێران لە پێشێلکردنی ئاسمانی خۆی خۆشنابێت، رووی دەمیشی کردووەتە ئەمریکییەکان و دەڵێت: هەر دەستوەردانێکی سەربازی زیانێکی دەبێت کە قەرەبوو نەکرێتەوە.
عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران وتارێکی تایبەت بە دوایین رەوشی ناوچەکە و ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، ئێران چاوپۆشی لە هیچ هێرشێک بۆسەر خاکەکەی ناکات و هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان.
باسی لەوەشکرد، ئیسرائیلییەکان هەڵەیان کردووە و سزای هەڵەکەیان وەردەگرن، دەشڵێت: گەلی ئێران خوێنی شەهیدەکانی لەبیر ناکات.
خامنەیی بە ئەمریکییەکانیش دەڵێت، "پێویستە بزانن دەستوەردانی سەربازی زیانێکی دەبێت کە قەرەبوو نەکرێتەوە".
خامنەیی: ناتوانن ملکەچمان بکەن
لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاشدا رابەری باڵای ئێران وتوویەتی، ئەوەی مێژووی ئێران بزانێت دەزانێت ئێرانییەکان وەڵامی زمانی هەڕەشە نادەنەوە، ناتوانن ئێرانییەکان ملکەچ بکەن یان ناچار بە خۆ بەدەستەوەدانیان بکەن.
ئەمڕۆ شەشەم رۆژی شەڕی نێوان ئسرائیل و ئێرانە و تا ئێستا هەردوولا زیانی زۆریان بەرکەوتووە، زیانە مرۆییەکانی ئێران بەراورد بە ئیسرائیل زیاترە و ئێران دەیان فەرماندەی باڵای سەربازیی و زانای ئەتۆمی لەدەست داوە، جگە لەوەی زیانی زۆر بەر دامەزراوە حکومییەکانی کەوتووە.
هەرچی عەلی خامنەییشە، فشاری خۆبەدەستەوەدانی لەسەرە و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس باسی لەوەکرد، دەزانن لەکوێ خۆی شاردووەتەوە، بەڵام لەوێدا پارێزراوە و ئەوان نایانەوێت بهێننە دەرەوە، لەدوای ئەوەشەوە ترەمپ وشەی 'کوشتن'ـی خستووەتە ناو دوو کەوانەوە.
باڵیۆزی ئێران لە نەمسا رایگەیاندووە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشتییانەیە، دەشڵێت: ئێران سروشتی ئاشتیخوازانەیە، بەڵام وەڵامی هێرشەکانی سەر وڵاتەکەی دەداتەوە.
ئەسەدوڵا ئیشراغ جەهرومی باڵیۆزی ئێران لە نەمسا رایگەیاندووە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشتییانەیە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەرپەرشتی دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران سروشتێکی ئاشتیخوازانەی هەیە، بەڵام وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەداتەوە، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی رابگرێت ئێرانیش رایدەگرێت.
ئەو باڵیۆزە دەشڵێت، هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بکەن، لەکاتێکدا ئیسرائیل ئەندامی پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم 'ئێن پی تی' نییە، مەترسیی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان دروست دەکات.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێران هەوڵ بۆ پەرەدان بە چەکی ئەتۆم بدات و دەشڵێت: بۆ شەڕی ئێران و ئیسرائیل؛ وەک روسیا و ئۆکراین دەستەوەستان نابین.
رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێران هەوڵ بۆ پەرەدان بە چەکی ئەتۆم بدات و لە بۆردومانەکانی چەند رۆژی رابردووشدا زیان بە بنکەی فۆردۆ نەگەیشتووە.
گرۆسی داوای لە سەرجەم لایەنەکان گرتووە کە تاوەکو دەتوانن دان بە خۆیاندا بگرن بۆ دووربوون لە گرژیی زیاتر، کە دەکرێت چارەسەرە دیپلۆماسییەکان دوا بخات.
ئەوەشی خستووەتە روو، بە پشتبەستن بە رێکارەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، ئەنجومەنی پارێزگاکان هەفتەی رابردوو بڕیارنامەیەکی گرنگی لەبارەی ئەرکەکانی ئێران پەسەند کردووە.
جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی، پێویستە چارەسەرەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بێت، دەشڵێت: بەمەبەستی دڵنیابوون لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان و گرەنتی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمیی بەشێوەیەکی پارێزراو، ئامادەم بەخێرایی بچمە ئێران یان هەر شوێنێکی دیکە.
"دەستەوەستان نابین"
لە کۆتاییشدا وتوویەتی، ئاژانسەکە لەبەرانبەر ئەو جۆرە گرژییانەدا کە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی ئەتۆمیی، دەستەوەستان نامێنێتەوە؛ وەک ئەوەی پێشتر بۆ روسیا و ئۆکراین کردی.
سەرۆک وەزیرانی ئسرائیل دەلێت: دوای كۆتاییهاتنی شەڕ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەبینین.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 14ـی ئیسرائیل رایگەیاند، ترەمپ ئەوەی باش بێت بۆ ئەمریكا دەیكات و رێز لە بڕیارەكانی دەگرین، هەروەها بەهەر رێگەیەك بێت دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران وێران دەكەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەكانمان بۆ سەر ئێران كاریگەری لەسەر بڕیكارەكانی دەبێت لەناوچەكە.
جێگەی ئاماژەیە، ماوەی چەند رۆژێکە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، هەروەها هەردوولا بە لێدوانە دژ بەیەکەکانیان هەڕەشە لە یەکتری دەکەن.