بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رەتیکردەوە جێفری ئیپستاین، ملیاردێری کۆچکردووی ئەمریکی هیچ پەیوەندییەکی بە کارکردن بۆ دەوڵەتی ئیسرائیلەوە هەبووبێت و هێرشی توندیش دەکاتە سەر ئیهود باراک.

ناتانیاهۆ لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی (X) نوسیویەتی، ئەو پەیوەندییە نزیک و نائاساییەی لە نێوان جێفری ئیپستاین و ئیهود باراکدا هەبووە، نیشانەی ئەوە نییە کە ئیپستاین کاری بۆ ئیسرائیل کردبێت، بەڵکو: "ئەوە رێک پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر ئیهود باراک و رایگەیاند، باراک هێشتا لە شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەردا گیری خواردووە؛ هەروەها تۆمەتباری کرد بەوەی چەندین ساڵە بە شێوەیەکی وەسواسییانە هەوڵ دەدات بونیاتی دیموکراسیی ئیسرائیل تێکبدات، ئەمەش لەرێگەی کارکردن لەگەڵ "چەپە رادیکاڵە دژە زایۆنیزمەکان" بۆ رووخاندنی حکومەتی هەڵبژێردراوی ئیسرائیل.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، باراک بە شێوەیەکی رەسمی و لە پشت پەردەشەوە خەریکی ئەنجامدانی چەندین چالاکییە بۆ لاوازکردنی حکومەت، لەوانە هاندانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، دروستکردنی پشێوی و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و گێڕانەوەی نادروست لە میدیاکاندا.

ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە دۆسیەی جێفری ئیپستاین و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردە و کەسایەتییە جیهانییەکان، جارێکی دیکە بوەتە رۆژەڤی میدیاکان و مشتومڕی زۆری لە ناوخۆی ئیسرائیلیش لێکەوتووەتەوە.